لەپارێزگای وان بۆمبێکی چێنراو بەئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە دوو کرێکار گیانیانلەدەستدا

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لە شارۆچکەی شاخ سەر بە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە کە ژمارەیەک کرێکاری دەگواستەوە و بەو هۆیەوە دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا.
پارێزگای وان ئهمڕۆ سێشهممه، 9 حوزهیرانى 2020، له ڕاگهیاندراوێکدا ڕایگهیاند" تەقینەوەکە لە رێگەی بۆمبێکی چێنراوەوە بووە و دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و هەشتی دیکەش برینداربوون".
لە راگەیێنراوەکەدا پارتی کرێکارانی کوردستان بە جێبەجێکردنی تەقینەوەکە تۆمەتبار دەکرێت، پەکەکەیش هیچ راگەیێندراوێکی لەو بارەیەوە نییە.
دوای رووداوەکە ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی پۆلیس و ئەمبوڵانس رەوانەی شوێنی تەقینەوەکە کران و کرێکارە بریندارەکان بە هەلیکۆپتەر بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی ناوچەی وان گوازراونەتەوە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە. هەروەها ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی بەرفراوان لە ناوچەکە دەستیپێکردووە.
ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە توویتێکدا رایگەیاند، "ناهێڵین خوێنی کەسانی بێتاوان لەسەر زەوی بمێنێتەوە".
