سەرۆکی تیمی کۆرۆنا لەهەڵەبجە: تەندروستیی دوان له توشبوهکان ناجێگیرە

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی تیمی کۆرۆنا لە هەڵەبجە رایگەیاند تەندروستیی دوو لە تووشبووەکان ناجێگیرە و دهڵێت" ئهگهر ڤایرۆسەکە لەم دۆخەی ئێستای نەوەستێنن "کارەساتی گەورە روودەدات".
لیژنەی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لە هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 16 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای هەڵەبجەن و تەندروستیی دوو لە تووشبووەکان ناجێگیرە. هۆشداریش دەدات ئەگەر ڤایرۆسەکە لەم دۆخەی ئێستای نەوەستێنن "کارەساتی گەورە روودەدات".
جیهاد ئیبراهیم، سەرۆکی تیمی کۆرۆنا لە هەڵەبجە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، "ئەگەر کۆرۆنا نەوەستێنین، کارەساتی گەورەی تەندروستی لە هەڵەبجە روودەدات".
جیهاد ئیبراهیم لە پەیامێکیدا بۆ هاونیشتمانیانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، "ناکرێت چاو لە راستییەک دابخەین و رازیبین بەوەی بگوترێت کۆرۆنا نییە، کۆرۆنا جیددییە و نەیوەستێنین کارەساتێکی گەورە روودەدات".
لە هەڵەبجە یەک نەخۆشخانە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخانکراوە، سەرۆکی تیمی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەڵێت، ئێستا توانای وەرگرتنی کەمتر لە 50 تووشبوویان هەیە. ئەگەر نەخۆشخانەی دووەمیش بکرێتەوە، بە هەموو ئەو توانا مرۆییەی لەبەردەستیانە ناتوانن لە 100 نەخۆش زیاتر وەربگرن.
بە وتەی جیهاد ئیبراهیم، تەندروستیی هەڵەبجە توانای سنووردارە، بۆیە داوا لە هاونیشتمانیانی ئەو پارێزگایە دەکات خۆیان بپارێزن و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.
تیمی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە دەم تەندروستیی هەڵەبجەوە بچێت و پێداویستییە پزیشکییەکانیان بۆ دابین بکات، دەڵێت "ئێمە توانای خۆمان دەزانین، دۆخەکە یەک تۆزی دیکە لەمە ناڕەحەتتربێت، توانای وەستاندنیمان نییە".
