گیان له‌ده‌ستدان به کۆرۆنا 53 که‌سى تێپه‌راند
هاتوچۆ به‌پێى رێنماییه ته‌ندروستییه‌کان جێبه‌جێ ده‌کرێت

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى عێراق ئامارى 24 کاژێرى رابردووى کۆرۆناى بڵاوکرده‌وه و که هه‌زار و 180 که‌س تووشى ڤایرۆسه‌که بوون و 53 تووشبوویش گیانیان له‌ده‌ستداوه.
حازم جومه‌یلى بریکارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق رایگه‌یاند: "له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه راسپارده‌کان سه‌باره‌ت به قه‌ده‌غه‌کردنی هاتووچۆ ئاماده‌کران و له کۆبوونه‌وه‌ی پێشوودا خرانه‌به‌رده‌ست لیژنه‌ى باڵاى ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى نیشتمانی".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" لیژنه‌ى باڵاى ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى نیشتمانی راسپارده‌کانیان په‌سه‌ند کرد و له سبه‌ینێ یه‌کشه‌ممه‌وه نیمچه قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ جێبه‌جێ ده‌کرێت".
بریکارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق روونیشیکرده‌وه که له راسپارده‌کاندا جه‌خت له په‌یڕه‌وکردنی رێکاره‌کانی رێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کراوه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت ده‌مامککردن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو که "به‌پێی رێنماییه‌کان کۆبوونه‌وه‌ی عه‌شایه‌ری و ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تی قه‌ده‌غه ده‌کرێت و ژماره‌ى سه‌رنشینانى ئۆتۆمبیل به‌پێى جۆره‌که‌ى دیاری ده‌کرێت و ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى له شوێنه جیاجیاکان کارده‌که‌ن به‌پێی رووبه‌ره‌کانیان دیاری ده‌کرێت و ئه‌و که‌سانه‌شی له‌و شوێنانه‌دان پێویسته ده‌مامک و ماده‌ی پاکژکه‌ره‌وه به‌کاربهێنن".
حازم جومه‌یلى راشیگه‌یاند که سزاى پێبژاردنى قورس و سزاى توندى ئه‌و که‌سانه ده‌درێت که رێکاره ته‌ندروستییه‌کان پێشێل ده‌که‌ن به‌پێی ماده‌ی 368ی یاسای سزادای عێراقی .
هه‌روه‌ها له راگه‌یێندراوه‌که‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى عێراقدا ئاماژه به‌وه دراوه، 10 هه‌زار و 325 پشکنین بۆ ده‌ستنیشانکردنى تووشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆنا کراون و له‌و ژماره‌یه هه‌زار و 180 تووشبوو تۆمارکراوه:
به‌غدا: 495 تووشبوو
نه‌جه‌ف: 49 تووشبوو
سلێمانی: 82 تووشبوو (پێشتر وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاندووه)
هه‌ولێر: 20 تووشبوو (پێشتر وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاندووه)
دهۆک: 14 تووشبوو
که‌ربه‌لا: 43 تووشبوو
که‌رکووک: 47 تووشبوو
دیاله: 39 تووشبوو
واست: 138 تووشبوو
میسان: 102 تووشبوو
به‌سره: 38 تووشبوو
دیوانیه: 24 تووشبوو
زیقار: 68 تووشبوو
سه‌لاحه‌دین: 16 تووشبوو
نه‌ینه‌وا: سێ تووشبوو
له راگه‌یێندراوه‌که‌دا ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو که 647 که‌س چاکبوونه‌ته‌وه که به گوێره‌ى پارێزگاکان به‌م جۆره‌ن:
به‌غدا: 391 که‌س
نه‌جه‌ف: 12 که‌س
هه‌ولێر: 30 که‌س (پێشتر وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاندووه)
دهۆک: شه‌ش که‌س (پێشتر وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاندووه)
که‌رکووک: 35 که‌س
که‌ربه‌لا: 49 که‌س
به‌سره: 15 که‌س
میسان: 15 که‌س
زیقار: 54 که‌س
موسه‌نا: 30 که‌س
ئه‌نبار: پێنج که‌س
نه‌ینه‌وا: پێنج که‌س
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى عێراق له راگه‌یێندراوه‌که‌یدا ده‌ڵێت، 53 تووشبووى ڤایرۆسى کۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه که ئه‌وه‌یش زۆرترین ژماره‌یه له رۆژێکدا و له‌م پارێزگایانه‌ن:
به‌غدا: 29 که‌س
سلێمانی: سێ که‌س (پێشتر وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاندووه)
که‌ربه‌لا: که‌سێک
دیاله: چوار که‌س
به‌سره: دوو که‌س
واست: سێ که‌س
میسان سێ که‌س
بابل: سێ که‌س
زیقار: دوو که‌س
ئه‌نبار: دوو که‌س
موسه‌نا: که‌سێک
تاوه‌کو ئێستا له عێراق 18 هه‌زار و 950 که‌س تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون، له‌و ژماره‌یه حه‌وت هه‌زار و 515 که‌س چاکبوونه‌ته‌وه و 549 تووشبوویش به‌و هۆیه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق رایگه‌یاند، له رۆژى یه‌کشه‌مه‌وه جێبه‌جێکردنى بڕیارى نیمچه قه‌ده‌خه‌ى هاتووچۆ ده‌ستپێده‌کات و هه‌رکه‌سێکیش سه‌رپێچیى رێکاره‌کان بکات سزا ده‌درێت.
