لهخانهقین داعش حهوت کهس دهکوژێت چواریان ئهندامى خێزانێکن

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە نێوان گوندی دارا و مێخاس-ی سەر بە خانەقین حەوت کەس دەکوژن که چواریان کهسوکارى یهکترن باوکێک و دوو کوڕ و خاڵێکن و پێنج کەسی دیکەش بریندار دەکەن.
هێرشەکە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدراوە و خێزانێکی کوردی کاکەیی کراوەتە ئامانج، دوای رووداوەکە بریندارەکان چارەسەریان بۆ کراوە و سێ کەسیان بە هۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی بەعقوبە کراون بۆ چارەسەر.
گوندی دارا دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی خانەقینەوە. لەتەنیشت گوندی مێخاسدایە و دانیشتووانەکەی کوردی کاکەین. لە ساڵی 2014وە ئەمە شەشەمین هێرشە دەکرێتە سەریان. تاوەکو ئێستا 15 کەسیان لێکوژراوە و زیاتر لە هەشت کەسیان برینداربوون.
ماوەیەکە جموجۆڵی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە زیادیکردووە چەندین جار لە گوندەكانی سنووری خانەقین ھێرشی چەكداری كراوەتە سەر كوردانی كاكەیی.
