بولبولی دیاربەکر سەید خانێ بۆیاخچی کۆچی دوایی کرد

3 مانگ لەمەوپێش



تایبەت بەهاوڵاتى- ئامەد

ناڵاندم و فەرمووی کە ئەم ئاوازە حەزینە

یان مەحوی-یە یان بولبولەکەی فەسڵی خەزانە

 

سەیدۆ شیمشەک کە پاشان دەبێت بە سەیدخانێ بۆیاخچی و دواتریش وەکو بولبولی ئامەد ناسرا، ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەنجامی هەوکردنەوە تووشی ئیفلیجبوون دەبێت و بەرەبەیانی رۆژی ٥\٧\٢٠٢٠ لەماڵەکەی خۆی لەشاری ئامەدی باکوری کوردستان کۆچی دوایی دەکات. کۆچێک وەکو هەر کۆچێکی تر نا، بەڵکو کۆچێک ئاوازو رستە دڵگیرەکانی زمانی کورد، زمانێک کەئەو لەڕووبەرە جوانەکەی ئاهەنگ و ئاوازدا، رەنگڕێژیش بە تانوپۆی ئەڤینەوە، بەدرێژایی تەمەن لەپاراستن و هەوڵی پاراستن و گەشەسەندنیدا بوو.

تەمەنێکی درێژ لەدەنگبێژی هۆکاربوو تاکو لەلایەن ئەڤیندارانی دەنگییەوە ناسناوی «بولبولی دیاربەکر»ی پێببەخشن.

دەنگبێژە بەنێوبانگەکە یان بولبولی دیاربەکر کێ بوو؟

ساڵی ١٩٣٣ لەگوندی لەخەری لەدایکبووە. گوندی لەخەری سەر بەشاری ئامەدە. لە دوو ساڵیدا دایکی و لەچوار ساڵیدا باوکی لەدەست دەدات. ئەم منداڵە بێکەس و بێنەوایە، لەلای پورو مامی گەورە دەبێت. بێکەسی و هەژاری هۆکارن کە بۆ تاکە رۆژێکیش نەچێتە قوتابخانە. لەتەمەنێکی زۆر زوودا دەبێت بەشوان. وەکو خۆی لەدیدارێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت:

«دەنگبێژیی لەسەرەتاوە هاتۆتە ژیانییەوە. لەتەمەنی حەفت ساڵییەوە دەستی بەدەنگبێژی کردووە». لەو تەمەنەوە دەنگبێژی، کەلام، هەڵبەست و وشەی کوردی لەگەڵ هەناسەدا ئاوێتەی پێداویستی ژیانی ئەو بولبولە خەمگینە بوونەو تاکو مردن دەستبەرداری نەبووە.

لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا دەچێتە ئامەدو لەبندیواری ئامەددا «لەگەڕەکی سوری دیرۆکی و بەنێوبانگی ئامەد» دەستدەکات بە بۆیاخچێتی پێڵاو. لەو ڕۆژەوە وەکو سەیدخانی بۆیاخچی دەناسرێت. ٢٥ ساڵ ئەو کارە دەکات و پاشان بۆ ماوەیەک وەکو خزمەتگوزار لەشارەوانی ئامەد دادەمەزرێت. ئەو بولبولی فەسڵی خەزانە، کە هەموو ژیانی فەسڵی خەم و خەزان بووە، دەیگوت: «کەس نییە پێڵاوم بۆ بۆیاخ کردبێت و بەدەم بۆیەکردنەوە بەیتێک یان چەند بەیتێکم بۆ نەگوتبێت».

ژیانێک سەرتاپای پڕ بوو لەکارەسات، بەڵام کۆڵنەدەرانە ژیا..

نەک هەر منداڵی، بەڵکو هەموو ژیانی بۆیاخچی پڕ بوو لەکارەسات. هەندێ کەس هەن تۆ دەڵێی بۆ بێچارەیی و نەگبەتی دێنە دنیاوە، بۆیاخچی کەسێک بوو لەوانەو ژیانی پڕبوو لەبرک و ژان، بەهارێکی لەو تەمەنە درێژەیدا نەبینی و هەمیشە لەخەزان و لەنێو هەڵوەریندا بوو. بەڵام مرۆڤێک بوو سەرباری بەشمەینەتیی گەورە و سەخت، کۆڵنەدەرو «بولبول ئاسا» ژیا. رەنگبێ دەنگبێژی و بولبولبوونەکەیشی جۆرێک لەشیوەن و هەڵڕشتنی ئەو خەم و ئازارانە بووبێتن کە لەهەناویدا کەڵەکە بووبوون. 

بۆیاخچی جارێکیان لەدیدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی میوزۆپۆتامیادا گوتبووی:

لەتەمەنێکی زۆر زوودا دەستم بەکارکردن کرد، بۆ دابینکردنی بژێوی. لەم شاری ئامەدە شیرینیی دارچینیم فرۆشت، بەساڵان بارهەڵگر و کۆڵبەر بووم، کرێکاریم کرد، کاری پاککردنەوەم دەکرد، بەڵام بەردەوام ئامەدم خۆشدەویست و خۆشمدەوێت. زۆر زۆرم کارکرد و توانیم هەندێ دراو خڕکەمەوە. توانیم ژیانی هاوسەری پێکبهێنم. بەڵام جەخار منداڵمان بۆ نەدەما. یەک لەدوای یەک ٧ منداڵمان لەدەستدا. هەر منداڵێکمان دەبوو، نەخۆش دەکەوت و دەمرد. هەر کەسێکی تر بووبا، بەرگەی ئەو هەموو منداڵ مردنەی نەدەگرد، ئەو دەنگبێژە خەمگینە وەهای دەگوت.

دەنگبێژی ئەڤینێکی گەورەیە

بۆیاخچی دەیگوت، من ناتوانم هیچ شتێک لەو بەیت و داستانگەلەی دەیانڵێم بیاننووسمەوە، بەڵام ئەوانە لەدڵ و لەیاداوەری مندا هەڵکۆڵدراون و بۆ هەمیشە لەلام دەمێننەوە. دەنگبێژی وەکو هیچ شتێکی تر نییە، ئەڤینێکی مەزنەو هەمیشە لەگەڵ مرۆڤدایە. ئەگەر دەنگبێژی نەبا پاش ئەو هەموو کارەسات و دوای ئەو ژیانە پڕ برک و ژانەم هەڵبەتە نەمدەتوانی بژیم و دەمردم. دەنگبێژی و گوتن منیان بەپێوە هێشتەوە. پاش تەمەنێکی ٨٧ ساڵە، ئەو دەنگبێژە دەمرێت و بڕیارە لەگۆڕستانی گوندی نوێ «یەنی کوێی» لەشاری ئامەد بەخاکی بسپێرن.

دەنگبێژان و پاراستنی زمانی کوردی

پاش قەدەغەکردن و هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردی لەدامەزراندنی کۆماری تورکیا بەدواوە، یەکێک لەهۆکارە هەرە گرنگ و کاریگەرەکان لەبواری پاراستن و هێشتنەوەی زمانی کوردیدا ئەم جۆرە دەنگبێژانە بوون لەباکوری کوردستان. بەیت، بالۆرە، داستان و چیرۆکی ئەڤینداری و دیرۆکی ئەمان بوون ئەم گوند بۆ ئەو گوند، ئەم شار بۆ ئەو شارو ئەم ناوچە بۆ ئەو ناوچە لەهاتوچۆی بەردەوامدا بوون و خەڵک لە بۆتەی ئەم حەزو داستانە لێوانلێوانەی ئەڤینەوە،  لەهۆکاری ئەم بەسەرهاتانەی دابڕان و کۆڵنەدانەوە، خۆشەویستیی زمانی کوردیان لەدەست نەدەداو بەڵکو ئەم دەنگبێژانە هەر جارێک بڕێکیش لەخۆشەویستی و حەزکردنی زۆرتریان دەخستە سەر خەرمانی زمانی کوردی. رۆڵی ئەم دەنگبێژانە بەجۆرێک گرنگە، لەو بوارەدا سازکردنی فیلم و ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەی زانستی و گرنگ پێویستی و ئەرکە.

بنوو بولبولە دەنگ سازەکەی ئامەد

بنوو بولبولە دەنگ سازەکە ئامەد.. دە لۆ لۆ دە لۆ لۆ.. بنوو.. کول و کەدەر نەیانهێست چێژێک لەژیان ببینیت، بەڵام سەرباری ئەو ژیانە پڕ ئازارەیشت تۆ ماڵی ئاوازو زمانی کوردیت پڕتر کرد لەچێژ و لەخۆشەویستی.. بنوو یادت بەخێرو هەزاران تیشک و تیرێژ ئاوێتەی گڵی نێو گۆڕت بن.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار