به‌هه‌رێم کردنى پارێزگا له‌عێراقدا سلێمانى به‌ نموونه‌

4 ساڵ لەمەوپێش




 کاروان محمود حاجی   
عێراق  وڵاتێکی فره‌ نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌ب و ئاینه‌, رێکخستنی ئه‌م هه‌موو پێکهاته‌یه‌ پێویسـتی به‌ ده‌ستورێکی دیموکراسـی هه‌بوه‌ , له‌پاش رووخانی رژێمی به‌عس له‌ (2003) له‌ لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ وه‌ دانانی بریمه‌ر وه‌ک حاکمی عێراق وه‌ دروست کردنی (مه‌جلیسی حوکم ) که‌ هه‌موو پێکهاته‌کانی عێراقی تێدا بوو بریمه‌ر جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌ستورێکی دیموکراسی بۆ عێراق بنوسرێته‌وه‌ وه‌ هه‌موو لایه‌ک به‌شداری له‌نوسینه‌وه‌ی  ده‌ستوردا بکه‌ن ,ئه‌وه‌ بوو له‌ سـاڵی (2005) ده‌سـتوری عێراق نوسـرایه‌وه‌ وه‌ خرایه‌ راپرسیه‌وه‌ و ده‌نگی زۆرینه‌ی گه‌لی عێراقی به‌ده‌ست هێنا، له‌کاتی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوردا پۆل بریمه‌ر رای وابوو که‌ باشترین چاره‌سـه‌ر بۆ کێشـه‌ و ئاڵۆزیه‌کانی عێراق دروسـت کردنی فیدراڵیه‌تی پارێزگاکانه‌ ئه‌م بۆچونه‌ی بریمه‌ر هه‌ندێک پشتگیریان کردو هه‌ندێکیش دژی بوون ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌ سـه‌رکرده‌ کورده‌کانیش دژی وه‌سـتان به‌ڵام له‌ناو ده‌ستوری عێراقدا ئه‌م مافه‌ به‌ ماده‌یه‌کی تایبه‌ت چه‌سـپێنرا هه‌رچه‌نده‌ پاش تێپه‌ر بوونی کات زۆرێک له‌ سـیاسه‌ت مه‌دارو ئه‌وانه‌ی له‌ دۆخی عێراق تێگه‌یشتون هاتونه‌ته‌ سه‌ر رایه‌که‌ی بریمه‌ر وه‌ پێیان وایه‌ که‌ باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئێستای عێراق فیدراڵی پارێزگاکانه‌.

 هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وکات فیدراڵی پارێزگاکان نه‌چه‌سپا، به‌ڵام توانرا به‌ ماده‌یه‌ک له‌ ده‌ستوردا مافی داوا کردنی بچه‌سپێنرێت , پاشان له‌ ساڵی (2008) یاسای ژماره‌ (13) ده‌رکرا که‌تیایدا هه‌موو رێکاره‌کانی جێبه‌جێ کردنی تایبه‌ت به‌ دروسـت کردنی هه‌رێمی تیادا باس کراوه‌ , گرنگی ئه‌م ماده‌ ده‌ستوریه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ کاتێکدا پارێزگایه‌ک ویستی به‌ته‌نیا یان له‌گه‌ڵ چه‌ند پارێزگایه‌ک هه‌رێمێک دروست بکه‌ن هیچ گرفتێکی یاساییان بۆ دروست نه‌کرێت , لێره‌دا ئه‌مه‌وێت پارێزگای سلێمانی به‌ نموونه‌ بهێنمه‌وه‌ سلێمانی مقه‌وماتی بوون به‌ هه‌رێم و هه‌تا بوون به‌ ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆشی تێدایه‌ شارێکی شۆرش گێرو رۆشنبیر و تێکۆشه‌ر لانکه‌ی دروست بوونی هه‌موو شۆرشـه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کان بووه‌ خاوه‌نی هه‌زاران شه‌هید و بریندارو که‌م ئه‌ندامی سه‌نگه‌ره‌ خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی فکری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی گه‌وره‌یه.

له‌پاش راپه‌رینه‌وه‌ دوای ماوه‌یه‌کی کورت وه‌کو قوربانیه‌کی ده‌سه‌ڵاتی لێهات و زۆر به‌ ئاشکرا غه‌دری لێده‌کرێت هه‌رچه‌نده‌ بێده‌نگ نه‌بووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و زوڵمه‌ی لێیکراوه‌ وه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ویستویه‌تی ئاسایشی هه‌رێمه‌که‌ی و قه‌واره‌که‌ی بپارێزێت هه‌موو رێگه‌کانی فشاری مه‌ده‌نی به‌کار هێناوه‌ هه‌ر له‌ به‌یان نامه‌ی ناره‌زایی و خۆپیشاندان و بایکۆت کردنی ده‌وام و دروست کردنی گروپی فشار , به‌ڵام نه‌ک هه‌ر سودی نه‌بوو به‌ڵکو زیاتر غه‌دری لێکرا له‌رووی سیاسی و ئابوریه‌وه‌  ئه‌میش له‌وه‌وه‌ دروست بوو که‌ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ولێر هه‌موو جومگه‌کانی کارگێری بردۆته‌ هه‌ولێر که‌ بۆ بچوکترین ئیش ئاسته‌می گه‌وره‌ بۆ ئه‌م شاره‌ دروست ده‌کرێت که‌ئه‌مه‌ش وای کرد که‌ سلێمانی ببێته‌ شارێکی په‌راویز خراو وه‌ شارێکی دوا که‌وتو له‌روی خزمه‌ت گوزاری و پرۆژه‌وه‌ بۆیه‌ سلێمانی بیری له‌ خۆ رزگار کردن کرده‌وه‌ به‌ رێگایه‌ک که‌پێشتر تاقی نه‌کرابێته‌وه‌ که‌ ئه‌ویش رێگای ده‌ستوری و یاساییه‌که‌یه‌ بۆیه‌ باشترین بیرۆکه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ی شکۆ بۆ سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و راپه‌رین و گه‌رمیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ دروست بکه‌ن که‌ ده‌کرێت له‌ ئاینده‌ ببێته‌ چوار پارێزگا که‌ هه‌رێمێک کۆیان بکاته‌وه‌.

هه‌رێمی سلێمانی پاش دروست بوونی ده‌توانێت ده‌ستورێکی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بێت که‌ ئه‌گه‌ر بتوانرێت ئه‌م ده‌ستوره‌ بنوسرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆ یه‌که‌م جار ده‌بێت له‌ مێژودا که‌ کورد ببێته‌ خاوه‌ن ده‌ستورێکی نوسراو ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌توانێت میزانیه‌ی خۆی له‌ عێراق وه‌رگرێ و ئاڵای تایبه‌ت به‌خۆیی و سوپاو ئابوریه‌کی سه‌ربه‌خۆی باشی هه‌بێت بۆ به‌رێوه‌ بردنی هه‌رێمه‌که‌ی , ئه‌گه‌ر هه‌رێمی سلێمانی بتوانێت نمونه‌یه‌کی جوانی ده‌سه‌ڵاتداری له‌ بواری سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی په‌ڕه‌و بکات ئه‌وا پارێزکاکانی تریش وه‌کو هه‌ولێرو دهۆک و کرکوک ده‌توانن چاو له‌ سلێمانی بکه‌ن وه‌ داوای هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ بکه‌ن  بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی لێره‌دا باسی ئه‌و ترسه‌ بکه‌م که‌ ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت بیخاته‌ دڵی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ وه‌تۆمه‌تی خیانه‌ت بخاته‌ پاڵ ئه‌م جۆره‌ پرۆژانه‌ یان به‌ جیاکاری نێوان پارێزگاکان داده‌نێت و ده‌یه‌وێت خه‌ڵکی شاره‌کانی کوردستان بکات به‌ گژ یه‌کا که‌ ئه‌م قسانه‌ ته‌واو دورن له‌ راستیه‌وه‌ به‌ڵکو خه‌ڵکی کوردستان ته‌باو یه‌ک گرتون له‌ناو یه‌کا ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌یه‌وێت تۆوی ئه‌م جۆره‌ شک و دژایه‌تیه‌ بچێنێت وه‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌کات به‌ دوژمنی یه‌کتر له‌رێکه‌ی غه‌در کردن له‌شـارێک له‌سه‌ر حسابی شارێکی تر وه‌له‌ هه‌ر شارێکدا ده‌نگیان که‌م بێت سزای خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌ده‌ن به‌ شێوازی جۆراو جۆر.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که‌ فیدراڵین ده‌بینین ده‌وڵه‌تی زۆر پته‌وو به‌هێزن له‌ هه‌موو رویه‌که‌وه‌ بۆ نمونه‌ ئه‌مه‌ریکا _ئه‌ڵمانیا_سویسرا_ئیماراتی عه‌ره‌بی وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی مه‌رکه‌زین ده‌وڵه‌نی لاوازن وه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانین له‌ پایته‌ختا کۆکردۆته‌وه‌ وه‌ گه‌شه‌یه‌کی ئابووری زۆر که‌می تیادا ده‌بینرێت بۆ نمونه‌ لیبیا_میسر ... هتد , بۆیه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا فیدراڵیه‌ت  بۆ یه‌ک خستنی میله‌ته‌کانه‌ نه‌ک پارچه‌پارچه‌ کردنیان , که‌ ئێستا له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی پارچه‌پارچه‌ کراون ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌نگاوه‌ یاساییه‌کانی ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ , که‌به‌پشت به‌ستن به‌ماده‌ی (119)ی ده‌ستور له‌ یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی (2008) دا روون کراوه‌ته‌وه‌ , بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاو روونی هه‌بێت بۆ هه‌موو پارێزگاکانی عێراق که‌ هه‌ر پارێزگایه‌ک بیه‌وێت داوای هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ بکات ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م ماده‌ ده‌ستوری و به‌م رێکاره‌ یاساییانه‌ی که‌ دیاری کراوه‌ داوای به‌هه‌رێم بوون بکات .

سه‌ره‌تا پێویسته‌ بوترێت به‌ پشت به‌ستن به‌ ماده‌ی (119)ی ده‌ستوری عێراق دوو رێکار هه‌یه‌ که‌ هاوڵاتیانی پارێزگایه‌ک ده‌توانن بۆ هه‌رێم کردنی پارێزگاکه‌یان بیگرنه‌ به‌ر .
یه‌که‌م : له‌رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌ که‌ یه‌ک له‌سه‌ر سێ (سێ یه‌کی) ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئه‌و پارێزگایانه‌ی که‌ داوای پێکهێنانی هه‌رێم ده‌که‌ن .
دووه‌م : له‌سه‌ر داوای یه‌ک له‌سه‌ر ده‌ (ده‌یه‌کی) ده‌نگده‌ران له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ک له‌و پارێزگایانه‌ی  که‌ داوای پێکهێنانی هه‌رێم ده‌که‌ن .
هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ یاسای ژماره‌ (13)ی ساڵی (2008) تایبه‌ت به‌ رێکاره‌کانی چۆنێتی به‌هه‌رێم کردنی پارێزگایه‌ک ده‌رچووه‌و تیایدا ده‌ڵێت :...
ئه‌گه‌ر له‌ رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌ پێشکه‌ش بکرێت ئه‌بێت یه‌ک له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن داواکه‌یان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌رز بکه‌نه‌وه‌ .
خۆ ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ له‌ رێگه‌ی ده‌نگده‌رانی پارێزگاکه‌وه‌ بێت له‌ پێشدا داواکاریه‌که‌ له‌ لایه‌ن له‌سه‌دا دووی ده‌نگده‌رانه‌وه‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت به‌ نوسینگه‌ی کۆمسیۆنی باڵا له‌و پارێزگایه‌ی که‌ داوای هه‌رێمه‌که‌ ده‌کرێت پێویسته‌ شێوه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌ی تێدا دیاری بکرێت که‌ دروست ده‌کرێت وه‌ پێویسته‌ کۆمسیۆن له‌ ماوه‌ی سێ رۆژدا له‌م داوایه‌ له‌ گۆڤارو رۆژنامه‌کاندا بڵاوی بکاته‌وه‌ وه‌ ماوه‌یه‌ک دیاری بکات که‌له‌ مانگێک زیاتر نه‌بێت بۆ هاوڵاتیان ئه‌وانه‌ی مه‌رجی ده‌نگدانیان تێدایه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی رێژه‌ی یاسایی ,
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌م قۆناغه‌دا بۆ به‌هه‌رێم بوونی سلێمانی ده‌بێت له‌ رێگه‌ی راپرسی راسته‌وخۆی ده‌نگده‌رانه‌وه‌ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێت نه‌ک له‌ رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌ هه‌رکاتێکیش رێکاره‌ یاساییه‌کان ته‌واو بوون کۆمسیۆن نوسینگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌و پارێزگایه‌ راده‌سپێریت بۆ ئه‌نجام دانی راپرسی گشتی ,
قۆناغه‌کانی پێشکه‌ش کردنی داواکه‌ هه‌تا رۆژی راپرسی گشتی له‌ یاسا دیاری کراوه‌ و هیچ که‌س و حیزب و لایه‌نێک ناتوانێت رێگری لێبکات  بۆیه‌ گرنگه‌ بۆ ئاینده‌ خه‌ڵکی پارێزگای سلێمانی له‌ پشده‌ر و بتوێنه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و شاره‌زور و گه‌رمیان خۆیان بۆ پرۆسه‌ی راپرسی و ده‌نگدان له‌سه‌ر چاره‌نوسیان ئاماده‌ بکه‌ن به‌مه‌ش بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌و کێشه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ رزگاریان ده‌بێت که‌ ده‌یان ساڵه‌ پێوه‌ی گیرۆده‌ بوون .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار