مارتن هایدیگەر شوانی بوون

5 مانگ لەمەوپێش



شوان ئه‌حمه‌د

نووسینی: موجاهید عەبدولمونعم

لەنامۆبوونەوە بۆ بیرکردنەوە:

هەرچەندە خۆر هەموو رۆژێک هەڵدێت و لەگەڵ خۆیدا روناکی و گەرمی دێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤی هاوچەرخ لەلێواری ئەوەدایە، پێ بنێتە شەوی جیهانەوە. هاوکات ئەگەرچی هەموو رۆژێک مرۆڤ هەزاران خانوو چێدەکات، وەلێ مرۆڤی سەدەی بیستەم، بێ داڵدەو بێ پەناگەی راستەقینە ماوەتەوە، لەبەرئەوەی هەقیقەتی نیشتەجێبوونی بیرچۆتەوە کەپێکەوەیی و دڵ ئارام بوونەو بەوەش لەخۆی بێگانە بووە. وەک ئەوەی مارتن هایدیگەر لە(پەیامێک دەربارەی هیومانیزم)دا دەڵێت:(نەبوونی داڵدەو پەناگەیەک، بۆتە چارەنووسی جیهان).

هەروەها مرۆڤ هەرچەندە بەوپەڕی تین و تاوەوە، ملی رێگای تەکنەلۆژیای گرتەبەر، وەلێ تەکنەلۆژیا مانای دێرینی خۆی لەدەستدا.  وەک هایدیگەر دەڵێت:(تەکنیک مانای ئارایبوون و دەرکەوتنی دەگەیاندو لەهەوڵی ئەوەدا بوو تاهەقیقەت خۆی بۆ مرۆڤ مانیفێست بکات، بەڵام تەکنەلۆژیا بوو بەبەرهەمێکی دووبارەی میکانیکی لەسەر ئاستێکی بەرفراوان و ئەمەش وایکرد، مرۆڤ لەخودی راستەقینەی خۆی دوورکەوێتەوەو بەلاڕێدا ببرێت. لەبەرئەوە هایدیگەر لە(شاعیران لەپێناوی چیدا؟) دەڵێت:(ماهیەتی تەکنەلۆژیا بەهێواشی نەبێت بەرەو رۆژی روناک نایەت، ئەو رۆژەش بریتیە لەشەوی جیهان و تەنهاو تەنها لەنێو رۆژی تەکنەلۆژیدا، سەرلەنوێ رێکخراوتەوە. ئەو رۆژە کورترین رۆژەو بەزستانێکی تولانی هەڕەشە دەکات. پاشان هەر مەسەلەکە بەوەندەوە ناوەستێت کەپارێزبەندی لەسەر مرۆڤ هەڵدەگیرێت، بەڵکو تاریکی هەیەو تاریکی  دەمێنێتەوەو جیهان بێگەردی خۆی خۆی لەدەستدەدات و بەپیرۆزیی نامێنێتەوە). هەر لەبەرئەوەیە هایدیگەر داوا دەکات، بگەڕێینەوە سەر مانای بنەڕەتی تەکنەلۆژیا. واتە ئان و سات و ئارایبوونی هەقیقەت، دەبێتە باعیسی ئەوەی جیهانێکی تەواو جیاوازترمان لەبەردەمدا بکرێتەوە.

لەسەدەی بیستەمدا رێچکا و ئاقارەکان، بێشومار زۆربوون و مرۆڤیش لەنێوانیاندا دووچاری دادڕان و ونبوون بوو. وەلێ گەورەترین دادڕانەکانی ئەوەیە، گەر رێبازێکی دیماگۆگی وەک نازیزم جڵەو بگرێتە دەست و مرۆڤ تەوق بدات، ئەوکات مرۆڤ خودی خۆی لەدەستدەدات و لەوانی دی دادەبڕێت..لەگەڵ ئەوەشدا (بەدگومانی لەڕێبازو ئاقارەکان دەستیپێکرد، وەلێ بازاڕی رای گشتی لەسەر داواکردنی ئاقاری نوێ بەردەوام دەبێت).

سەدەی بیستەم ئەم رێباز و ئاقارانەی کە وتەزاگەلێکی بێشومار لەگەڵ خۆیاندا دێنن، هەر بەتەنها پرسێکی لابەلاو هاکەزایی نییە، بەڵکو لەسەردەمی مودێرنداو بەرلە هەرشتێ، لەسەر دیکتاتۆریەتێکی تایبەت و دەگمەن لەسنوری قەڵەمڕەوی تاپۆڕەی جەماوەردا چێدەبێت، بەجۆرێک خود لەنێو قەڵەباڵغی و جەماوەردا بزر دەبێت. منە جیاجیاکان سەر بەیەکەوە دەنێن و ئاپۆڕایەک دروستدەکەن کەتێیدا تاکەکەسەکان، خودێتی راستەقینەی خۆیان لەدەستدەدەن.

لێرەوە بەو جۆرەی مارگۆری گرین شرۆڤەی فەلسەفەی مارتن هایدیگەر دەکات، دەڵێت:( دەبینین ئەو خودەی مل دەنێت بەرەو پێشەوە، دێن و قوربانی پێدەدەن لەپێناو ئاپۆڕەیەکی پانوپۆڕی بێئاماندا).

هەربۆیە دەکرێت بڵێین ئیدی مرۆڤ خاوەنی خۆی نیەو بۆتە موڵکی ئەوانی دی. گەر بێتو پرسیار لەبارەی ماهیەتی مرۆڤەوە بکرێت، ئەوا وەڵامەکە بەمجۆرە دەبێت: (مێگەل نابەر پرس و نادیارە، مرۆڤیش لەدۆخی رۆژانەیدا دەکەوێتە ژێر فشاری قەرەباڵغی و ئەوەش دەبێتە، ژیان لەگەڵ ئەوانی دی و لەپێناو ئەوانی دی.

لەم سەروبەندەشدا هەر بەتەنها، شتە لاوەکیەکانی ژیانی رۆژانەی وەک ئەو پارچە گۆشتەی دەبرژێت و ئەو ئۆتۆمۆبێلەی چەور دەکرێت و ئەو لیستانەی نرخەکانیان دەدات، تەنانەت ئەو خەڵک  خوایانەشی کە یەک بەیەکیان پەیوەندیان بەو شتانەوە هەیە: (خێزانەکەم کە گوشت دەخۆن و ئەو گۆشت فرۆشەی گۆشتەکەمان بۆ دێنێت و ئەو میکانیکیەی خزمەت بەئوتۆمۆبێلەکان دەکات و ئەو فرۆشیارەی فرۆشتوویەتی، سەرجەم ئەوانە تەوقی ژیانی منیان داوە، وەک چۆن منیش تەوقی ژیانی ئەوان دەدەم. واتە تۆڕێک لەلێکهەڵوەشان و ناپاکی لەئارەدایە).

سەرەڕای ئەوەی بوونم موڵکی خۆمە، هەر لەڕۆژی لەدایکبوونمەوە تا ئان و ساتی مردنم، کەچی لەنێوان ژیان و مردنمداو لەڕەوتی ژیانی دووبارەی رۆژانەدا، هیچ شتێ بەشێوەیەکی گونجاو راست و رەوان، موڵکی من نییە: (بوونم موڵکی ئێوەیەو موڵکی ئەوانەو موڵکی هەر کەسێکە).

مرۆڤ ئەو کاتەی دەکەوێتە ناو قەرەباڵغیەوە و لەئاپۆڕەدا وندەبێت، ئیدی بیرکردنەوەی رووکەشانەو زانینی دەرەکی کەلەسەر ئامار و زانیاری دەرەکی بەندەو هەموو شتێک بەکڕین و فرۆشتن دەپێوێت، ئەمەش وادەکات مرۆڤ وەک بوونەوەرێک بسڕێتەوە. وەک شرۆڤەکاریەک بۆ بیرکردنەوەی هایدیگەر، لوسیان گۆڵدمان دەنووسێت: (بازاڕ بووە مایەی سڕینەوە و لەباربردنی ئیدراکی گشتگیر و سەرتاسەری - ئەوەش ئەوەیە کەهایدیگەر بەبوونی مرۆیی ناوزەدی دەکات - لەگشت ئاستەکاندا).

لێرەوە مرۆڤ زانینێکی دەستگیر دەبێت کە زانینی راستەقینە نییە، بەڵام مەعریفەی راستەقینە بریتیە لەزانینی بنج و بناوان و سەرەتاکان و ئەو پێشبەندیانەی کە زانست و زانیاری لەسەریان دامەزراون.

مارتن هایدیگەر لەلێکۆڵینەوەکەی( زانستی مۆدێرن و میتافیزیک و ماتماتیک)دا، دەڵێت:( ئەفلاتون لەسەر دەروازەی ئەکادیمیاکەی نوسیبووی: هەر کەسێک ماتماتیک بەڵەدنییە، ئەوا بانەیەتە ژوورەوە). ئەڵبەتە ئەم قسانە بەو مانایە نایەت کەپێویستە مرۆڤ بەتەنها هەر فێری یەک زانست بێت کە ئەویش ماتماتیکە، بەڵکو دەبێت لەگەڵیشیدا بنەما سەرەکیەکانی مەعریفەی راستەقینەو زانیارییەکانی دیکەش فێر ببێت). بیرکردنەوە لەشتە لاوەکی و رووکەش و دەرەکیەکان، بیرکردنەوە نییە. لەبەر ئەوە لەسەدەی بیستەمدا، وەک ئەوەی هایدیگەر لەتوێژینەوەکەیدا(چی وادەکات بیربکەینەوە؟)، باسی دەکات و دەڵێت:( ئەوەی ناچارمان دەکات بەبیرکردنەوە، ئەوەیە ئێمە هێشتا بیرمان نەکردۆتەوە).

زمان کەلەڕێیەوە، بوون و مێژوویی بوونمان بەیان دەکرێت لەم بوونەدا، بۆتە زمانی شتەکان و زمان ناوەڕۆک و جەوهەری خۆی لەدەست داوە. لەپاش ئەوەی زمان پرسیار بوو لە هەقیقیەتی بوون، بوونێک کەهارمۆنیەتی مرۆڤ بەدی دێنێت و هەقیقەتی ئەو هارمۆنیەتە رادەگەیەنێت، دەبینین بۆتە زمانی پەخشان و کڕین و فرۆش و تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی، زمان وای لێهاتووە:( ماهیەتی راستەقینەی خۆیمان لێبشارێتەوە، بەو پێیەی ماڵی هەقیقەتی بوونە).

بەمجۆرە مرۆڤ لەمرۆڤ دابڕاو ملی رێگەی دۆڕان و سیاچارەیی گرتەبەر و پێینایە سەرزەمینی ونبونەوە. هایدیگەر ئەزموونی مرۆڤی هاوچەرخ، لەم وتەزایەیدا پۆخت دەکاتەوە کەدەڵێت: (مرۆڤ لە بووندا وێڵ دەبێت و خۆی لەیاد دەکات و بەخۆی بێگانە دەبێت، لەبەرئەوە بەهیچ جۆرێک ئاگاداری بوون نابێت و ئاوڕی لێناداتەوە). هەر لەبەرئەمەیە، دێت و ئەمە دەکاتە خاڵی دەسپێکی تەواوی فەلسەفەکەی. لەو بارەیەوە مارگۆری گرین روونکردنەوە دەداتو دەڵێت: (ئەو خودەی لەخۆی هەڵدێت، چارەنووسی کەوتن و دۆڕانە. لەفەلسەفەی هایدیگەریشدا، ئەوە خاڵی دەسپێک و تێزەی سەرەکییە).

گەر هایدیگەر ویستی قوتارکردنی تاکەکەس بێت لەقەرەباڵغی و لەخەڵک، ئەوا نایەوێت ئەو پرۆسەیە بەدوور لەقەرەباڵغی یان خەڵک بەرێوەبچێت، بەڵکو بەدەستکاریکردن و گۆڕینی هەڵوێستی گاڕان و خەڵک، سەر پێیدەخات.

لەکتێبەکەدا ( بوون و کات) دەڵێت:(بوونی رەسەنی مرۆڤ لەهەلومەرجی هەڵاوێردی خوددا، وەک دۆخێکی دابڕاو لەوانی دی پایەدار نابێت، بەڵکو بۆخۆی بریتییە لەگۆڕینی وجودیانەی قەرەباڵغی).. گۆڕینی(وجودیانەی) قەرەباڵغی.

لێرەوە لەنهێنی بایەخدانی بەردەوامی هایدیگەر، بەبوون تێدەگەین. کەینونە تاکە رێگەمانە بۆ لەباربردنی پرۆسەی  بەشت بوون و ونبوون لەشتەکانداو مژۆڵبوون بەبونی لاوەکیەوە. بەم پێیە دەبینین کارو بەرهەمەکانی هایدیگەر:( لەدەوری بابەتی سایکۆلۆژی و تایبەتی مرۆڤ خول ناخۆن، بەڵکو تەواوی کارەکانی خۆخەریککردنی بەردەوام و سەرقاڵ بوونە بەبابەتێکی قوڵتر و قورسترەوە. بەجۆرێک دەبینین بوونی تایبەتی تێیدا، بەشێوەیەکی  قوڵ و روون و رەوان نامۆیەو بەخۆ بێگانەیە، ئەو بابەتەش بۆخۆی بریتیە لەگەڕان و پشکنین لەبوونی گشتیدا). رووبەرو پانتاییەک لەنێوان مرۆڤ و خۆیدا چێکرا.

هەر بۆیە مرۆڤ بوو بەخودێکی نامۆی وا کە بێپەروا لەدووی شتەکان رابکات. وەکو ئەوەی ریچارد شاخت لەکتێبەکەیدا( نامۆبوون) باسی دەکات. نامۆبوون سروشتی جەوهەری کەسەکەو ئەو بارودۆخەی تێیدایە لەیەک دوردەخاتەوە و خەڵک و خواش دەیانەوێت لەو چەمکە تێبگەن. هایدیگەر ئەم تێرمە بۆ ئەو دۆخە بەکاردێنێت کەتێیدا مرۆڤ بەشێوازێکی راستەقینە نیەو بوونێکی رەسەنانەی نابێت( واتە ئەو دۆخەی مرۆڤ لەبوونی رەسەنی خۆی دوردەکەوێتەوە و دادەبڕێت، ئەوەش ئەو دۆخەیە کەئەو بوونە بەخۆی نامۆ دەبێت).

نامۆبوون ئاماژەیە بۆ شکست هێنان لەوەی، ئەگەری بوونی راستەقینەمان بکەینە واقعێکی بەرجەستەو نامۆبوونیش لای هایدیگەر ئاماژەیە، بۆ ئەو دۆخەی مرۆڤ لەخودی خۆی بێگانە دەبێت و دووچاری کەوتن و بوونێکی درۆزنانە دەبێت، بوونێک کە لەئێستا و رابردوودا رۆدەچێت، ئەمەش وادەکات مەرگ فەرامۆش بکات، مەرگ وەک حاڵەتێکی وجودیانە کە کۆتاداری بۆ بیرکردنەوە و کارکردن دروستدەکات. دەرچوونی مرۆڤ  لەدۆخی ئەم نامۆبوونە، بەو مانایە دێت کە نابێت لەو دۆخەدا بەردەوام بێت و(پەی بردنیش بەو نابێتە، خواست و ویستی مرۆڤە بۆئەوەی خۆی بێت).

بیرکردنەوە لەدەربازکردنی مرۆڤ لەو نامۆبوونەی و لەوەی ئەو لەماڵی خۆیدا نییە، خاڵی سەرەکی فەلسەفاندنە. لە(بوون و کات)دا مارتن هایدیگەر دەڵێت:( لەڕوانگەی بوونخوازیی ئۆنتۆلۆژیەوە - بەوەی مرۆڤ لەماڵی خۆی دا نیە -، پێویستە وەها مەزەندە بکرێت کە لەگرنگترین دیاردە لەپێشینەکانە).

لێرەدا مکوڕبوون  لەسەر پێداویستی بیرکردنەوە دێتە گۆڕێ. ئاخر بیرکردنەوە پەیامێکی هەیەو ئەویش بریتیە لەقوتارکردنی مرۆڤ لە بەشتبوون و لەونبونی لەنێو هەبووەکاندا. بەمجۆە بیرکردنەوە دەبێتە بانگهێشت و بانگەوازو مرۆڤیش بەچاکی لەو بانگهێشت حاڵی و بانگەوازە دەبێت. بەوەش مرۆڤ ئازادی راستەقینەی بەنسیب دەبێت(ئێمە هەموومان ئازادین)، بەڵام ئازادیشن لەوەی ئازادیمان بەدیبهێنین و لەدەستیشی بدەین.(بەسروشت کەس کۆیلە نییە، وەلێ زۆربەی زۆرمان خۆی کردۆتە کۆیلە).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار