شەڕە قسە دەکەوێتە نێوان ترەمپ و خانمی یەکەمی پێشووی ئەمریکا

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

ھەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو مشێڵ ئۆباما خانمی یەکەمی پـێشووی ئەو وڵاتە ھێرشەدەکەنە سەر یەکتری، ئەوەش لە کاتێکدایە دوو مانگ و نیوی ماوە بۆ ھەڵبژاردنە سەرکایەتیەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

 لە میانەی گۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکاندا مشێل ئۆباما بە توندی ڕەخنەی لە ترەمپ گرت و وتی توانای ئەوەی نییە تێگەیشتنی بۆ هەست و ئەزمونی کەسانی تر هەبێت.

ھەروەھا ستایشی کاندیدی چاوەڕوانکراوی دیموکراتەکان جۆ بایدنی کرد و وەکو "ڕێبەرێکی لێوەشاوەو خۆڕاگر و لێهاتوو" ناوی ھێنا.

لە یەکەم شەوی کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکان کە لە دوورەوە بەڕێوەدەچێت و ئەندامان زۆربەیان بەڕێگەی ڤیدیۆیی بەشداری کۆنگرەکە دەکەن و ژمارەیەکیش لە وتارەکان پێشتر تۆمار کراوە

 میشێل ئۆباما باسی لەوە کرد کە ترامپ سەرکەوتوو نەبووە لەوەی بە پێی پێویست ڕووبەڕووی قەیرانەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و هەروەها پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتدا ببێتەوە لە کاتێکدا پشتی لەو هاوپەیمانێتییە جیهانیانە کردووە کە دەمی بەڕیوەبەرایەتییەکانی پێشوودا پێکهاتبوون.

لەو وتارەیدا کە پێشتر تۆمار کرابوو مشێڵ ئۆباما وتی "با بە ڕاستگۆیانەو ڕاشکاوانە بڵێم ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکێکی هەڵەیە بۆ وڵاتەکەمان. کاتێکی زۆری لەبەردەستدا بوو تا بیسەلمێنێت دەتوانێت کار بکات، بەڵام دیارە لە توانای ئەودا نییە."

خانمی یەکەمی پێشوی ئەمەریکا وتیشی "ترەمپ ناتوانێت پێشوازی لەم قۆناغە بکات، ناتوانێت ببێت بەو کەسەی کە ئێمە چاوڕوانیمان لێی هەیە."

دۆناڵد ترەمپ لەوەڵامی قسەکانی مشێڵ ئۆبامادا لە تۆڕی کۆمەڵاتی تویتەر وتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئۆباماو بایدن "گەندەڵترین بەڕێوەبەرایەتی بووە لە مێژوودا، یەكێک لەو ڕاستیانەی کە پێی زانراوە سیخوڕییان لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی من کردبوو، ئەمەش گەورەترین شەرمەزاری سیاسییە لە مێژووی وڵاتەکەماندا ئەمە پێی ئەوترێت خیانەت و زۆر لەوەش زیاتر، مشێڵ زۆر سوپاس بۆ وشە جوانەکانت."

 

 

هەفتەی داهاتوو کۆمارییەکان پلانیان هەیە کۆنگرەی خۆیان لە شارلۆتی کارۆلاینای باکور بە شێوەیەکی سنوردار ببەستن و ترامپ لە کۆشکی سپییەوە وتاری پەسەند کردنی کاندیدبوونی پێشکەش بکات، ئەوەش دوای کۆتایی ھاتن بە کۆنگرەی دیموکراتەکان دێت.

لە یەکەم شەوی کۆنگرەی دیموکراتەکاندا خاتو ئۆباما و چەندین کەسایەتی تری دیموکراتەکان و چەند کەسێکی کۆماری کە ناڕازین لە سیاسەتەکانی سەرۆک ترامپ زیاتر لە دوو کاتژمێریان بەسەر برد لە ستایشکردنی جۆ بایدن و بە باشترین کەس بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەندروستی گشتی، ئابوری و قەیرانی دادپەروەری ڕەگەزی ناودێریان کرد لە کاتێکدا ترامپیان بە بێتوانا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانە نیشان دەدا.

بایدن لە دەمی بەڕێوەبەرایەتی باراک ئۆبامای هاوسەری مشێڵ بۆ ماوەی هەشت ساڵ جێگری سەرۆک بوو. مشێڵ ئۆباما جۆ بایدنی بە کەسێکی "لێهاتوو" بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستای وڵات لە قەڵەم دا و وتی "من جۆ دەناسم، کەسێکی زۆر بە ڕەوشت و خاوەن بڕوایە، ئەو جێگێکی زۆر باشی سەرۆک بوو. ئەو دەزانێت چۆن ئابوری ڕزگار بکرێت، ڕووبەڕووی پەتایەک ببێتەوە و ڕێبەرایەتی وڵاتمان بکات."

ئەو هەروەها باسی لە پەتای کۆرۆنا کرد کە لە ئەمەریکا زیاتر لە هەمو وڵاتان خەڵکی کوشتووەو ملیۆنان کەس بەهۆی پەتاکەوە کارەکانیان لەدەستداوە وەهەروەها ئەو خۆپیشاندانانەش کە دژ بە نایەکسانی و ڕەفتاری نابەجێی پۆلیس لە شارەکانی سەرانسەری ئەمەریکا ئەنجام دران.

یەکەم شەوی کۆنگرە چوار ڕۆژییەکە بریتی بوو لە وتاری و لێدوانی بەشێکی زۆری ئەو دیموکراتانەش کە لە ساڵی ڕابوردوو لە پێشبڕکێی دیموکراتەکاندا بوون بۆ ئەویە ببن بە کاندیدی سەرەکی حزبەکە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا دژ بە ترامپ.

دواین کاندیدی دژی بایدن لە پێشبڕکێکەدا سیناتۆری ڤێرمۆنت بێرنی ساندەرس بوو، لە پەیامی کۆنگرەکەدا وتی وڵات ڕووبەڕووی "ساتەوەختێکی بێپێشینە" بۆتەوە بە ژمارەیەک ئاستەنگەوە لە ناویاندا ڤایرۆسی کۆرۆنا، نژادپەرستی و گۆڕانکاری کەشوهەوا. ساندەرس وتی "سەرۆکێکمان هەیە کە نەک تەنها توانای نییە ئەم قەیرانانە چارەسەر بکات بەڵکو ئێمە بەرەو ئاقاری تاکڕەویدا دەبات."

سەبارەت بە ڕۆڵی خۆی و ستافەکانی لە چاکسازی ناو حزبەکەیدا لەو کاتەوەی کە لە پێشبڕکێکە کشایەوە ساندەرس وتی "بەشێکی زۆری بیرۆکەکانی کە ئێمە شەڕمان لە پێناویان کرد و تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر بە ڕادیکاڵ نادێر دەکران ئێستا ئاسایی بوونەتەوە."

وتیشی "ڕاستییەکە ئەوەیە تەنانەت بەر لەوەش کە ترامپ وەڵامدانەوەی ئەم پەتایەش پشتگوێ بخات، ژمارەیەکی زۆری خێزانی کە ماندوونەناسانە کار دەکەن کێشەی ئابورییان هەبوو و هیچ هیوایەکیشیان لەبەردامدا نەبوو. پێکەوە ئێمە دەبێت وڵاتێک پێکبهێنین کە یەکسانتر بێت، بەبەزەی تر بێت و گشتگیر بێت، دەزانم جۆ بایدن ڕۆژێک ئەم کارە دەستپێدەکات."

بڕیارە ترمپ پێنجشەممە بچێتە ناوچەیەکی نزیک شاری سکرانتۆنی باکوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی پێنسلڤانیا ئەو شوێنەی کە بایدن لێی گەورە بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار