هەرێم ڕۆژانە ١٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕەوانەی جەیهان كردووە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری دوو سەرچاوە لەناو كەرتی نەوتەوە ئاشكرایكرد، لەدوای دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتەوە،  رۆیشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا لەنێوان 150 بۆ 160 هەزار بەرمیلی رۆژانەدایە.

رۆژی 27ی ئەم مانگە، دوای دوو ساڵ و نیو لە راوەستان هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێكردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەشت كۆمپانیای نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ بەغدادو حكومەتی هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی رێككەوتنەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خاوی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نیشتمانی نەوتی عێراق "سۆمۆ" دەكات و كۆمپانیایەكی سەربەخۆی بازرگانی لە بەندەری جەیهان پرۆسەی فرۆشتنی نەوتەكە بە نرخی فەرمی كۆمپانیای "سۆمۆ" ئەنجام دەدات و؛ بۆ هەر بەرمیلێك نەوت كە رادەستی "سۆمۆ"ی دەكەن و بە میكانیزمی ئەو كۆمپانیایە دەفرۆشرێت، كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوتیش بڕی 16 دۆلار وەردەگرن.

رێككەوتنی حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان، لەكاتێكدا كرا كە ئێستا وڵاتانی كۆمەڵەی (ئۆپێك +) كار لەسەر زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەكەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشكی زیاتری بازاڕی جیهانی نەوت. 

لەلایەکى دیکەوە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئاژانسی "ئۆیڵ پرایس" رایگەیاند، گەیشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەندەری جەیهان یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دابەزینە.

ئاژانسەکە دوو هۆکاری سەرەکی بۆ دابەزینی نرخەکان دەستنیشان کردووە: دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان: دوای وەستانێکی دوو ساڵە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە 27ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردەوە. ئێستا رۆژانە 190 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرێت و بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو بۆ 230 هەزار بەرمیل بەرزببێتەوە.

 چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوەی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس لە مانگی تشرینی دووەمدا بڕیاری زیادکردنی بەرهەمهێنان بدات، فشارێکی دیکەی خستووەتە سەر نرخەکان.

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور پێشتر راگەیاندبوو، کە پێشتر بەرمیلێک نەوت لە ناوخۆدا بە 30 دۆلار دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا بە نرخی جیهانی دەفرۆشرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار