ئێران دەیەوێت کۆڵبەرێکی کورد لەسێدارە بدات بەتۆمەتی کاری سیاسی

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
دادگای باڵای ئێران جەخت دەکاتەوە لە بریاری سزای لەسێدارەدان بەسەر کۆڵبەرێکی کوردا بەتۆمەتی ئەندامبوون لە حزبیکی سیاسی، ئەوەش لەکاتێکدایە کۆڵبەرەکە بەە برینداری کەوتۆتە دەست ھێزەکانی ئێران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بلاویکردەوە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی سێدارەی محێدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاستکراوەتەوە و حوکمەکەی نێردراوەتەوە بۆ دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی ناوبراو لە شاری شنۆ.
مەحیەدین ئیبراهیمی، 18ی کاوون دووەمی ٢٠٢٠ حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووهەم بۆ دەرکرا بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ورمێەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە فەرمی حوکمەکەی پێ ڕاگەیەندرا.
مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی ئاوایی “ئەڵکاوێ” سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی (٤ی نۆڤەمبری ٢٠١٧) لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەسترێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.
ئەو هاوڵاتییە کوردە لە (ئابی ٢٠١٨) بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشەوە بە تۆمەتی هاوکاوی و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو
مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە و باوکی منداڵێکی کەمئەندامە و ١٠ ساڵ پێشتریش هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکرات بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.
