ئه‌ردۆغان دژ به‌هه‌مووان

6 ڕۆژ لەمەوپێش



ماکیسمیلان پۆپ

و. لهئهڵمانییهوه: هیوا ناسیح

 

جیۆپۆلهتیک: سهرۆکی تورکیا دهیهوێت سنورهکان لهدهریای ناوهڕاستدا سهرلهنوێ رهنگڕێژبکاتهوه، بهمهش مهترسی جهنگ لهگهڵ یۆناندا دێنێتهئاراوه.

 

لهحوزهیرانی ساڵی ٢٠٠٦دا جهم گیورەندیز، سهرۆکی بهشی پلاندانانی هێزی دهریایی تورکیا نهخشهیهکی بۆ سنوری دهریاوانی دهرهوهی وڵاتهکهی داهێنا، کهئهوکات سهرنجی هیچ کهسی رانهکێشاو بایهخی پێنهدرا، نهخشهکه زۆر توندڕهوانهو شهڕانگێزانه دههاته بهرچاو. ناوبراو لهوتارێکیدا لهئهنقهره داوای کرد: سنوری دهریاوانی دهریای ناوهڕاست فراوان بکرێت، حکومهت دهبێت لهکاتی پێویستدا چهکیش بهکاربهێنێت، تا ئهم سنورانه دووباره دابڕێژێتهوه، تاوهکو بهرژهوهندییه سیاسی و ئابورییهکانی وڵاتهکهی بپارێزێت. ئهو ناوی ئهم پلانه نوێیهی نا (ماڤی ڤهتهن) واته نیشتمانی شین. ئهو لەچاوپێکهوتنێکیدا له سکایپیش گوتی: من دهمهوێت تورکیا بگاته ئاستی خاوهن هێزێکی دیاری نێودهریایی.

ئهوهی کهئهوکات لەئهنقهره هیچ بایه‌‌خێک بهپلانهکهی ناوبراو نهدرا، دهگهڕێتهوه بۆ ئهوهی ئهوکات تورکیا پهلی بۆ ئهوه دهکوتا، کهببێته ئه‌‌ندامی یهکێتی ئهوروپا. سهرۆکوهزیرانی ئهوکات و سهرۆکی ئێستای تورکیا رهجهب تهیب ئهردۆغان هیچ بهرژهوهندی لهوهدا نهدهبینی، کهکێشهو شهڕی لهگهڵ دراوسێیهکی وهک یۆناندا ههبێت.

دواتر رووداوهکانی ژیانی گیورهندیز چاوهڕواننهکراو بوون، چونکه ئهو وهک سهدان ئهفسهری تر ساڵی ٢٠١١ دهسگیرکرا. ناوبراو وا خۆی نیشاندهدا، که کهمالیستهو ههڵگری بیری سێکولاری دامهزرێنهری وڵاتهکه‌‌یان مستهفا کهمال ئهتاتورکه، زیاتر لهوهی کهکار بۆ حکومهتێکی ئیسلامیی کۆنسهرڤاتیڤی ژێر حوکمی ئهردۆغان بکات. ههر بۆیه ئهردۆغان پێویستی بهپیاوانی وهک ئهم نهبوو. گیورهندیز بێتاوان سێ ساڵ و نیو لهزینداندا دانیشت، لهزیندانێکی زۆر پارێزراو لهسیڤهرلی نزیک ئهستهمبوڵ، بهرلهوهی کەمافی بۆ بگێڕنهوه.

لهم نێوانهدا تورکیا سیاسهتی خۆی سهلهنوێ گۆڕی، ئهردۆغان ماڵئاوایی لهئامانجی بوون بهئهندام لەیهکێتی ئهوروپا کرد. ئهو پهیڕهوی گوتارێکی ناسیۆنالیستانهی کرد، بهمجۆره حکومهت پلانه کۆنهکهی گیورهندیزی دۆزییهوه.ئهردۆغان خۆرههڵاتی دهریای ناوهڕاستی کرد بهسهنتهرێکی جیۆپۆله‌‌تیکی چاوتێبڕین بۆ خۆی. لهپڕ سهرۆکه‌‌که، وهزیری دهوهوهیان و هاوپهیمانه راستڕهوهکه‌‌یان، ههموو بهجارێک دهستیانکرد بهقسه لهسهر (نیشتمانی شین). گیورهندیز لهدوژمنێکی دهوڵهتهوه بهرزبۆوه بۆ دهمڕاستی حکومهت، ئهو خۆی بهمه سهرسام بوو زیاتر لهوهی خۆشحاڵ بێت. ئهو گوتی: بابه‌‌ته‌‌که داهاتوی تورکیایه.

ماوهیهکی زۆره که تخوبی دهریایی ناوچهی دهریای ناوهڕاست بهپێی پهیماننامهی لۆزانی ساڵی ١٩٢٣ دیاریکراوه. ئهرۆغان لهمه زیاتر قبوڵی ناکات. وڵاتهکهی، وهک ئهو بانگهشه دهکات، که لهئهنجامی دیاریکردنی سنورهکاندا زیانی بهرکهوتووه. ههردوو تورکیا و یۆنان ههفتهی رابردوو هێزی دهریایی خۆیان جوڵاند. ئهمه لهساڵی ١٩٩٦هوه، کههێزی دهریایی ههردوولا لهسهر دوو دورگهی چۆڵی ناوچهی ئێگیز (ناوچهی باکوری خۆرههڵاتی دهریای ناوهڕاسته - وهرگێڕ)،  کاتێک کهشتییە جهنگییهکانی تورکیاو یۆنان بهرامبهر بهیهک وهستابوون، گرژی وا رووینهداوه تائێستا.

ئهو پرسیارهی ئایا ململانێکه پێشینهی ههیه، ئهمه زیاتر تهکنیکییه، بهڵام ئه‌‌مه لهئهگهری تهقینهوهی کێشهکه کهم ناکاتهوه. لهجهوههردا بابهته‌‌که ئهوهیه، که کام وڵات له‌‌کام بهشی خۆرههڵاتی دهریای ناوهڕاستدا مافی ههیه. به‌‌پێی رێککهوتنی مافی دهریایی نهتهوهیهکگرتوهکان ساڵی ١٩٨٢ ئاماژهی پێکراوه، کە وڵاتان مافیان ههیه بهدووری نیوهتیرهی (٢٠٠) مایل (نزیکهی ٣٢٢ کم – وهرگێڕ) بهدهوری دورگهیهکدا ئهوهی پێی دهگوترێت ناوچهی تایبهتی ئابوریی (AWZ) کهمادهی خاو دهربهێنێت.

حکومهتی تورکیا رێک پێچهوانهی ئاراستهی تهوژمهکه رێدهکات. لهبهرئهوهی ههندێک دورگهی یۆنانی تهنها چهند کیلۆمهترێکی کهم لهتورکیاوه دوورن، ئهمه وایکردووه، ئهم ناوچه‌‌ تایبهتیە ئابورییهی تورکیا زۆر بچووکتر بێت لهوه‌‌ی تورکیا حهز دهکات.

کێشهکه بهوجۆره چارهسهر دهبێت، کهههردوولا داوای یارمهتیی لهدهزگایهکی بێلایهن بکهن، وه‌‌ک دادگای نێودهوڵهتی دهنهاخ یان دادگایهکی ناوبژیکار. لهم نێوانهدا پێویسته ههردوولا لهسهر سودبینینی پێکهوهیی له ناوچه دهریاییهکه رێبکهون، کەکێشهی لهسهره، تا لهوهی سوربن لهسهر ئهوپهڕی داواکارییهکانیان.

ئەردۆغان لهتشرینی دووه‌‌می پارساڵدا بهڵێنی هاوکاری بهسهرۆکوهزیرانی لیبیا فه‌‌یاز سهڕاج دا، که دژ بهلیوا خهلیفه حهفتهر هاوکاری بکات. لهبهرامبهر ئهمهدا سهڕاج رێککهوتنێکی لهگهڵ تورکیادا کرد، کهناوچه تایبهته ئابورییهکهی تورکیا بهدهوری دورگهی کرێتادا فراوان بێت. نه یۆنان و نه وڵاتانی تری دراوسێ وهک ئیسرائیل و میسر رێککهوتنهکهیان بهفهرمی ناسی. یۆنان و میسر لەمانگی ئابدا رێککهوتن لهسهر ئهوهی، که ههردوولا دژ به‌‌م ناوچه‌‌ نوێیه تایبهتیهی ئابوری تورکیا بن.

ئهردۆغان پهل بۆ ئهوه دهکوتێ، که لهدهریای ناوهڕاستدا ئهمری واقیع جێبهجێ بکات. ههفتهی رابردوو ئهو کهشتی به‌‌دواگهڕانی گازی (ئوروچ ڕایز) بهئاڕاستهی یۆنان نارد، که چه‌‌ند کهشتییهکی جهنگی هاوکات پاسهوانییان دهکرد، تا لهنزیک دورگهی کاستلۆریزۆ لێکۆڵینهوهو گهڕان ئهنجامبدات. ماوهیهکی کورت پێش ئهوهش رایگهیاند، که لەنزیک قوبرس بهدواداگهڕانی مادهی خاو ئهنجامدهدهن.

ئهوروپییهکان زهنگی بهرپهرچدانهوهیان لێدا. حکومهتی یۆنان ئهم ههنگاوهی ئهردۆغانی وا ناونا که (گرژکهرانهو دژ به‌‌ئاشتییه). بهرپرسی کاروباری دهرهوهی یهکێتی ئهوروپا یوسیف بارێل لهکۆبوونهوهیهکی وهزیرانی دهرهوهی یهکێتی ئهوروپادا داوای لەتورکیا کرد، که بێ دواکهوتن گهڕان و سۆراخکردنی گاز لهدهریای ناوهڕاست رابگرێت. سهرۆکی فهرهنسا ئیمانوێل ماکرۆن بۆ هاوکاریی یۆنان چه‌‌ند کهشتییهکی جهنگی رهوانهی ئهوێ کرد. ئهو لهتویتێکدا بەزمانی یۆنانی ئهنقهرهی تۆمهتبار کرد، کهتاکڕهوانه گرژیی دهخاتهوهو کاری سهرچڵانه دهکات.

لهڕاستیشدا بهرژهوهندی گاز دهرهێنان تهنها هۆیهکه لهچهندان هۆی دیکه، کهدوژمنایهتییهکه‌‌ی پێ دهبڕدرێت. پسپۆڕانی بوارهکه پهی پێدهبهن، لهخۆرههڵاتی دهریای ناوهڕاستدا له (10) ساڵی رابردوودا ئهوهنده سامانی گاز ههیه‌‌، که (10) هێندهی قهبارهی ساڵێکی بهکاربردنو پێویستی ئێستای فهرهنسایه بۆی.

سهرچاوهکانی وزه کهوتوونهته قوڵایی دهریاکهو تهنها بهتێچوونێکی زۆر دهردههێنرێن. نرخی نهوت و گازیش لهساڵانی رابردوودا داشکاوه. ئهمهش بهلایهنی پسپۆڕانهوه ئهوه دهگهیهنێت کهنێردراوانی دهریای ناوهڕاست دهستکهوتی کهمیان دهبێت. کۆمپانیای وهک بریتیش پهترۆڵ رایانگهیاندووه، لهبهرهۆی ئابوریی نایانهوێت لەداهاتوودا لههیچ کێڵگه‌‌‌یه‌‌کدا لهوڵاتێکی نوێدا دهست بهکار بکهن.

ئهردۆغان دهستی بردووه بۆ پرۆژه توندڕهوانهکهی (نیشتمانی شین) بهنیگهرانی و شانازییهوه ههروهها بۆ بهکاربردنی سیاسهتی ناوخۆیی (ئیستیهلاکی مهحهلی). سهرۆکی تورکیا دهرهێنانی گازو سهرچاوهکانی وزه لهدهریای ناوهڕاستدا وه‌‌ک بهردهبازێک دهبینێت بۆ پهڕینهوه لهم دۆخه.

لهڕاستیدا ههریه‌‌ک لەوڵاتانی یۆنان، قوبرس، میسر، ئیسرائیل، دهسهڵاتداریی ئۆتۆنۆمی فهلهستین، ئوردون و ئیتاڵیاش رێککهوتنێکیان مۆر کردووه، کهکۆڕبهندی گازی خۆرههڵاتی دهریای ناوهڕاسته. تورکیا لهدهرهوهی ئهم رێککهوتنهیه. لهمانگی حوزهیراندا حکومهتی ئیسرائیل دهنگیان به‌‌وهدا، که لولهیهک لهخۆرههڵاتی دهریای ناوهڕاست رابکێشن، بهپێچهوانهی ویستی تورکیاوه، گاز لەکهناراوهکانی ئیسرائیلهوه بهقوبروس و یۆناندا بهرهو ئهوروپا بگوێزێتهوه.

«کاتێک ئهردۆغان جێگای لهسهر مێزهکه بۆ دانهنرێت، دێت مێزهکه قڵپ دهکاتهوه« ئهمه ماکس هۆفمان یهکێک له سینک تانکهکانی ئهمریکاو شارهزای کاروباری تورکیا لهسهنتهری گهشهپێدانی ئهمریکی، لەتویتێکدا وای نووسی.

ئهردۆغان ململانێی ناو دهریای ناوهڕاست دههێنێته پێش، تاوهک دهرفهتێک بێت، بۆ ئهوهی رووی خه‌‌ڵک لهڕهوشی خراپی سیاسهتی ناوخۆی وهرگهڕێنێت. ئابوریی تورکیا ساڵانێکه لهقهیراندایه، که بههۆی پهتای جیهانگیری کۆرۆناوه خراپتریش بووه. لیره‌‌ی تورکی بهنرخی یهک بۆ نۆ بهبهراورد بهیۆرۆ نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمارکردووه. ههروهها ئهردۆغانیش بهپێی راپرسییهکان لەدۆخێکی وا خراپدایه، که نموونهی لهڕابردووی حوکمڕانیدا دهگمهن بووه. ئهو دهبێت بترسێت، که لهههڵبژاردنی سهرۆکایهتی تورکیا ساڵی ٢٠٢٣ جارێکی تر ههڵنهبژێردرێتهوه.

لهئهوروپادا رایهکی یهکگرتوو نییه، کهپێویسته چۆن مامهڵه لهگهڵ دوژمنکاریی و ههنگاوه ئاڵنگاریی و سهرکێشییهکانی سهرۆک و حکومهتی تورکیادا بکه‌‌ن. لهپێش ههموویاندا سهرۆکی فهرهنسا داوای رووبهڕووبوونهوه‌‌یه‌‌کی توند ده‌‌کات. پاریس و ئهنقهره لهئێستادا لهلیبیادا دوژمنانه بهرامبهر یهک بوونهتهوه، بهوهی که ههریهکهیان پشتیوانی لهجهمسهرێکی شهڕه ناوخۆییهکهی ئهوێ دهکه‌‌ن.

یهکهمجار لەتهمموزدا کهشتی جهنگی (کۆربێت)ی فهرهنسی لهدهریای ناوهڕاستدا کهشتییه‌‌کی تورکی، کههاوکات بهکهشتی تری جهنگیی تورکی پاسهوانی دهکرا، راوهستاند، کهگومانی ئهوهی لێدهکرا، چهک بهرهو لیبیا بهقاچاخ ببات. وهزارهتی بهرگری فهرهنسی رایگهیاند، گوایا کهشتییه تورکییهکان رادارهکانیان رووی لهکۆربێتی فهرهنسی کردووه، ئهم مانۆڕهش ههنگاوێک پێش تهقاندنی بۆمبه بهرهو ئهوان، فهرهنسییهکان توانییان گرژبوونهکه خاو بکهنهوه، بهوهی که لهخولهکی کۆتاییدا رووی پێ وهرگێڕن.

حکومهتی ئهڵمانیا بەپێچه‌‌وانهوه دهیهوێت ئهردۆغان ههرچۆنێک بووه رابکێشێتهوه سهر مێزی گفتوگۆ. دانوستان و گفتوگۆی نێوان ئهنقهرهو ئهسینا فهشهلی هێنا، بهماوهیهکی کهم پێش ئهوهی دهستپێبکات.

لهئهڵمانیا نیگهرانییهکه گهورهیه، کهدۆخهکه لهدهریای ناوهڕاستدا لهکۆنترۆڵ دهربچێت، تهنانهت گهر بههۆی رووداوێکی کتوپڕو نه‌‌خوازراویشهوه بێت.

ئهردۆغان پێش ماوهیهک رایگهیاند، هێرش بۆ سهر کهشتیی بهدواگهڕانهکان بێ وەڵام نامێنێتهوه. ههروهها لهیۆنانیش ناسیۆنالیستهکان هانی سهرۆکوهزیرانی خۆیان کریاکۆس میتسۆتاکیس دهدهن، که بههیچ جۆرێک لهکێشکهدا لهگه‌‌ڵ تورکیادا ملکهچ نهبێت و نهرمی نهنوێنێت.

نوێنهرایهتی کاروباری دهرهوهی ئهوروپا ده‌‌ڵێت: هیچ کهس نایهوێت ململانێکهی نێوان ههردوو ئهندامی ناتۆ یۆنان و تورکیا بگاته رووبهڕووبوونه‌‌وهی چهکداریی، بهڵام بهپێی خۆپڕچهککردن و ئامادهکاریی ههردوولا، مهترسی ههڵگیرسانی جهنگ رۆژ بهڕۆژ زیاتر ده‌‌بێت.

 

سهرچاوهو تێبینی:

ئهم وتاره لهگۆڤاری دێرشپیگلی ئهڵمانی ژماره ٣٥ی ئهمساڵ لهڕۆژی ٢٢ی ئابدا بڵاوکراوهتهوه، نووسهرهکه‌‌ی ماکسیمیلان پۆپ، رۆژنامهنووسێکی دیارو ناسراوه، پهیمانگای رۆژنامهنووسی لەئه‌‌ڵمانیاو زانسته سیاسییهکانی لهزانکۆی ئیستهمبوڵ خوێندووه، لهساڵی ٢٠١٠هوه کار بۆ دێرشپیگل دهکات، خهڵاتی دهزگای رۆژنامهنووسانی باشووری ئهوروپای وهرگرتووه.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار