دواین ئەوین لە ژیانی فرانتس کافکادا
6 ساڵ لەمەوپێش
سەعید بوکرامی
فرانتس کافکا لەکۆتاییەکانی ژیانیدا پیاوێکی بەختەوەربووە. ئەم مەسەلەیەش زۆر دەمێکەیە یەکلابۆتەوە. وەلێ ئەو ئەفسانەیەی تەوقی نوسەری (دادگایی) و (بەدگۆڕان) و (کۆشک)ی داوە، زۆر بەهێزەو ئێجگار تاریکە، ئەمەش وادەکات هەقیقەتی ئەوەی کەسێکی بەختەوەربووبێت، مایەی سەرسوڕمان و شوێن پرسیاربێت. (جوانی ژیان: دواین ئەوینی کافکا)، چوارەمین کتێبی نوسەری ئەڵمانی میکائیلکۆبفمۆلەرە Michal kumpfmuller
کەلە بەراییەکانی ساڵی 2013، لەلایەن خانەیAlbin Michel بەقەوارەی 314 لاپەڕە چاپکراوە. نوسەری ئەو کتێبە زۆر بەوردی باس لەچەند لایەنێکی ژیانی فرانتس کافکا دەکات کەخەڵک زۆر پێی ئاشنانین.
میکائیل کۆبمفمۆلەر دەمانگێڕێتەوە بۆ هاوینی 1923، سەروەختێک تیشکێکی درەوشاوە لەکۆتایی تونێلێکی تاریک و نوتەکدا دەردەکەوێت کەکافکا لەنێوان نائومێدیەکی قوڵ و نەخۆشیدا، بەڕێی کردووە. ئەو تیشکە سەرچاوەکەی دۆرا دیامانت دەبێت.
کافکا ئەوکات بەرەو کۆتایی ملی دەناو تەنها یانزە مانگێکی لەژیاندا مابوو. کاتەکانی لەگەڵ (ئیلی) خوشکیدا، لەبمیۆرتیز بەسەردەبرد. بمیۆرتیز شوێنێک بوو لەکەناراوەکانی سەردەریای بەڵتیک. لەوێدا چاوی بەدۆرا دەکەوێت و پەیوەندی ئەوینداری ڕاستەقینە لەنێوانیاندا دروست دەبێت.
لەوماوەیەدا کافکا گەشبینتر دەبینرێت و زیاتر دەربایسی ژیان دەبێت. هەمیشە زەردەخەنە لەسەر لێوی دەبێت و چاوەشینەکانیشی دەبرسیکێنەوە. تەنانەت وای لێدێت گرنگیەکی زۆر بەشیک پۆشی و کەراڤێتەکەی دەدات و هەموو بەیانیەک، خۆی بۆ پێشوازیکردنی ژیانێکی نوێ ئامادە دەکات.
وەلێ هەر لەو کاتەدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، دەردە سیل بەلەشیدا بڵاودەبێتەوەو هەردوو سییەکانی دەپوکێتەوەو پاشان قوڕگی و دواتر ڕیخۆڵەکانیشی داغان دەکات. دواین خۆشی ژیانی کافکا ئەوەبووە، تادەتوانێت بنوسێت و ئەوەشی دەینوسێت بۆ دۆرا دیامانتی بخوێنێتەوە.
وەلێ لەچەند مانگی کۆتایی ژیانیدا، توانای قسەکردنی نامێنێ و ناچاردەبێت بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ دۆرا و هاوڕێ دڵسۆزەکانیدا، لەسەر پارچە کاغەز بۆیان بنوسێت و ئەوەی دەیەوێت پێیانی ڕابگەیەنێت. هاوڕێ دڵسۆزەکانی لەوماوەیەدا بریتی بوون لە: (ئیلی خوشکی و ماکس برۆدو ڕۆبیر کلۆبشتۆک).
بۆ ڕونکردنەوەی نهێنی ئەم پەیوەندییە سۆزدارییە لەژیانی کافکادا، میکائیل کۆبفمۆلێر لەم کتێبەیدا، هەوڵدەدات لێکۆڵینەوەیەکی بێ غەل و غەش ئەنجام بدات و لەوەشدا پشت بەلانی کەمی، سەدەیەک لە توێژینەوەی قوڵ لەژیاننامەی کافکا دەبەستێت. ئەویش لەڕێی خوێندنەوەی ڕۆژنامەو کتێب و ئەو بەرهەمانەی لەبارەی کافکاوە نوسراون ، لەگەڵ نامەو یاداشتەکانی کەبۆی جێهێشتوین.
کافکا وەها باسی ئەو قۆناغەی ژیانی دەکات، وەک ئەوەی (جەوهەرێکی ئەفسوناوی بێت) و نوسەری ئەم کتێبەش، توانیویەتی پەردە لەسەر ڕووی ئەو دواچرکەساتانەی ژیانی کافکا هەڵماڵێ کەئەوینداری دۆرا بووەو دۆراش لای خۆیەوە، سەرسام بووە بەتێکستە ئەدەبیەکانی و دڵخوازی جەستە لەڕوو لاوازەکەشی بووە.
لەوێستگەی بمیۆرتیز، کافکا چاوی بەدۆرا دیامانت دەکەوێت کە لەمەتبەخێکدا خەریکی ماسی چاککردنە. لەوکاتەدا کافکا بەموجامەلەیەکەوە دەڵێت»ئەو دوو دەستە جوانە، کاری قەسابی دەکەن!»
دۆرا لەلێدوانێکیدا کە لەکتێبی (کافکام ناسی)دا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت»کافکا بەردەوام ڕوخۆش و دەم بەخەندە بووەو حەزی بەگەمەو نوکتەو سەرگەرمی بووە. زۆر گرنگی بەسەروسەکت و جل و بەرگی خۆی داوەو حەزی بەبازاڕکردن هەبووە، لەبەرئەوەی ئارەزووی ئەوەی کردووە، تێکەڵ بەخەڵکانی سادەو ساکاربێت».
کافکا لەگەڵ دۆرا، بۆ مانەوە ڕوو لەبەرلین دەکات و ئەوەش هەنگاوێکە ، هەرگیز نەی وێراوە بینێ و بەدرێژایی تەمەنی هەر لەپراگ و لەماڵە باوانیدا ژیاوە. لەوکاتەشدا بەرلین بەهۆی هەڵاوسانی ئابوریەوە، لەدۆخێکی تەواو ناهەمواردا بووە. ڕیزی دوورودرێژی هاوڵاتیان لەبەردەم کۆگا بازرگانیەکان، لەهەموو جێیەکی شارەکەدا بەدی دەکرا.
کافکاو دۆراش ژیانیان لەوێ زەحمەت بووە، لەبەرئەوەی دۆخی داراییان باش نەبووە. سەروەختێک لەدوسڵدۆرف دەبن، پێکەوە لای خاتوو (ڕێتمان) دەمێننەوەو ژورێکی گەورەیان دەبێت کەکارەبای دەبێت و لەبەردەم ئاپارتمانەکەیدا، پارکێکی جوانی لێدەبێت.لەو قۆناغەدا کافکا کەمێک ئارامی و دڵنیایی بۆ دەگەڕێتەوەو ئەوەش دەقۆزێتەوە بۆ نوسینی چیرۆکەکانی: (بەسەرهاتی سەگێک، جۆزڤینەی سترانبێژ و ژنێکی گچکە).
پێدەچێت بۆماوەیەک تارماییەکان وازیان لە کافکا هێنابێت. ئەوەتا بەماکس برۆدی هاوڕێی دەڵێت»هەڵهاتم لەدەستیان، ئەویش بەهۆی ئەم هاتنە قەشەنگەمەوە بۆ بەرلین.. ئەمێستا لەدووم دەگەڕێت، وەلێ نام دۆزێتەوە. لانی کەم، هەتا ئێستا شوێنم نازانێت»
بەڵام ئەو ماوەیە زۆر ناخایەنێت و کافکا زۆر بەتوندی خوێن دێنێتەوە. دەردە سیل لەپەل و پۆی دەخات و بەیارمەتی ماکس برۆدی هاوڕێی، دەگەڕێتەوە بۆ پراگ.بەدەم خوێن هێنانەوە داخڵ بە نەخۆشخانە دەکرێت و توانای قسەکردنی نامێنێ. ناچار لەڕێی نوسینی سەرپارچە کاغەز، لەگەڵ دۆراو هاوڕێی گیانی بەگیانی ڕۆبێر کلوبشتۆک و کەسە نزیکەکانی، بەردەوام دەبێـت.
لەئان و ساتێکدا کەباری تەندروستی تەواو تێک دەچێت، داوا دەکات دەرزییەکی ئازار شکێنی لێبدەن تا کەمێک پشووبدات، وەلێ ڕۆبێر ڕازی نابێت.زۆر بەزەحمەت دەتوانێت پەنجەی بجوڵێنێت و دوا وشە بۆ هاوڕێکەی دەنوسێت و دەڵێت: (بمکوژە، ئەگەرنا ئەوا تۆ تاوانباریت).
دۆرا لەبەڕێکردنی تەرمەکەی کافکادا، بەشداردەبێت و لەگۆڕستانی (ستراز شمیت) لەشاری پراگ بەخاک دەسپێردرێت و دوای ئەوە دۆرا دەگەڕێتەوە بۆ بەرلین و بەجۆدێتی هاوڕێی ڕادەگەیەنێت کە سکی هەیە.
میکائیل کۆبفمۆلەر (جوانی ژیان: دواین ئەوینی کافکا)ی زۆر بەناسکی نوسیووەو ویستویەتی، زیاتر لە ژیانی کافکا (بەتایبەت لەقۆناغەکانی کۆتایی) نزیک بێتەوە. ئەوکارەش بە بێ هیچ لاف و گەزافێکی ئایدیۆلۆژی یان ئەکادیمیی، ئەنجام دەدات و خۆی لەپەراوێز نوسین و لێکدانەوە بەدووردەگرێت و هەوڵی داوە، وێنەیەکمان لەژیانێکی بەختەوەر بۆ بگوازێتەوە کەکافکا وەک عاشقێک و دڵخوازێکی ژن و ژیان گوزەراندویەتی.
وەرگێرانی: هاوڵاتی