ترەمپ: دیبەیت بە ئۆنلاین ناکەم

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
کۆمیسیۆنی رێکخەری دیبەیتەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند، دووەم دیبەیتی نێوان پاڵیوراوانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە ئۆنلاین بەڕێوە دەچێت بەهۆی تووشبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام ترەمپ رەتیدەکاتەوە بە ئۆنلاین بەشداری بکات.
کۆمیسۆنەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕیارەکەی راگەیاند، چەند خولەکێک دواتر دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینی لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فۆکس نیوز و لە بەرنامەی فۆکس بزنس ئاماژەی بەوەدا، دیبەیتی ئۆنلاین لەلای قبووڵکراو نییە.
ترەمپ ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنەی کە دیبەیتەکان رێکدەخات، بە لایەنگیری بۆ بایدن تۆمەتبارکرد، وتیشی، وابیردەکاتەوە کە نێوەندگیری دیبەیتەکە لە ئۆنلایندا لەوانەیە قسەکانی پێببڕێت.
کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، بۆیە ئەو بڕیارەی داوە تاوەکو "سەلامەتی و تەندروستیی هەموولایەکی بەشدار لە دیبەیتەکە بپارێزێت. ترەمپیش دەڵێت، ئەگەر هەست بکات هێشتا کاریگەریی ڤایرۆسەکەی لەسەر ماوە و نیشانەکانی هەیە، بەشداری دیبەتی راستەوخۆ ناکات. بەڵام ئێستا تەندروستیی باشە بۆ بەڕێوەبردنی کامپەینی هەڵبژاردن.
کاتی دووەم دیبەیتی پاڵیوراوانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە رۆژی هەینی داھاتوو 16ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
لە یەکەم دیبەیتی نێوانیان، ترەمپ و بایدن بە هێرشکردنە سەر یەکدی دەستیان پێکرد.
هاوکات کەیت بێدینگفیڵد، جێگری بەڕێوەبەری کامپەینی هەڵبژاردنەکانی جۆ بایدن، پاڵێوراوای دیموکراتەکان ئامادەیی بایدنی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە دیبەیتی ئۆنلاین و وتی "بایدن بە پەرۆشە بۆئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ئەمریکا قسە بکات".
