تەنها 19%ی نەوتی سپی ماڵان گرەنتی کراوە بۆ زستان

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی، ماردین  نورەدەین

حکومەتی هەرێم تائێستا هیچ بڕە نەوتێکی سپی بۆ ماڵان دابین نەکردووەو تەنها حکومەتی عێراق بڕی (50) ملیۆن لیتری دابین کردووە، لەکاتێکدا هەرێم پیوێستی بە (253) ملیۆن لیترە بۆ ئەوەی هەر خێزانێک یەک بەرمیلی بەربکەوێت، بەوەش تەنها 19%ی دابینکراوەو دەدرێتە ناوچە شاخاوییەکان.

وەزارەتی نەوتی عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە بڕی (50) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ شەش ناوچەی هەرێمی کوردستان دابینبکات، بۆ هەر بەرمیلێک بڕی تەنها بە (31) هەزار و (500) دینار. بەڵام حکومەتی هەرێم گرەنتی هیچ بڕە نەوتێکی نەکردووە بیداتە هاووڵاتیان پیش هاتنی زستان.

سەرکۆ ئازاد ئەندامی لیژنهى وزهو سامانە سروشتییهکان و پیشهسازى و بازرگانی لەپەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند «هیچ گرەنتیەک نییە» حکومەتی هەرێم نەوتی سپی بداتە ماڵان.

ئەگەربێتو هەر ماڵێک یەک بەرمیلی بدرێتێ، هەرێمی کوردستان پێویستی بە (253) ملیۆن لیترە، بەغدا رەزامەندیی داوە لەسەر ناردنی پەنجا هەزار لیتر ، بەڵێنی داوە (50) ملیۆن لیتری دیکەش بنێرێت پێش هاتنی وەرزی زستان.

سەرکۆ ئازاد وتی «حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەنگاوێکی نەناوە جگە لەدابەشکردنی ئەوەی عێراق ناردویەتی، بۆیە هیچ گرنتیەک نیە».

هۆکاری دابیننەکردنی نەوتی سپی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەوەیە ئەرکی پاڵاوتنی سووتەمەنی داوە بەکۆمپانیاکان، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی کار گروپ و قەیوان گروپ لەهەولیرو سلێمانی.

هەرێمی کوردستان (203) ملیۆن و (200) هەزار لیتر نەوتی کەمە لەو بڕەی کە پێویستە بۆ ئەوەی هەر ماڵێک یەک بەرمیل نەوتی بەربکەوێت و بۆ پڕکردنەوەی ئەو بڕەش حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی تائیستا نەناوە.

بڕیارە سبەینێ سێشممە ئەندامی لیژنهى وزهو سامانە سروشتیهکان و پیشهسازى و بازرگانی لەپەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە سەبارەت بەنەوتی سپی.

سەرکۆ ئازاد وتی «جارێ دیاریکراو نیە کەی نەوتی سپی دابەشدەکرێت، نە خۆیان دەزانن، نە ئێمەش دەزانین، بەڵام دابەشکردنی نەوت بەپێی پارێزگا نییە، بەڵکو بەپێی خێزانە، هەر خێزانێک بەرمیلێکی پێدەدرێت و ئەولەویەت بۆ ناوچە شاخاوییەکانە».

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کەکۆپیەکەی دەست هاوڵاتی کەوتووە، رەزامەندیی نیشانداوە بەدابینکردنی بڕی (50) ملیۆن لیتر بۆ هەرێمی کوردستان.

لەنووسراوەکەدا هاتووە؛ پارێزگای سلێمانی بەئیدارەی گەرمیان و راپەڕینەوە بڕی (21) ملیۆن و (500) هەزار لیتری بەردەکەوێت کە لەیەک رۆژدا زیاتر لە (216) هەزار لیتر نەوتی سپی دەنێردرێت بۆ ئەو سێ شوێنە.

هەروەها پارێزگای هەولێر زیاتر لە (16) ملیۆن و (800) هەزار لیتر، رۆژانە (144) هەزار لیتر رەوانە دەکرێت.

پارێزگای هەڵەبجە پێنج ملیۆن و (250) هەزار، رۆژانە دەکاتە (36) هەزار لیتر.

پارێزگای دهۆک حەوت ملیۆن و (900) هەزار لیتر، کە رۆژانە دەکاتە دابەشکردنی (72) هەزار لیتر.

محەمەد حەسیب، بەڕێوبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، لەئێستادا بەغدا دەستی بەناردنی نەوتی سپی بۆ پارێزگای سلێمانی کردووەو لەدوای عەمبارکردنی بڕی پێویستی نەوت، لەماوەیەکی نزیکدا دەست بەدابەشکردنی دەکەین بەسەر ماڵاندا.

هەروەها ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر رایگەیاند کە لەکاتی گەیشتنی بڕە نەوتەکەی بەغدا بەهەمان ئەو نرخە دابەشدەکرێت کە لەبەغداوە دێت، ئەویش (31) هەزار و (500) دینارە بۆ هەر بەرمیلێک.

ئاری کاکە شین وتیشی «لەمانگی داهاتووشدا دەست بەدابەشکردنی نەوت دەکەین.»

پارێزگاری سلێمانی (10) رێگای خستووەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی لەو رێگایانەوە نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان دابینبکرێت، بژاردەی سەرەکیی ئەو نەوتەیە کەحکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستور دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی دابین بکات.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پاریزگاری سلێمانی وتی «لەدوای ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکانی ناوخۆو سامانە سروشتییەکان و وەزیری کاروباری پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، هەروەها لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراقیشدا ئەنجامیانداوە، حکومەتی فیدراڵ رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ناردنی بڕێک لەنەوتی سپی».

ئاشکراشیکرد کەحکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوت رەزامەندییان نیشانداوە لەقۆناغی یەکەمدا (50) ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابین بکەن، لەقۆناغی دووەمدا (50) ملیۆن لیتری دیکە دابین بکەن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی «بەڵام ئێمە وەڵاممان داونەتەوە کە ئەوە داخوازی و پێداویستی هاووڵاتیان لەهەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانییش دابین ناکات، ئومێد دەکەین رەزامەندی نیشان بدەن بەدابینکردنی کۆی ئەو پێداویستییانەی کە لەساڵێکدا بۆ پارێزگاکەمان و هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی یەک بەرمیل نەوت هەمانە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار