مردووانی کۆرۆنا زیاترن لەشەهیدانی شەڕی داعش

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود
ژمارەی ئەوانەی بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە لەحەوت مانگی رابردوودا، زیاترن لەشەهیدانی شەڕی داعش لە رووبەڕووبوونەوەکانی شەش ساڵی رابردوودا.
لەمانگی حوزەیرانی 2014دا کەداعش دەستیگرت بەسەر موسڵ و چەندین شاری عێراق و چەندین ناوچەی هاوسنووری هەرێمی کوردستان، هەتاوەکو هێرشەکانی ئەمدواییانەی ناوچەی کوڵەجۆی گەرمیان، هەزارو (742) پێشمەرگە شەهیدبوون، بەڵام ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا هەتا ئەمڕۆ دوو هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوڵاتی راگەیاند داعش لەمساڵدا (176) جار هێرشی کردۆتە سەر ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان.
روونیشیکردەوە کە لەسەرەتای شەڕی داعشەوە لە 2014 هەتا ئەمساڵ هەزارو (742) کەس شەهیدبوون.
ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بەکۆرۆنا لەشارەکانی هەرێمی کوردستان روو لەهەڵکشانەو بەرپرسانی تەندروستیش هۆشداری دەدەن لەهەڵکشانی زیاتر لەپایزو زستاندا ئەگەر خۆپاریزی هاوڵاتیان زیاتر نەبێت.
د.ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی تەندروستی هەرێم بە هاوڵاتی راگەیاند «راستە زیاتر کۆرۆنا هۆکار بووە بۆ مردن لەچاو هۆکارەکانی تر ئامارەکان زۆرە، یەکێک لەکێشەکان ئەوەیە خەڵک بڕوای بەکۆرۆنا نیە، ئێمە لەبەرچاومان ئازیزانمان لەدەست دەدەین، هەبووە بڕوای بەکۆرۆنا نەبووە ئازیزی خۆی لەدەستداوە، ئەوەندەی خۆپارێزی گرنگە چارەسەر گرنگ نیە».
یەکەم تووشبووى کۆرۆنا لەھەرێمى کوردستان له 1ى ئازارى ئەمساڵ راگەیەنراو دواى تەنھا سێ رۆژو له 4ى ئازاردا مەلایەکی ئاینى بەڤایرۆسى کۆرۆنا گیانى لەدەستداو وەک یەکەم حاڵەت تۆمارکرا. تائەمڕۆ مردوانی کۆرۆنا دوو هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
د.ئاسۆ حەوێزی وتی «وەک وەزارەتی تەندروستی جەختمان لەسەر ئەوەیە چۆن خەڵک هەست بە بەرپرسیارێتی بکات، ئەگەر تاڕادەیەکی زۆریش نەتوانین کۆنترۆڵی بکەین، بەڵام وابکەین کەم بکرێتەوە رێژەکە».
هەرێمی کوردستان هیچ گفتوگۆیەکی نەکردووە لەگەڵ هیچ وڵاتیک سەبارەت بەڤاکسینی کۆۆرۆنا، د.ئاسۆ وتی «مەسەلەی ڤاکسین پەیوەستە بەحکومەتی فیدڕاڵ، حکومەتی عێراقی لەحاڵەتی بوونی هەر شتێکی نوێ گرێبەستی هەیە، پەیوەندیمان لەگەڵ تەندروستی عێراق زۆر باشەو ئاگامان لەیەک هەیە بەتایبەت رەوشی کۆرۆنا پەیوەستە بەهەموو عێراق نەک تەنها هەرێم چ لەڕووی دەرمان چ لەڕووی چارەسەرو ئەو پڕۆتۆکۆلانەی کە دێن».
باسی لەوەش کرد کە نیازیان نیە قەدەغەی هاتوچۆ رانگەیەنن، بەڵام هەر بەڕێوەبەرایەتیەک سەر بەوەزارەتی تەندروستی هەست بکات لەشوێنێک پێویستی بە قەدەغەی هاتوچۆ هەیە، دەتوانێت نووسراو بکات بۆ وەزیری تەندروستی و سەیری داواکەی دەکرێت و دەدرێتە لایەنی پەیوەندیدار.
وتەبێژى تەندروستى هەرێمى کوردستان، ئەوەشى روونکردەوه لەئێستادا بەپێى ئامارەکان لەپارێزگاى دەۆک رێژەى گیانلەدهستدان و تووشبوانى کۆرۆنا زۆر زیادیکردووه بەراورد بەپارێزگاکانى سلێمانى و هەولێر.
بەپێى ئاماره فەرمییەکانى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم رێژەى گیانلەدەستدان بەڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەدا 3.7% -ە لەھەرێمى کوردستاندا.
لەدواى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەمانگى ئازارى 2020و زیادبوونى حاڵەتەکان زیاتر لەمانگێک کەرەنتین لەهەرێمى کوردستاندا راگەیەندرا.
بەپێێ ئامارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتوچۆى هەرێم لەسەرەتاى ئەمساڵ تا 30ى حوزەیران، ژمارەى رووداوەکان هەزارو (301) رووداوى هاتوچۆ روویانداوهو دوو هەزارو (13) کەس برینداربوون و (198)کەس گیانیان لەدەستداوه.
ئەسعەد مەلا کەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەرێم، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت »ئەمساڵ بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناو کەرەنتینەکردن رووداوەکان زۆر کەمتر بوون لەساڵانى رابردوو، بەهۆى کەمى هاتوچۆو کەمى رووداوەکانەوه«

