مەزڵوم کۆبانی پشتیوانی داوایەکی سوید دەکات سەبارەت بە ھێزەکانی تورکیا لە رۆژئاڤا

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (ھەسەدە) پشتیوانی داواكەی سوید بۆ كشانەوەی هێزەكانی توركیا لەناو خاكی رۆژئاوای کوردستان و سوریا دەكات.
ڕۆژی سێشەممە ئان لیندا، وەزیری دەرەوەی سوید سەردانی توركیای كرد و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە داواكاریی وڵاتەكەی و یەكێتیی ئەوروپای دووبارەكردەوە بۆ كشانەوەی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان و وتی، "هەڵوێستی بەهێزی یەكێتیی ئەوروپا وەكو خۆی ماوە، بەردەوامین لە هاندانی توركیا بۆ كشانەوە".
ئان لیندا وتیشی "یەكێتیی ئەوروپا چاوەڕوانە توركیا هەنگاوی بونیادنەرانە بنێت سەبارەت بە دیموكراسی و مافی مرۆڤ".
مەزڵوم عەبدی (کۆبانی)، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هەسەدە لە تویتێکدا وتی "هاوهەڵوێستین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید دەربارەی ئەو پێشێلكارییانەی توركیا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامیداوە".
لە تویتێكدا، كە درەنگانی شەوی ڕابردوو چوارشەممە 14ی تشرینی یەكەم بڵاویكردووەتەوە وتی "پشتیوانی داواكەی سوید لە توركیا دەكەین دەربارەی كشانەوەی هێزەكانی لە سوریا و كاركردن لەسەر چارەسەرێكی سیاسی كە ڕێز لە یەكێتیی خاكی سوریا و هەمەڕەنگییە سیاسییەكەی بگرێت"

