دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمریکا دەکەوێتە بەھاری داھاتوو

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

ئانتۆنی فاوچی پزیشکی تایبەتی نەخۆشیە گوازراوەکان لە ئەمریکا رایەگەیاند بەهاری داھاتوو ڤاکسین بۆ زۆربەی ئەمریکییەکان ئامادە دەبێت و راشیگەیاند هەموو ئەو ڤاکسینانەی لە قۆناخی تاقیکردنەوەدان، "سەلامەت و کاریگەرن".

دکتۆر ئانتۆنی فاوچی بە میدیای ئەمریکی راگەیاند "پێشبینی دەکەین لە چارەکی یەکەمی 2021 ڤاکسینەکە بەردەست بێت" و بەوردییش مانگی نیسانی بۆ دابەشکردنی بەسەر ئەمریکییەکاندا دەستنیشانکرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پیشتر رایگەیاندبوو لە سەرەتای مانگی 11دا پیش بەڕیوەچوونی ھەڵبژاردنەکان ڤاکسین بەسەر ئەمریکییەکاندا دابەشبکرێت، بەڵام زاناکان ئەمە رەتدەکەنەوە، چونکە دەڵێن ئەگەر ئەمڕۆ ڤاکسین پەسەندبکرێت، پێویستی بە دوو مانگ چاودێری هەیە تاوەکو بزانن چۆن کاری خۆی دەکات.

دەیان ڤاکسین لە ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە کۆرۆنا پەرەیان پێدەدرێت، کەمتر لە 10 ڤاکسینیان لە قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەدان، هەردوو ڤاکسینی جۆنسن ئاند جۆنسن و ئاسترازینیکا بەهۆی ناسەلامەتییان وەستێندراون.

سەبارەت بە گەیشتنی ڤاکسین بە وڵاتانی دەرەوە، سۆمیا سوامیناتان، پسپۆڕی باڵا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ساڵی 2022 ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهاندا بەردەست بێت. جەخت دەکاتەوە کە یەکەم کاروانی ڤاکسین لە کەسانی بەتەمەن و تیمە پزیشکییەکان دەدرێت کە لە بەرەی پێشەوەی شەڕن لەدژی ڤایرۆسەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار