دەمیرتاش لەزیندانەوە: ئەردۆغان لێم دەترسیت بۆیە وەکو بارمتەیەکی سیاسی منی ھێشتۆتەوە

" ئێمە رۆڵەی گەلین ئەم گەلەش هەرگیز رۆڵەی خۆی لەبیری ناکات".

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە زیندانەوە رایگەیاند؛ ئەردۆغان بەهۆی ئەوەی لێی دەترسێت، بۆیە لە گرتووخانە هێشتوویەتییەوە. وتیشی "ئێمە رۆڵەی گەلین. ئەم گەلەش هەرگیز رۆڵەی خۆی لەبیری ناکات".

لەمیانی وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی تایبەتی کەناڵێکی راگەیاندنی تورکیا سەڵاحەددین دەمیرتاش باسی لەو سیاسەتە کرد کە دەسەڵات پەیڕەوی دەکات. بەتایبەتیش ئەو گوشارانەی لەسەر پارتەکەی هەیە.

دەمیرتاش وتی "من دەستبەسەر نیم، بەڵکو بارمتەیەکی سیاسیم. من بە دڵنیاییەوە دەزانم کە ئەردۆغان زۆر لە من دەترسێت و سڵم لێدەکاتەوە. هەر ئەمەش هۆکارە کە من لێرە دەهێڵێتەوە. بەڵام من و ئەوانەی وەکو منن لە چوار دیواردا جێگەمان نابێتەوە کە ئەردۆغان لەمە تێناگات. چونکە ئێمە پیاوی هیج کەسێک نین، تەنیاو تەنیا رۆڵەی گەلین. ئەم گەلەش هەرگیز رۆڵەی خۆی لەبیرنەکردووە و لەبیری ناکات".

دەمیرتاش بە توانجەوە گوتی: "حسابی ئەوەش ناکەین کە چ کاتێک لێرە دەردەچین. تەنیا بەرگری دەکەین. دڵنیاشین لەوەی سەردەکەوین. ئەوە ئێمە نین حساب دەکەین، بەڵکو کەسانێک هەن حیسابی ئەوە دەکەن ئاخۆ چەند رۆژیان لە دەسەڵات ماوە".

لەبارەی ئەو گوشارانەی لەسەر هەدەپە هەیە دەمیرتاش  دەڵێت لە نیسانی 2009وە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پارتەکەیان بێ پچڕانەوە بەردەوامە. لەوکاتەوە زیاتر لە 20 هەزار هەدەپەیی دەستگیرکران یان خراونەتە گرتووخانەوە. دەمیرتاش هەروەها دەڵێ زیاتر ئەو ئەندامانەمان کە ناسراون دەبنە رۆژەڤی تورکیا، ئەگەرنا هەفتانە دەیان ئەندام دەستگیردەکرێت

دەمیرتاش قسەی لەسەر دۆسیەی ئەمدواییەی گرتن و راوەدوونانی ئەندامانی هەدەپە کرد کە بە دۆسیەی کۆبانێ ناسراوە و وتی "دەسەڵات دەیەوێ بە دروستکردنی زنجیرەیەک تۆمەت لەسەر رووداوەکانی کۆبانێ لە ساڵی 2014، هەدەپە بڕووخێنێت. ئێمە دەتوانین تەواوی رووداوەکان رۆشن بکەینەوە و وردەکارییەکان بخەینەڕوو. بەڵام دەسەڵات زیاتر دەیەوێت بە تۆمەتبارکردنی هەدەپە بە یەک بەرد چەند چۆلەیەک بکوژێت. بەڵام ئێمە خەبات و بەرگری دەکەین. لەبەر ئەوەشە سەرناکەون لەم هەنگاوەیان، هەرگیز سەرناکەون".

لەبارەی هەوڵی داخستنی هەدەپە دەمیرتاش رایگەیاند "ئەوان ناتوانن ئەمە بە خەیاڵیشیاندا بهێنن، چونکە هەدەپە دووبارە بە هێزێکی وەها دەگەڕێتەوە مەیدان کە تاکە زەرەرمەند خۆیان دەبن. ئەوان وادەزانن لە بارمەتکردنی ئێمە دەبێتە هۆی لەنێوچوونی هەدەپە. لەکاتێکدا ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەبەر چاوانە"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار