‌هیومان رایتس وۆچ: پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ئازاد بکرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
ڕێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ -هیومان رایتس وۆچ- ڕاپۆرتێکى بڵاوکردۆته‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌، به‌پێى بڕیارى ساڵى 2018ى دادگاى مافه‌کانى مرۆڤی ‌ئه‌وروپا، پێویسته‌ حکومه‌تى تورکیا ده‌ستبه‌جێ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکى پێشوى پارتى دیموکراتى گه‌لان -هه‌ده‌په‌- ئازاد بکات.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 20ى تشرینى دووه‌مى 2020، رێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ -هیومان رایتس وۆچ- له‌ڕاپۆرته‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ "ده‌ستگیرکردنى ده‌میرتاش و هه‌شت ئه‌ندام په‌رله‌مانى ترى پارتى دیموکراتى گه‌لان که‌ به‌شێوه‌یه‌کى دیموکراتیک هه‌ڵبژێردرابون چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌م مانگه‌دا ده‌ستپێکى ده‌ستدرێژییه‌ به‌رده‌وامه‌کانى حکومه‌ت بوو بۆ سه‌ر پارته‌که‌و به‌شێکى فراوانترى هه‌نگاوه‌ سیاسییه‌کانى دادگایى کردنه‌کان و ده‌ستگیرکردنه‌کان بوو که‌ له‌ئه‌نجامى هه‌وڵى کوده‌تاکه‌ى 15 ى 7ى 2016 هاته‌ ئاراوه‌".

هیومان رایتس وۆچ ئه‌وه‌ دووپاتده‌که‌نه‌وه‌ که‌" پێویسته‌ حکومه‌تى تورکیا پێداچوونه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌ستگیرکردنى نوێنه‌رانى دیکه‌ى هه‌ده‌په‌دا بکات له‌ ناویاندا، هاوسه‌رۆکى پارته‌که‌ فیگان یوکسکداغ، که‌ هێشتا دادگاى مافه‌کانى مرۆڤى ئه‌وروپا بڕیارى له‌سه‌ر دۆسێکه‌ى نه‌داوه‌."

هه‌روه‌ها، هیوو ویله‌مسن به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى ئه‌وروپاو ناوه‌ڕاستى ئاسیاى ڕێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ ده‌ڵێت:"له‌ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردودا حکومه‌تى تورکیا پرۆسه‌ى یاسایى شێواندو به‌لاڕێدا برد له‌پێناو مه‌رامه‌ سیاسییه‌کانى خۆیدا بۆ هێشتنه‌وه‌ى سیاسه‌تمه‌دارانى وه‌کو سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگان یوکسه‌کداغ و نوێنه‌رانى ترى پێشوى هه‌ده‌په‌ له‌زیندان."

هاوکات، ئه‌وه‌شى راشیگه‌یاندووه‌، "حکومه‌تى تورکیا زیندانیکردن‌و ڕێکاره‌ تاوانکاره‌کانى له‌هه‌ڵمه‌تێکى سه‌رکوتکارانه‌دا به‌تایبه‌تى له‌دژى ده‌میرتاش به‌هه‌ڵه‌ به‌کارهێناوه‌، له‌وانه‌شدا پشتگوێخستنى بڕیارێکى دادگاى مافه‌کانى مرۆڤى ئه‌وروپا بۆ ئازادکردنى و دانانى تۆمه‌تى بێبنه‌ماى نوێ له‌دژى بۆ هێشتنه‌وه‌ى له‌زیندان".
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش چوارساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستگیرکرا، پاش ئه‌وه‌ى به‌تۆمه‌تى په‌یوه‌ندی به‌ڕێکخراوی تیرۆریستییه‌وه‌ تاوانبار کرا، له‌ساڵى 2018 دادگاى مافه‌کانى مرۆڤى ئه‌وروپا ئه‌و تۆمه‌ته‌ى ڕه‌تکرده‌وه‌و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد که‌یسى ده‌میرتاش کراوه‌ به‌ که‌یسێکى سیاسى نه‌ک یاسایى.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار