ساتێک پێش بیرچوونه‌وه، کتێبێک له شێوه‌ى دراما
6 ساڵ لەمەوپێش
هیوا غفور شێخ پاڵه‌وانى
کتێبی (ساتێک پێش بیرچوونه‌وه) کتێبێکی قه‌باره مام ناوه‌ندی کامه‌ران سوبحانهو چاپخانه‌ی سه‌رده‌م به تیراژی (500) دانه چاپ و بڵاوی کردووه‌ته‌وه.
ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که
کتێبه‌که به‌شێوه‌یه‌کی درامی و سه‌رنجڕاکێش، باس له‌کۆمه‌ڵێک (نوسه‌ر و شاعیر و رۆماننوس و گۆرانی بێژ و هونه‌رمه‌ند)ی کورد ده‌کات. له کتێبه‌که‌دا، (41) که‌سایه‌تی به‌سه‌رکراوه‌ته‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش (5) که‌سیان له ژیاندا ماون و (36) که‌سایه‌تی دیکه‌شیان، کۆچی دواییان کردووه.
له گرنگترین ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی له کتێبه‌که‌دا باسکراون، وه‌ک (عه‌لادین سه‌جادی، هه‌ژار موکریانی، شێخ محمدی خاڵ، بێکه‌س، پیره‌مێرد، ئه‌حمه‌د هه‌ردی، جه‌مال شارباژێڕی، ئه‌حمه‌د موختار جاف، شێرکۆ بێکه‌س، عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجی، جه‌مال شارباژێڕی،مه‌زهه‌ری خالقی، ...هتد)
گرنگی ئه‌م کتێبه له چی دایه؟
گرنگی ئه‌م کتێبه له‌وه‌دایه، مێژوویه‌کی پرشنگداری پڕزانیاری هه‌ریه‌که له‌و که‌سایه‌تییانه، به‌شێوه‌یه‌کی درامی و جوڵه‌و هونه‌ری خراوه‌ته ڕوو، که تۆ هه‌ستناکه‌یت کتێب ده‌خوێنیته‌وه، به‌ڵکو واهه‌ستده‌که‌یت، به‌رامبه‌ر تیڤییهک دانیشتویت و هه‌ریه‌که له‌و که‌سایه‌تییانه له فیلمێک دا رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌گێڕن.
نوسه‌ر له باسی (عه‌لادین سه‌جادی) به‌شێوه‌یه‌ک باسی ده‌کات، که تۆ ئه‌و دێڕانه ده‌خوێنیته‌وه، واده‌زانی رێک له ساڵی سییه‌کاندا ده‌ژیت و له شه‌قامی سابونکه‌ران وه‌ستاویت و به‌چاوی خۆت ئه‌م دیمه‌نانه ده‌بینی، یاخود له شاشه‌یه‌کی تیڤییه‌وه، ده‌یبینی. نوسه‌ر ده‌ڵێت «زۆربه‌ی ئێواران به جانتایه‌کی پڕ کتێبه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه. به شه‌قامی سابونکه‌راندا سه‌رده‌که‌وت بۆلای مامه یاره‌و به ته‌نیشت کارێزی وه‌ستا شه‌ریف دا ده‌ڕۆیشته‌وه بۆ مزگه‌وتی دیلێژه. هه‌رجارێک مه‌لایه‌کی باڵا مامناوه‌ندی به رووخسارێکی نورانی، به خۆی و جانتا چه‌رمه پڕ له کتێبه‌که‌یه‌وه ده‌رکه‌وتایه، له‌لای دوکاندار وفرۆشیارانی سابوونکه‌ران و گاوران، ده‌بووه جێگه‌ی سه‌رنج و ده‌یانوت ئه‌وه مه‌لا به‌خۆی و جانتاکه‌یه‌وه هات»
گرنگی ئه‌م کتێبه هه‌ر له‌وه‌دا نیه، که به‌شێوه‌یه‌کی درامی و سه‌رنجڕاکێش و جوان نوسراوه، به‌ڵکو له خستنه‌ڕووی ئه‌و زانیاری و به‌سه‌رهاتانه‌یه که له‌م کتێبه‌دا باسکراوه.
نووسه‌ر، کارێکی باشی کردووه، شاعیرێکی وه‌کو (عبدالرحیمی هه‌کاری) بهسهرکردووهتهوهو له‌م کتێبه‌دا باسی کردووه، ئاخر ئه‌و یه‌کێکه له نوێخوازه‌کانی شیعری کوردی و پێش (گۆران و شێخ نووری شێخ ساڵح و ره‌شید نه‌جیب) که‌وتووه. وه‌ک فه‌ر هاد پیرباڵ له کتێبی، (شیعری نوێی کوردی) ده‌ڵێت (( ع. ره‌حیمی هه‌کاری، پێش شێخ نووری، یه‌که‌م شاعیربووه، له ئه‌ده‌بیاتی نوێماندا که به‌کرده‌وه، کێشی په‌نجه‌ی گۆرانی کوردی، واته هیجائی خۆماڵی له شیعر نووسیندا به‌کار هێنابێت)
عبدالرحیمی هه‌کاری، جگه‌له‌وه‌ی شاعیر بووه، چیرۆک نووس و شانۆ نووس و وتار نوسیش بووه. یه‌که‌م نوسه‌ری کورده که شانۆ نامه‌ی هێناوه‌ته ناو ئه‌ده‌بیاتی کوردییه‌وه، که شانۆی (مهمی ئالان)ه له ساڵی 1919.
له باسی هه‌ژار موکریانیش دا، که هه‌رچه‌ندی له‌باره‌یه‌وه بنوسرێت که‌مه‌و هێشتا ناگاته ئاستی ئه‌و نووسه‌ره پڕهونهره، که به‌داخه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی کاتی خۆی نزیکی مه‌لا مستهقای بارزانی بووه، وه‌ک پێویست بایه‌خی پێ‌نادرێت و فه‌رامۆشکراوه، به‌ڵام نوسه‌ر له‌م کتێبه‌دا به‌سه‌ری کردووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی شانازییه بۆ هه‌ژار موکریانی، که جگه‌له‌وه‌ی زمانزانێک و شاعیر و نوسه‌ر و خاوه‌ن فه‌رهه‌نگێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه له‌و شهدا. هه‌روه‌ها وه‌رگێڕێکی به تواناش بووه، وه‌ک نووسه‌ر له کتێبه که‌ی دا ئاماژه‌ی بۆ کردووه و ده‌ڵێت :»فارسه‌کان، (700) ساڵ ویستیان کتێبی (قانون در گب) ی ابن سینا، بکه‌نه فارسی، هیچ وه‌رگێڕێکی فارس، توانا‌و سه‌لیقه‌ی وه‌رگێڕانی نه‌بوو به فارسی، هه‌ژار له‌ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا کردی و تائێستا ملیۆنه‌ها دانه‌ی لێ فرۆشراوه«
له باسی حوسین حوزنی موکریانی دا، به باشی هه‌وڵ و توانا‌و خه‌مه‌کانی ئه‌و مێژوو نووسه ده‌خاته ڕوو، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی که داخێکی گه‌وره‌یه، ئه‌و مێژوونووسه، به‌و هه‌وڵ و خه‌مه‌ی که هه‌ی بووه بۆکورد، به‌ڵام هه‌موو پاداشتی ئه‌م میژوو نووسه ئه‌وه بووه، به جاسووس و نۆکه‌ری بێگانه‌یان زانیوه.
نوسه‌ر له باسی تۆفیق وه‌هبی و ئه‌مین زه‌کی به‌گ و مه‌ولاناخالید و شێخ محمدی خاڵ، فیلمێکی سینه‌مایی درووستده‌کات و تاسه‌ی خوێنه‌ر ده‌شکێنێت.
هه‌ر له‌م کتێبه‌دا، جگه له باسی نوسه‌ران و مێژوونووسان و شاعیران، لایه‌کیش له هونه‌ری گۆرانی وتنیش کراوه‌ته‌وه‌و له رێگه‌ی وشه‌وه به ده‌نگی پڕنهغمهی (حه‌مه جه‌زا ، مه‌زهه‌ری خالقی، سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی، که‌ریم کابان، عه‌باسی که‌مه‌ندی، ئه‌حمه‌د کایا) ئاشنا ده‌بیت و کاتێک ئه‌و دێڕانه ده‌خوێنیته‌وه، ده‌ده‌ی له شه‌قه‌ی باڵ و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که له گۆرانییه‌کانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌دا ئاوێزانی یه‌کتر ده‌بن))
هۆکارێکی تر که جوانی به‌م کتێبه به‌خشیوه، ئه‌وه‌یه له باسکردنی هه‌ندێ له که‌سایه‌تییه‌کان دا، شیعرێکی شێرکۆ بێکه‌س که وه‌سفی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ی کردووه، هێناویه‌تییه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نزیکی نووسه‌ر له شێرکۆ بێکهسهوهیهوهو ئاگاداری شیعره‌کانی شاعیره.
نووسه‌ر خه‌م له‌چی ده‌خوات؟
له باسکردنی زۆربه‌ی ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی که له‌م کتێبه‌دا باسکراوه، نووسه‌ر خه‌م بۆ ئه‌وه ده‌خوات، که چۆن تا له ژیاندا بوون، به شایسته‌و رێزه‌وه بۆ کار و به‌رهه‌مه‌کانیان نهڕوانراوهو رێزیان لێ نه‌گیراوه، هه‌روه‌ها پرسهکانیشیان به چۆڵی و سارد و سڕی بهڕێکراوهو که‌مترین که‌س وه‌کو وه‌فایه‌ک بۆ که‌سایه‌تییانه به‌شدارییان کردووه، نموونه‌ی پرسه‌ی (جیهاد دڵپاک و محێدین زه‌نگه‌نه‌و که‌ریم شاره‌زا....هتد به نمونه ده‌هێنێته‌وه‌و له پرسه‌ی ناشتنی حوسێن حوزنی موکریانی دا ، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات، جگه له هه‌ژار موکریانی و هاوژینه‌که‌ی و سێ که‌سی تر، که‌س ئاماده‌ی ناشتنه‌که‌ی نه‌بووه. هه‌روه‌ها له‌دوای کۆچکردنیشیان، خه‌م بۆ ئه‌وه ده‌خوات، که گۆڕه‌کانیان ونن و که‌س پێیان نازانێت. وه‌کو گه‌لانی دونیا که گۆڕی نوسه‌ر و شاعیر و که‌سایه‌تیه‌کانیان گرنگییان پێ‌نادرێت، تا بکرێنه شوێنێکی گه‌شتیاری، خه‌ڵکانی بیانی و گه‌شتیاران له‌وڵاتانی دیکه‌وه، کاتێک سه‌ردانی کوردستان ده‌که‌ن، سه‌ردانی مه‌زاری که‌سایه‌تییه‌کانمان بکه‌ن.
دوا وته
ئه‌گه‌رچی ئه‌م کتێبه له‌وانه‌یه به‌شێک له زانیارییه‌کانی بۆ به‌شێک له خوێنه‌ران دووباره‌بن، به‌ڵام شێوازی نوسین و گێڕانه‌وه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌کی درامی و سه‌رنجڕاکێش و ئاستی زمان و لایه‌نی ههڵهچنیش، چێژێکی له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌دا ده‌یبینی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی که‌م و کوڕی بێت، نه‌نوسینی ئه‌و زانیارییانه‌یه که له‌م کتێبه‌دا باسکراوه. زانیاری و وه‌رگرتنی هه‌ر پهرگرافێک له کتێبێکی دیکه، ئه‌مانه‌تێکی زانستی یه‌و ده‌بێت ناوی سه‌رچاوه‌که‌ی بنوسرێت، که به‌داخه‌وه له‌م کتێبه‌دا ئه‌و لایه‌نه فه‌رامۆشکراوه.