لە رەخنەگرتن لەخۆرهەڵاتناسییەوە، بۆ رەخنەگرتن لە خۆرئاواناسی
-رۆشنبیرانی عەرەبو خۆرئاوا-
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئاشکرایە تێرمی خۆرهەڵاتناسی لەخۆرهەڵات و بەتایبەتیش لەنێو گەلانی ئیسلامی و وڵاتانی عەرەبیدا، ناوبانگێکی خراپی هەیە و هەموان سڵی لێدەکەنەوەو وەک ئامڕازێکی دەستی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزمی خۆرئاوایی سەیری دەکەن کە رۆڵی نەرێنی هەبووە، لەشێواندنی کلتور و مێژوو وێنەی مرۆڤی خۆرهەڵاتی و عەرەب و موسڵمانانو ... هتد.
بەڵام سەیرکردنی خۆرهەڵاتناسی بەوجۆرەو مامەڵەکردن لەگەڵ شارستانیەتی خۆرئاوا، وەک ناحەزو دوژمن و کانگای پۆخڵی، سەیرکردنێکی نادروستەو حوکمدانێکی ژیرانەو ئەقڵانیانە نییە.
بەوپێیەی کلتور و ژیاری پێرفێکت لەهیچ دەورو زەمانێکدا نەبوەو نابێت، ئەوا خۆرئاواش وەک شارستانییەتێکی دیاری سەر ئەم جوگرافیایە، نە هی ئەوەیە ستایش بکرێت تا ئاستی تەسلیم بوون پێی و پەرستنی، نەهی ئەوەشە بەنەفرەت بکرێتو ڕاست و چەپێکی بەسەردا بهێنرێت.
لەودیوو دوالیزمەی ڕق و خۆشەویستی، پەرستنو بەنەفرەتکردندا، گەلانی خۆرهەڵات پێویستیان بەوە هەیە هۆشیارییەکی نوێ، بەرامبەر خۆرئاوا پەیدابکەنو بەزمانێکی دیکە رەخنەی چەوتی و دیدگا هەڵەکانی بکەن.
ئەم کتێبە کەبەرهەمی کۆدیدارێکی بەرفراوانەو بەمەبەستی خۆرئاواناسی ئەنجامدراوە، هەوڵێکە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو خراپ لێکتێگەیشتنو بەدحاڵیبونەی لەنێوان خۆرهەڵاتو خۆرئاوادا دروستبووە. بەوردتر بڵێین ئەمە هەوڵی ژمارەیەکی زۆر بیرمەندو نوسەرو ڕۆشنبیری عەرەبە، بەمەبەستی دروستکردنی وشیارییەکی نوێو تێگەیشتنێکی جیاواز لەسەر ژیاری خۆرئاوا.
کتێبەکە 315 لاپەڕەی قەوارە گەورەیەو بەرگی دووەمە لەپرۆژەیەکی نوسەرو رۆژنامەنوسی میسری ئەحمەد ئەلشێخ کەساڵی 1999 بەرگی یەکەمی بەناوی (دیالۆگی خۆرهەڵاتناسی) چاپکردووەو بەرگی دووەمیشی (رۆشنبیرانی عەرەبو خۆرئاوا)، ساڵی 2000 لەلایەن سەنتەری عەرەبی بۆتوێژینەوەی خۆرئاوایی چاپکراوە.
جگە لەوە ئەحمەد ئەلشێخ خاوەنی کتێبی (خۆرهەڵاتو خۆرئاوا لەسەردەمی شەڕی خاچپەرستی)دایەو ئەوکتێبەش، لەنوسینی کلۆد کاهنەو ساڵی 1995 لەفەرەنیسەوە کردویەتی بەعەرەبی.
بۆتێگەیشتن لە ڕەخنەو گازندەی ڕۆشنبیرانی عەرەب، لەسەر ژیاری خۆرئاواو پرسی خۆرهەڵاتناسی، هەروەها بۆ ئاگادار بوون لەو هۆشیارییە نوێیەی لەبەراییەکانی سەدەی بیستویەکدا سەبارەت بەخۆرئاوا لەلایەن دەستەبژێرانی کۆمەڵگا عەرەبییەکانەوە هاتۆتە ئارا، خوێندنەوەی ئەم گفتوگۆیانەی لەم کتێبەدا هاتوون، هێجگار گرنگو پێویستە.
ئەوانەی بەشداربوون لەو گفتوگۆیەداو ڕاوبۆچونیان هەبووە لەسەر گەڵاڵەکردنی ئەو هۆشیارییە نوێیە بەرامبەر بەخۆرئاوا ئەمانەن: (زەکی نەجیب مەحمود، فەتحی ڕەزوان، فوئادزەکەریا، ئەنوەر عەبدولمەلیک، عەلی فەهمی، لویس عەوەز، محەمەد عەزیز ئەلحوبابی، مستەفا سەفوان، سەمیح فرسۆن، کەرەم خلە، ئەنتوان ئەلمەقدسی، ئەلسەید یاسین، ئەلحەبیب ئەلجنحانی، ئەنوەر لۆقا، موحسین مەهدی، عەلال سیناسر، عیزەدین قلوز، محەمەد ئەلنەیرب، ڕینێ حەبەشی، مەحمود ئەلقیعی، ئەمین مەعلوف).
جێی خۆیەتی لێرەدا بڵێین ڕۆشنبیری کوردی لەڕێگەی رۆشنبیرەکانیەوە، پێویستی بەوەیە وشیارییەکی نوێو تێگەیشتنێکی سەردەمییانە بەرامبەر (بەویدی) بێنێتە ئارا، ئیتر ئەو (ئەوی دی)یە عەرەب بێت یان تورک یاخود فارس یان خۆرئاوا.
ئاخر لەم سەردەمی گڵۆباڵەدا مرۆڤ ناتوانێت هەر لەرێی تێگەیشتنە باوەکانەوە، مامەڵە لەگەڵ دنیادا بکات.