ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەردۆغان تۆمەتبار دەکات بەهەڕاجکردنی موڵکە بەنرخەکەی ئەستەنبوڵ بەقەتەرییەکان
ئەم هەڵمەتەی ئەردۆغان بۆ رزگارکردنی لیرەیە لەداڕووخان کە لەمساڵدا لەسەدا (٤٠)ی بەهای خۆی لەدەستداوە لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
"خۆشەویستیت بۆ قەتەر لەکوێوە سەریهەڵداوە؟" ئەمە وتەی کەمال کیڵیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا - گەلی کۆماری جەهەپەیە- بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی وڵات دوای فرۆشتنی لەسەدا١٠ی پشکەکانی بۆرسەی ئەستەنبوڵ بەقەتەر.
لە ٢٦ی مانگی رابردوو، دوای کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر، لەئەنقەرەی پایتەخت، سەرۆکی تورکیا بڕیاریدا لەسەدا ١٠ی بۆرسەی ئەستەنبوڵ بفرۆشێت بەدەوحە لەگەڵ فرۆشتنی چەندین زەوی و ناوچەی بازرگانی لەمیانی رێککەوتنێکی (١٠) خاڵیدا.
لەسەرەتادا بەهای فرۆشی پشکەکان ئەشکرا نەکرا لەلایەن ئەردۆغانەوە، بەڵام دوای پێنج رۆژ سندوقی خەزێنەی تورکیا بڵاویکردەوە پشکەکان بە (٢٠٠) ملیۆن دۆلار فرۆشراون و هەنگاوەکە بەهای گشتی پشکە فرۆشراوەکان بۆ دوو ملیار دۆلار بەرزدەکاتەوە بۆ بۆرسەی ئەستەنبوڵ. سندوقەکە ئەوەشی خستەڕوو لەئێستادا تورکیا تەنها خاوەندارییەتی لەسەدا ٨٠.٦٪ی بۆرسەکە دەکات دوای فرۆشتنی پشکەکان بەدەوحە، کۆی گشتی بەهای بۆرسەی تورکیا دەگاتە (١٧٢) ملیارو (٦٣٠) ملیۆن دۆلار.
فرۆشتنی ئەم پشکانە کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا لەناوخۆی وڵاتەکەو کەمال کیڵیچدار ئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن، تووڕەیی خۆی دەربری لەبڕیارەکە کە بەبێ راگەیاندنی تەندەر پشکەکان فرۆشراوەو وتی "رەنگە وڵاتێکی تر پارەی زۆرتری بدایە، بۆچی تەندەرێکت رێکنەخست؟"
ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە "خۆشەویستی" و پەیوەندییەکی توندی لەگەڵ قەتەر هەیەو وایلێکردووە کەگرنگی زیاد بەدەوحە بدرێت لەکڕینی پشکەکاندا، بەجۆرێک کیڵیچدار ئۆغلۆ وتی "ئەگەر سبەینێ نیوەی کۆشکی کۆماری فرۆشرا بەقەتەرییەکان، کەس سەرسام نەبێت".
لەدوای رێککەوتنی ستراتیجی نێوان هەردوو وڵات لە ٢٠١٤، قەتەر بەشێوەیەکی فراوان وەبەرهێنان لەتورکیادا دەکات. لەئایاری ئەمساڵ دەوحە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دراوی بەرزکردەوە بۆ سێ ئەوەندە بەبەهای (١٥) ملیار دۆلار، ئەمەش بۆ راگرتنی هاوسەنگی لیرەی تورکی.
. یەدەگی دراوی لەبانکی ناوەندی لەئێستادا لەتورکیا کەمترە لە (٥٤) ملیار دۆلار دوای فرۆشتنی (١٢٨) ملیار دۆلار بۆ پارێزگاریکردن لەبەهای لیرە.
لەڤیدیۆ کلیپێکدا کە پێنجشەممەی رابردوو لەتویتەر بڵاویکردەوە، ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئایندەو سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا، رایگەیاند ئەردۆغان "خیانەتی لەمتمانەی بۆرسە کردووەو داوای لێکرد بەکردارەکانیدا بچێتەوە.
داودئۆغلۆ وتیشی: "بەڕێز ئەردۆغان ناتوانیت ئەم وێرانکارییە پەردەپۆش بکەیت، ئەم وڵاتە بۆرسەی تۆ نییە، بازاڕی تۆ نییە، دوکانی تۆ نییە، تورکیا وڵاتێکە کە نەتەوەیەک تێیدا دەژی، نەتەوەیەک کەپێکهاتوون لەخەڵکی راستگۆ".
داودئۆغلۆ بەردەوام بوو لەقسەکانی و هۆشداریدا کە "جێی قبوڵ نییە لەئەردۆغان خۆش ببین بۆ ئەو کارەی کردی و کەسیش ناتوانێت خۆی لەم وێنارانکارییەی وڵاتەکە قوتار بکات بەداوای لێخۆشبوون. ئەوانەی زیان بەم وڵاتە دەگەیەنن تۆمەتبار دەکرێن".
لەوتارەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەندازیاری میکانیزمی گەندەڵی لەوڵاتەکەیدا پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە)ی ئەردۆغانە.
هاوکات پەرلەمانی تورکیا، بەدەنگی پەرلەمانتارانی ئەکەپەو مەهەپە، پرۆژەیاسایەکی پارتی جەهەپەی رەتکردەوە کەبریتیبوو لەلێکۆڵینەوە لەفرۆشتنی پشکەکانی بۆرسەی ئەستەنبوڵ بەقەتەر.
دۆغان ئەرکان، پارێزەرو سکرتێری پارتی ئازادی گەڵ (هەکەپە)، رایگەیاند خەریکی تۆمارکردنی سکاڵایەکە دژی ئەردۆغان کەتۆمەتباری کردووە بەفرۆشتنی "سەرمایەی نەتەوەیی کەناکرێت بەتایبەتی بکرێت ئەگەر رێگەشی پێبدرێت".
"مەحاڵە راستەوخۆ پشکی بۆرسەی ئەستەنبوڵ بەقەتەرییەکان بفرۆشرێت"، ئەرکان وای وت.
پارێزەرە تورکییەکە وتیشی "دژی رێککەوتنەکەم بەتەواوی و گواستنەوەی مافی سەروەری ئەنقەرە رەتدەکەمەوە بۆ وڵاتێکی تر بەوپێیەی بۆرسەی ئەستەنبوڵ کۆمپانیایەکی حکومییەو نابێت پشکەکانی بفرۆشرێن بەدەرەوە بەپێی یاسایی ناوخۆ".
لەمیانی رێککەوتنە (١٠) خاڵییەکەدا، قەتەر لەسەدا (٤٢)ی پشکەکانی مۆڵی زەبەلاحی (ئیستینیە پارکی) بەیەک ملیار دۆلار کڕیوەو بەندەری (ئەکدەنیز)یش لەئەنتاڵیا بە (١٤٠) ملیۆن دۆلار بە دەوحە فرۆشراوە. هەروەها بەشێکی تری رێککەوتنەکە وەبەرهێنانی هاوبەش بوو لەپرۆژەی قۆچی ئاڵتونی (خەلیج) و دامەزراندنی لیژنەیەکی بازرگانی هاوبەش لەنیوان هەردوو وڵاتەکەدا.
دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی هەردوو وڵات لەئەنقەرە، ئەردۆغان رایگەیاند، "ئێمە بەردەوام دەبین لەهەماهەنگییەکانمان لەگەڵ خەڵکی ئازیزی قەتەر کە لەهەموو بوارێکدا پەیوەندی توندوتۆڵی لەمێژینەمان هەیە پێکەوە".
ئەنجومەنی شورای قەتەریش لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەمیانی کۆبوونەوەکاندا، تورکیاو قەتەر جەختیان کردەوە کەهەردوولا سوورن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بەهێزە برایانەکانیان و هەماهەنگییە ستراتیجییەکانیان لەبوارە جیاوازەکاندا".
بەپێی راپۆرتیکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، کۆی گشتی رێککەوتنەکانی هەردوولا گەیشتووەتە (٦٢) رێککەوتن بەهۆی ئەم هەماهەنگییە نوێیەوەو قەبارەی بازرگانی لەساڵی ٢٠٢٠دا لەنیوان دەوحەو ئەنقەرە بەڕێژەی لەسەدا ٦٪ زیادیکردووەو گەیشتووەتە یەک ملیار و (٦٠٠) ملیۆن دۆلار.
هەروەها ئەوەش هاتووە کەکۆی گشتی وەبەرهێنانی قەتەر لەتورکیا دەگاتە (٢٢) ملیار دۆلارو (١٧٩) کۆمپانیای قەتەری لەتورکیا کاردەکەن و (٥٣٣) کۆمپانیای تورکیش لەقەتەر خەریکی وەبەرهێنانن.
دەوترێت ئەمیری قەتەرو سەرۆکی تورکیا پەیوەندییەکی شەخسیشیان هەیە پێکەوە.
لەساڵی ٢٠١٨، تەمیم بن حەمەد فرۆکەیەکی جۆری بۆینگ (٧٤٧)ی وەک دیاری پێشکەشی ئەردۆغان کرد کەنرخەکەی (٥٠٠) ملیۆن دۆلارەو سەرۆکی تورکیا رایگەیاند دیارییەکە دەچێتە سەر خەزێنەی حکومەتەوە.
میری قەتەرو دایکیشی کۆمەڵێک زەویوزاریان کڕیوە لەنزیک کەناڵێکی ئاوی کە لەپلاندایە دروستبکرێت لەئەستەنبوڵ و ئەردۆغان باس لەوە دەکات کەناڵەکە جێگرەوەیەکی باشە بۆ کاروباری گواستنەوە بۆ بۆسفۆر.
رێککەوتننکانی ئەمدواییە چەندین پەرلەمانتاری تورکی تووشی شۆک کردووەو ئەکوت ئۆردوغدۆ، پەرلەمانتارێکی جەهەپە، باس لەوەدەکات کە "بەم شێوازە، تورکیا دەبێت بەموڵکی تایبەتی قەتەر لەداهاتوودا".