دواین زانیارییه‌کان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کانى وه‌فدى هه‌رێم له‌به‌غدا لێره ببینه
به‌غدا ره‌تیکردووه‌ته‌وه داهاتى نه‌وت له‌هه‌رێم وه‌ربگرێت و پێى راگه‌یاندنوون: نه‌وتمان ده‌وێت

5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
پاش 10 رۆژ له کۆبونه‌وه‌ى چڕ‌و گفتوگۆى به‌رده‌وامى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا ته‌نها یه‌ک وه‌ڵامیان وه‌رگرتووه که"ئه‌گه‌ر نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ده‌که‌ن فه‌رموون رێککه‌وتن ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر باسى ته‌نها داهاتى نه‌وت ده‌که‌ن بۆخۆتان بێت".
سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له گفتوگۆکانى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق که‌له‌به‌ر هه‌ستیارى دۆخه‌که نه‌یویست ناوى بهێندرێت به هاوڵاتى وت:"وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم که ده‌ڵێن پابه‌ندى یاساى کورتهێنانى داراین(یاساى قه‌رز) له‌وه‌دا ئاماژه به‌وه کراوه که هه‌رێم داهات ته‌سلیم بکات، به‌ڵام به‌غدا پێى راگه‌یاندوون ئه‌وه بۆ ئه‌م سێ مانگه‌ى کۆتایى ساڵ بووه‌و بۆ بودجه‌ى 2021 ده‌بێت نه‌وت ته‌سلیم بکه‌ن نه‌ک داهاتى نه‌وت".
هه‌روه‌ها وتیشى:" حکومه‌تى عێراق چه‌ند جارێک به وه‌فدى هه‌رێمیان وتووه ئه‌گه‌ر نه‌وت راده‌ستى به‌غدا ده‌که‌ن فه‌رموون رێککه‌وتن ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر باسى ته‌نها داهاتى نه‌وت ده‌که‌ن با بۆ خۆتان بێت ئێمه داهاتى نه‌وتمان ناوێت".
هاوکات باسى له‌وه‌شکرد که به‌غدا داواى کردووه لیژنه‌ى تایبه‌ت بنێرێته ده‌روازه سنورییه‌کانو جێگیر بکرێن که بزانرێت داهاتى ده‌روازه سنورییه‌کان چه‌نده، به‌ڵام وه‌فدى هه‌رێم پێیان وتوون داهات چه‌ند بێت له‌سه‌دا 50ى ده‌ده‌ینه عێراق، وتیشى:" هیچ متمانه‌یه‌ک له‌نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراقدا نییه".
له‌باره‌ى ده‌نگۆى ئه‌وه‌ى که نزیک بوون له رێککه‌وتن له‌کۆتایى هه‌فته‌ى رابردوودا، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که پێشنیارێک هه‌بووه داهاتى 430 هه‌زار به‌رمیل بدرێته کۆمپانیاى سۆمۆ زائیده‌ن نیوه‌ى داهاتى ده‌روازه سنورییه‌کان، به‌ڵام دواین جار به‌غدا ئه‌وه‌ى ره‌تکردووه‌ته‌وه.
له‌لایه‌کى دیکه‌وه، هاوژین عومه‌ر، راوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:"به‌و حوکمه‌ى به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت ده‌چین هیچ لایه‌نێکى سیاسى نایه‌وێت خۆى بکات به سورى به‌رله‌شکر بۆ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێمدا، چونکه ده‌زانن له‌سه‌ریان ده‌که‌وێت ئه‌گه‌ر هه‌رێم ته‌نها داهاتى نه‌وت ته‌سلیم بکات".
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که لێدوانه‌کانى وه‌فدى هه‌رێم باسى راده‌ستکردنى داهاتى نه‌وت ده‌که‌ن نه‌ک نه‌وت، ئه‌مه‌ش بۆ گه‌یشتن به رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا قورسه.

