قادر حه‌مه‌جان: ڕۆژ به‌ڕۆژ گیرفانى هاوڵاتیان به‌تاڵتر ده‌بێت
"جه‌رده‌یى له داهاتى نه‌وت و سه‌ر مه‌رزه‌کان و قاچاخچێتى له داغڵکردنى خواردنى ئێکسپایه‌ر و ماده‌ى سه‌ره‌تانیدا زیاد ده‌کات"

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندى یه‌کێتى رایگه‌یاند:"ڕۆژ به‌ڕۆژ گیرفانى ھاوڵاتیان به‌تاڵتر ده‌بێت و ئابورى وڵات له لێوارى ڕووخان و لێکترازاندایه، پێویسته کارێک بکرێت که قورسایى سه‌ر ژیان و گوزه‌رانى موچه‌خۆران و ھاوڵاتیان که‌مبکرێته‌وه".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 22ى کانونى یه‌که‌مى 2020، حاکم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندى یه‌کێتى له‌راگه‌یه‌نراوێکدا ده‌ڵێت:"ڕۆژ به‌ڕۆژ گیرفانى ھاوڵاتیان به‌تاڵتر ده‌بێت، ئابورى وڵات له لێوارى ڕوخان و لێکترازاندایه، گه‌نده‌ڵى تا بینه‌قاقاى حکومدارى چووه، جه‌رده‌یى له داھاتى نه‌وت و سه‌ر مه‌رزه‌کان و قاچاخچێتى له داغڵکردنى خواردنى ئێکسپایه‌ر و ماده‌ى سه‌ره‌تانیدا زیاد ده‌کات، لێبڕینى موچه و نه‌بونى موچه بۆ فه‌رمانبه‌ران وخانه‌نشینان، ھه‌روه‌ھا بۆ ھاوڵاتیان ھیچ ده‌رفه‌تێکى نه‌ھێشتوه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:" له‌ئێستادا بێکارى باڵى به‌سه‌ر گه‌نجانى وڵات‌دا کێشاوه، به تایبه‌ت له‌م کاته‌دا بڕیارى به‌رزکردنه‌وه‌ى نرخى دۆلار به‌رامبه‌ر دینارى نیشتمانى "رایچڵه‌کاندین".
قادرحه‌مه‌جان ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه" به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى دۆلار به‌ر له هه‌موو که‌س خه‌ڵکى هه‌ژار و بێده‌ره‌تانى نیشتیمان زه‌ره‌رى لێده‌کات و پێویسته کارێک بکرێت که قورسایى سه‌ر ژیان و گوزه‌رانى موچه‌خۆران و ھاوڵاتیان که‌مبکرێته‌وه، تا دۆخێکى ئابورى سه‌قامگیر بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێت، تا چیدى ھاوڵاتیان له‌م دۆخه ناهه‌مواره‌دا نه‌مێننه‌وه".

