به‌شیر حه‌داد: پشکى هه‌رێم به‌پێى رێککه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا جێگیر ده‌کرێت

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند:" پرۆژه‌یاساى بودجه گه‌یشتوه‌ته په‌رله‌مان و چاوه‌ڕوانده‌کرێت پشکى هه‌رێمى کوردستان به پێى رێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و پابه‌ندبونى هه‌ردولا به ده‌ستوره‌وه جێگیر بکرێت".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 29ى کانونى یه‌که‌مى 2020، به‌شیر خه‌لیل حه‌داد جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق له هه‌ژمارى فه‌رمى خۆى له تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووک بڵاویکردۆته‌وه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه پرۆژه یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى فیدراڵییه‌وه گه‌یشته ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و له‌سه‌ره‌تاى مانگى داهاتووشدا په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌رى کۆده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکردووه که گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه یاسایه ماوه‌ى 20 رۆژ تا مانگێک ده‌خایه‌نێت و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیش ده‌توانێت گۆڕانکارى له ناوه‌ڕۆکى یاساکه‌دا بکات.
حه‌داد راشیگه‌یاند" چاوه‌ڕێ ده‌کرێت له یاساى بودجه‌دا پشکى ھه‌رێمى کوردستان به پێى رێککه‌وتنى نێوان ھه‌ولێر و به‌غدا و پابه‌ندبوونى ھه‌ردوولا به ده‌ستووره‌وه جێگیر بکرێت، و گۆڕانکاریش له یاساکه‌دا بکرێت به ئاراسته‌ى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى فه‌رمانبه‌ران و چینى ھه‌ژار".
هاوکات جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆکردن و ته‌واوکردنى چه‌ند پرۆژه یاسایه‌کى گرنگ و له نێوانیاندا پرۆژه یاساى بودجه‌ى گشتى ساڵى 2021 ى عێراق، ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق وه‌رزى یه‌که‌مى یاسادانان له ساڵى سێیه‌مى یاسادانانى بۆ ماوه‌ى مانگێک، واته له3ى کانونى دووه‌مى 2020 تا 3ى شوباتى 2020 درێژکرده‌وه.
