ساڵی نوێ و رێگای سەرخستنی کوردستان

3 ساڵ لەمەوپێش



سوارە محەمەد
ئێمە ساڵێکی تری زاینیمان تێپەڕاند. ساڵی ٢٠٢٠ کۆتایی پێهات و چووینە ساڵی ٢٠٢١. لە زۆربەى هەرە زۆری ناوچەکانی جیهاندا مرۆڤەکان دەستیان بە ئاهەنگی ساڵی نوێ کرد و بە پیرۆزبایکردن چوونە ساڵی نوێ. بێگومان هەموو ئەو پیرۆزباییانە بە هیوای  روودانی شت باش ئەنجام دەدرێن. مرۆڤ هەمیشە هیوای ئەوەى هەیە بەرەو رۆژانی خۆش و گەش بڕوات و بۆ ئەوەش بە خرۆشان و حەماسەت و هیوایەکی گەورەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکات. سەرباری کۆرۆنا و هەموو سەختییەکانی ژیان دا لە ناو گەلی کوردیش دا هەموان بە هیوای گەورەوە پێیان نایە ساڵی ٢٠٢١.

 بێگومان هیوا و ئومێد باشن. هیوا و ئومێد مرۆڤ بە ژیانەوە دەبەستێتەوە و دەست بە هەوڵ و جموجوڵ دەکات، بەڵام بۆ ئەوەى ئومێد و هیواکان بەدی بێن، دەبێت مرۆڤ وانە و ئەنجامی راست و دروست لەو شتانە وەربگرێت کە روویانداوە. ئەگەر نا ئەستەمە مرۆڤ بە هیواکانی بگات و خۆی لە لەدەستدان و دۆڕانی گەورە رزگار بکات.

کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین و ئەمڕۆ لەم ناوچەیەدا شەڕێکی جیهانی هەیە. زۆر لایەن ئەو شەڕە بە شەڕی جیهانیی سێیەم پێناسە دەکەن. ئەگەر مرۆڤ سەرنج بدات، ئەوە دەبینێت، کە کوردستانیش لە ناو ئەو شەڕەدایە.

هەر خۆی لە سوریا شەڕ بەردەوامە. لە ئێستادا جوگرافیای سوریا بووە بە ٣ بەشەوە. رژێم بە پشتیوانیی رووسیا و ئێران درێژە بە مانەوەى خۆی دەدات. شۆڕشی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی فورات سەرباری هەموو مەترسییەکان بەردەوامیی بە هەبوونی خۆی دەدات و هەوڵ دەدات دەستکەوتەکانی شۆڕش بچەسپێنێت و بپارێزێت. عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی و چەند ناوچەى تر لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە داگیرکراون. وادیارە شەڕ لە سوریا بەردەوامیی دەبێت.

لە عێراق دەوڵەت لە ناو قەیراندایە. دوای رووخانی سەدام تاوەکو ئێستا هێشتا دەوڵەت نەچەسپاوە. دەوڵەتی عێراق بووە بە گۆڕەپانی  شەڕی دراوسێکانی و دەوڵەتە گەورەکانی جیهان. دوای ریفراندۆم ناکۆکیی حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی ناوەندی زیاتر بوون و درێژەیان هەیە. وادیارە ئەو کێشە و ناکۆکییانە بەردەوام دەبن، چونکە هیچ ئێرادەیەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لە گۆڕێدا نین.

 دەوڵەتی پاکتاوکاری تورکیا سەری ناوەتە ناو باشووری کووردستان و دەیەوێت هەموو خاکی باشووری کوردستان وەک خاکی خۆی بۆ جارێکیتر داگیر بکاتەوە. لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەى دەوڵەتى تورکیادا، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و گەلی باشووری کوردستان لە بەرەنگاریدان بۆ ئەوەی ئەو داگیرکەرییە سەر نەگرێت. وادیارە دەوڵەتى تورکیای داگیرکەر نایەوێت دەستبەرداری ئەو ئامانجەى بێت و نایەوێت بگەڕێتەوە و لە بەرامبەریشدا گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و گەلی کوردیش دەستبەرداری هەڵوێستی تێکۆشەرانەیان نابن و لێی پاشگەز نابنەوە. بۆیە ئەو شەڕەی ئێستا بەو پەڕی قورسی و دژواریی خۆییەوە بەردەوامیی دەبێت. 

لە شەنگال ئەو ئاڵۆزی و بارگرژییەى لە دوای رێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی عێراق روویاندا تاوەکو ئێستا بەردەوامن. لەبەر ئەوەى دان بە ئیرادەی گەلی ئێزدیماندا نانرێت و قبوڵییان ناکەن، ئەوانیش دەستبەرداری خۆبوونی خۆیان نابن و دەیانەوێت خۆیان کاروبارەکانی خۆیان بەڕێوەببەن و خۆیان پارێزگاری لە خۆیان بکەن، بۆیە ئەو بارگرژی و ئاڵۆزییە بەردەوام دەبێت. 

لە باشووری کوردستان بەرخودانی گەریلا لە دژی سوپای دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بەردەوامیی هەیە. بە داخەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لەو شەڕەدا رۆڵی گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلای لە ئەستۆ گرتووە. هێزەکانی گەریلا ئەو گەمارۆدانە بە ئامادەکاری و بەردەوامیدان بە شەڕ لێکدەدەنەوە. تەنانەت چەندجار بەهۆی هەوڵی چوونی هێزەکانی پارتی بۆ ناو بارەگای گەریلاکانی ئازادیی کوردستانەوە پێکدادانی بچووک روویاندا و بە داخەوە لەو پێکدادانانەدا لە هەر دوو لا کوژراو و بریندار هەبوون. وادیارە پارتی دەست لەو سیاسەتەى هەڵناگرێت و گەریلاکانی ئازادیی کوردستانیش دەستبەرداری هەڵوێستی بەرەنگاری و خۆڕاگرانەی خۆیان نابن. بە داخەوە  لەبەر ئەوەش لە هەموو کاتەکان زیاتر ئەگەری روودانی شەڕێکی ناوخۆیی لە گۆڕێدایە. 

لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئەوەى رژێمی ئێران دەست لە هەڵوێستە وشک و دۆگماتیک و دژە دیموکراتیکەکانی هەڵناگرێت ئاڵۆزییەکان بەردەوامییان دەبێت. لەبەر ئەو هەڵوێستانەیە، کە رژێمی ئێران تاوەکو ئێستا دانی بە هیچ یەک لە مافەکانی گەلی کورددا  نەناوە. تاوەکو دەچێت گەمارۆی سەر رژێمی ئێران زیاتر دەبێت، ئارامیی کۆمەڵگە تێکدەچێت، رژێم تووشی تەنگاوی و قەیرانی گەورەتر دەبێتەوە. هێزەکانی کوردیش هەوڵ دەدەن خۆیان لە ناو گەلی خۆیاندا بە رێکخستن بکەن و سوود لە دۆخی نێونەتەوەیی وەربگرن و مافی خۆیان بە دەست بهێنن. بۆ ئەوەش وادیارە هەم رژێمی ئێران و هەم هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان درێژە بە هەڵوێستەکانی خۆیان دەدەن و ئەوەش بە مانای ئاڵۆزی، شەڕ و پێکدادانە.

لە باکووری کوردستانیش ئەوە هەر خۆی سەد ساڵە دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات کۆتایی بە گەلی کورد بهێنێت و لە رگەوە کورد هەڵبکەنێت. رژێمی پاکتاوکاری تورکیا بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە دەیەوێت لە هەلومەرجی شەڕی جیهانیی سێیەمدا خۆی بەو ئامانجە فاشیستییانەیەی بگەیەنێت و گەلی کورد بسڕێتەوە. لە دۆخی ئێستادا حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە بە هەموو هێزی خۆیانەوە خۆیان بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەى گەلی کورد ئامادە کردووە، بەڵام لە دژی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەش بەرخودانی قارەمانانەى گەلی کورد و گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەردەوامییان هەیە. ئەو بەرخودانە دوور و درێژە ئەو حکومەتە پاکتاوکارە بەهێزەی هێناوەتە لێواری هەڵوەشانەوە. هەموو ئاماژەکان نیشانی دەدەن، هەر دوو لایان بۆ ئەوەى بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن بە هەموو هێزی خۆیانەوە تێدەکۆشن. لایەکیان هەوڵ دەدات کورد پاکتاو و سەرکوت بکات و لاکەى تریش هەوڵ دەدات بە تێکۆشانی خۆی رەگ و ریشەى ئەو هێزە پاکتاوکارە دەربهێنێت.

لە دۆخی ئێستادا و بەهۆی تایبەتمەندیی دەوڵەتی تورکیای پاکتاوکارەوە، کورد لە هەر چوارپارچەى کوردستان و لە دەرەوەى وڵات لەگەڵ ئەو رژێمە پاکتاوکارەدا لە ناو شەڕێکی گەورەدان. دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو کوردانە و بە هەوڵە پاکتاوکارییەکانی، کوردی لە هەموو پارچەکان کردووە بە دوژمنی خۆی. لەبەر ئەوەش لە ئێستادا تاوەکو دەچێت لە هەموو کوردستاندا هەڵوێستێکی نەتەوەیی و وڵاتپارێزانە لە دژی ئەو رژێمە پاکتاوکارە بەرەو پێش دەڕوات. هەر خۆی لە سەرەتای ساڵی رابردوودا گەلی کورد بە بایکۆتی کاڵا و کەلوپەلی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، زیانێکی زۆر گەورەیان لەو رژێمە دا، بەڵام بە داخەوە کۆرۆنا هات و بووە هاوڕێی ئەردۆغان و باخچەلی و فریایان کەوت. ئەوەى نەیهێشت حکومەتی ئەردۆغان – باخچەلی لەبەر یەک هەڵبوەشێتەوە، کۆرۆنا بوو.

ئەوەیە دۆخی گەلی کورد و کوردستان، وەک دەڵێن، سێ کەمە بۆی و پێنجیش زۆرە بۆی. دەبێت لەو هەلومەرجەدا گەلی کورد بڕیار بدات، کە دەیەوێت چی بکات، چونکە بە راستی ئەو هیوایەی کە لە ساڵی نوێ دا نوێیان کردەوە و بۆ ئەوەى بتوانن هیواکەیان بهێننە دی، دەبێت بە وردی و بە شێوەیەکی راست و دروست وانە لە ساڵی رابردوو وەربگرن.

بۆ ئەوەش دوو شتی بنەڕەتی پێویستن. یەک؛ دەبێت ئیدی هەموو هێزە کوردییەکان یەکبگرن، چونکە هەڵوێستی پارچەیی بۆ هەبوونی گەلی کورد گەورەترین مەترسییە. دووەم؛ دەبێت هەموو گەلی کورد یەک دەنگ لە دژی دەوڵەتی داگیرکەر و پاکتاوکاری تورکیا تێکۆشانی هاوبەش بەڕێوەببەن، چونکە لە ئێستادا گەورەترین دوژمنی گەلی کورد ئەو رژێمە پاکتاوکارەیە.

ئەگەر گەلی کورد ئەو شتە بکات، هەم ساڵی نوێ و هەم بە گشتیش ئەم سەدەیە لە هەموو روویەکەوە بۆ کورد بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار