قاسم سولەیمانی جیڤارا بوو، یان عەلی کیمیاوی؟؟
4 ساڵ لەمەوپێش
على محمود
دەمەوێت جیا بم و جیاش قسە بکەم، نە وەک گەشتیارانی باشووری بۆ شیمالی ئیران بدوێم، وە نە وەک سیاسییە پڕۆ ئیرانییەکان لەمەڕ کوردایەتی بەفایلەوە دروشم بدەم، نە وەک ئەو تەرزە نووسەرانەش لەمانای ئازادی و ئەخلاق پەیوەندیی نێوانیان لەفکرو نووسیندا تێنەگەیشتوون بیربکەمەوە، نە وەک هەنسکەی گریانی پرسەکەرانی سیخوڕخانەکان هەڵوێست بنوێنم، نە وەک ئەو پرسەو شەیپورەی کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ حاجی قاسمی سولەیمانیان بەرپاکرد بجوڵێمەوە، جیاش لەو چەپەی ئەمەریکاو ئیسرائیل عەقڵیانی کوێر کردۆتەوە، ئەوەی دژی ئەوان بێت دەیکەنە شۆڕشگێڕ، دەبێت مێژوو لەدواڕۆژدا چی لەسەر ئەو نووسین و راپۆرتانە بڵێت؟، کاتێک نەوەکانی داهاتوو خوێندنەوەیەکی ئەخلاقی بۆ وێنەی ریزی پرسەگەرانی سیخوڕخانەکان و رەفتارو نووسینەکان دەکەن؟، چی دەڵێن کە دەبینن گەلێکی قەسابی کراو چۆن ستایشی جەلادەکەی خۆی دەکات و چەقۆی ملی خۆی دەلێسێتەوە؟، چۆن ژمارەی فایلدارانی جاسوسخانەکان زیاترن لەفایلدارەکانی بەعس.
سولەیمانی کێ بوو؟، چۆن پێشکەوت؟
لە 11ی ئازاری 1957 لەگوندی « کەناڵ مالک» قەنات ملک «ی ژمارەی دانیشتوانی (441) کەس، (119) خێزان « سەر بەناوچەی رابور «ژمارەی دانیشتوانی (35) هەزارو (341) کەس، حەوت هەزارو (664) خێزان « لەپارێزگای کرمان لەخێزانیکی جوتیاری زۆر هەژار، کە بەهۆی چاکسازییەکانی زەوی ساڵی 1341ی شاوە، پارچەیەک زەوییان بەکەوت، منداڵێک چاوی بەژیان هەڵهێنا ناویان نا قاسم، ناوی باوکی حەسەن و ناوی دایکی فاتمە سولەیمانی، دەڵێن سولەیمانیەکان بە بنەچە لوڕن و لەناوچەی لوڕستان و بەختیارییەوە لەدەوروبەری ساڵی 1750ی زاینی کۆچیان کردووە بۆ پارێزگای کرمان، ئەو بەناوی قاسمی کوڕی حەسەنی کوڕی ئیمام عەلی-یەوە ناوی موبارەکی نراوە، ئەویش کە گەورە بوو وەک هەمان قاسم پێیی وابوو مردن وەک هەنگوینە لە پێناو عاشوراو حوسێندا، 40 ساڵ پۆستاڵی سەربازیی دانەکەند، تا لەکۆتادا هەنگوینەکەی بەنسیب بوو، تەنانەت لەناو هەنگوینەکە وا توایەوە، ئەنگوستیلەکەی پەنجەی و پشتڕاستکردنەوەی پشکنینی دی ئێن ئەی نەبوایا، دەوترا وەک عیساو ئەبو زەڕ هەڵکێشراوە بۆ تەبەقە نەناسروەکانی ئاسمان، دەبوایە لەچاوەڕوانی بوونایە بەمەهدی بوون بگەڕابایەتەوە، ئەو پێنج براو پێنج خوشکی هەبوو، یەکێک لەبراکانی بەناوی سوهراب سولەیمانی بەڕێوەبەری زیندانی تارانە، بەدڵڕەقی بەرامبەر بەزیندانیان و پێشێلکەری مافی مرۆڤ وەک جەلادێک لای ئازادیخوازانی ئێران ناسێنراوە، بۆ خۆشی زوو خێزان پێکەوە دەنێت، دوو کوڕو دوو کچی دەبێت، حوسێن و محەمەد رەزاو زەینەب، کچەکەی دی ناوی نەزانراوە «، ناوی هەموو منداڵەکانی عەشقی قوڵی شیعەگەرایی پێوە دیارە.
ئەو لەبەر هەژاری تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خویندو ساڵی 1969 واتا لەتەمەنی (12) ساڵی، لە لادێکەیانەوە روو لەشاری کرمان دەکات بۆ کرێکاری بیناسازی، بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکەی، تا قەرزە نۆ هەزار ریاڵییەکەی سەر باوکی بداتەوە، دواتر لەساڵی 1974 لەفەرمانگەی ئاوو ئاوەڕۆی شاری کرمان دەبێتە کارمەند.
لەوکاتەی شۆڕشی گەلانی ئێران کڵپەی سەندبوو لەلایەن گەنجە چەپگەراکانی ئێرانەوە، ساڵێک بەر لەسەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە رێگای حوجەتولئیسلام سەید رەزا کامیابەوە، کە لەمانگی رەمەزان لەشاری مەشهەدەوە هاتبووە کرمان، پەیوەندی بەخەتی روحوڵڵا خومەینیەوە دەکات، هەر کامیاب دواتر سولەیمانی بەئایەتوڵا خامنەئی دەناسێنێت و دەرگای چوونە پێشەوەی بۆ دەکرێتە سەر پشت، کە پاشتر ناوبراو یەکێک دەبێت لەوانەی لەلایەن رێکخراوی مجاهدینی خەلقی ئێرانەوە دەکوژرێت لەحەوتی موردادی 1360» 28-8-1981 «، ئەوان شەرمنانە بەشداری راپەڕینیان دەکرد، پەیوەندیەکەی تەنها زارەکی بوو و هیچ چالاکییەکی هەستپێکراوی نەبووە دژ بە رژێمی پاشایەتی، دەنا ئێستا بەشانازییەوە لەسیڤیەکی گەورەتر لەخۆی نیشان دەدرا، لەکاتێک وڵات کڵپەی دەداو لاوانی چەپی هاوتەمەنی ئەو پۆل پۆل بەرەو مەرگ دەچوون بۆ رووخاندنی رژێمی پاشایەتی، بێباکانە و بەوپەڕی عەشقەوە دوا هەناسەیان تێکەڵ لەگەڵ گازی سیانید دەدا، ئەمان لەکونجی مزگەوتەکانەوە بەدوعاکانیان دەکڕوزانەوە.
دوای سەرکەوتنی شۆڕش بۆ سەرکوتکردنی بەرەی شۆڕش و سەپاندنی حوکمی ئیسلامی، سوپای پاسداران رادەگەیەنرێت لەلایەن خومەینیەوە لە یەکشەممە رەشەکەی رێکەوتی 22ی نیسانی 1979، قاسم سولەیمانی لەکرمان زوو پەیوەندی پێوەدەکات، (45) رۆژ خولی سەربازیی خێرا دەبینێت لەلای رێکخراوی فەتحی فەڵەستینی، بەدوای راگەیاندنی جیهاد دژ بەخەڵکی کوردستان، کەخومەینی لەڕێکەوتی (١٩-٨-١٩٨٠) بەشێوەی فەرمی رایگەیاند، داوای لەلایەنگرانی سستەمی ویلایەتی فەقیە کرد ئەرکی شەرعی خۆیان لە هێرشکردنە سەر کوردستان و لەڕەگ دەرهێنانی“ کفرو ئیلحاد” بەجێ بهێنن، بەوەش شەڕێکی نەخوازراو بەسەر گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپێنرا، زۆر تاوانی قێزەون بەرامبەر بەم خەڵکە ئەنجامدران دەچنە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییە مەزنەکانەوە.
قاسم سولەیمانی و ئیسماعیل قائانی یەکێک بوونە لەوانەی لەیەکەم چرکە ساتەکانی دوای فتواکە روویان لەکوردستان کردووەو بەشداری کۆمەڵکوژی خەڵکیان کردووە، زۆر بەباشی ئەرکەکانیان جێبەجێ کردووە، وەک سایتی تابناکی پاسداران ئاماژەی پێداوە.
بەدوای فتواکەی خومەینی، سولەیمانی بەدوری زیاتر لەهەزارو (500) کیلۆمەتر خۆبەخشانە بێ وەرگرتنی موچە، لەکرمانەوە دەچێت بۆ شاری مهابادو ئازەرباینجانی رۆژئاوا بۆ بەشداریکردن لەغەزەواتی سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان، یەکەم بەشداریکرنی سولەیمانی، لەشەڕی خەڵکی کوردستان بەتایبەت شاری مهاباد بووە، کە لەوکاتە رۆڵی گرنگی لەجوڵانەوەی کوردستاندا دەگێڕا، گوایە لەوکاتە هەوڵی جیابوونەوەیان لەئێران دەداو خواستاری وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی کۆمۆنستی بوونە « http://www.alshiraa.com/topics/1568-kasm-slymany-aaaml-bna-drbth-hrk-fth-lykod-alhrs-althory-bklm-alsyd-sadk-almosoy».
ناوبراو لەشاری مهابادو ئازەربایجانی رۆژئاوا بەشداری شەڕەکان دەکات لەهاوینی ساڵی 1979 دا، کە لەو ماوەیەدا لەو ناوچەیە تاوانەکانی ئیعدامی مەیدانی دەرەوەی دادگاو تاوانی کۆمەڵکی کوژی قاڕناو قەڵاتان و ئیندرقاش ئەنجامدران، لێ ئەوکات بەهۆی بەشداری چالاکانەی لەسەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان، هەرچەندە پلەی بەرزکرایەوە لێ بەئەندازەی ئاغای ئیسماعیل قائانی فەرماندەی ئێستای سوپای قودس ناوو ناوبانگی نەبوو لەسەرکوتکردنەکە، وەلێ بەشداری دڵڕەقانەیان لەسەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان دەرگای بۆ ئەم جووتە کردەوە لەناو حوکمڕانی ئیسلامی ئێراندا، هەردووکیان بەدەرگای کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستاندا هاتنە ژورەوە.
بەشداریکردن لەشەڕەکان
قاسمی سولەیمانی یەکەم کاری بەشداریکردن بوو لەسەرکوتکردنی جوڵانەوەی گەلی کورد کە بۆ خودموختاری تێدەکۆشا لەو رۆژگارە لەبەرنامەیەکی هەشت خاڵی سادەو ساکاردا خۆی بەرجەستە کردبوو، ئەویش یەکێک بوو لەو جەنگاوەرانەی بەفتوای خومەینی پۆستاڵی لەپێ کردو بەشداری کرد لەسەرکوتکردنی جوڵانەوەی گەلی کورددا، تەنانەت دوای بەنی سەدریش پۆستاڵەکەی دانەکەند” دەڵێن (40) ساڵ پۆستاڵی لەپێدا بوەو سەرقاڵی جەنگ بووەو بێ پسانەوە لەجەنگێکەوە بۆ جەنگێکی تر چووە لەپێناوی ئێرانداو لەکاتێکدا کەزۆربەی پاسدارانی سەردەمی جەنگی ئێرانو عێراق وازیان هێنا، ئەم تامردن بەردەوام بووە»، ئەمەش لەدوو هەنگاوی دواتریدا بووە هۆی بەرزکردنەوەی پێگەی سەربازیی، بەزوویی دوای بەشدارییەکە کرایە فەرماندەی پاسدارە کرمانیەکان، بەرزترین پلە بوو لەناو پاسدارانی هاوشارییدا، دوای سێ ساڵ بووە فەرماندەی تیپ، دواتر دەبێتە سەر فەرماندەی لەشکری (41)ی ساروڵا، کە چەکدارانی سیستان و بلوجستان و هرمزگان و کرمانی لەخۆدەگرت.
لەساڵی 1998 لەکاتی هاتنەسەر کاری تاڵبان لەئەفغانستان، کەسوپای قودس دامەزرا، ئەو وەک فەرماندەیەکی مەزهەبگەرای توندڕەوو خاوەند ئەزموون لەسەرکوتکردنی گەلی کورد کرایە فەرماندەی سوپاکە، چونکە کارەکانی هاوشێوەی کارەکەی کوردستانی بوو، بەهۆی جیایی مەزهەبەوە ئەوەندە رقی لەتاڵیبان بوو تا ئاستێک، شەیتانی گەورەی لەبیر بردبووەوە.
سوپای قودس کەبەرپرسە لەئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسداران، ئەوەش کردوویەتیە هێزێکی سەرەکی لەعێراق و لوبنان و سوریاو یەمەن، کاریگەر لەئەفغانستان و بەحرێن و کوەیت و سعودیە و ....تاد .
قاسمی سولەیمانی لەماوەی (21) ساڵدا کەفەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بو، توانی ئەم هێزە لەگوڕدانێکەوە بکات بەتیپێکو پاشان بەلەشکرێکی گەورە کە زیاتر لە (22) هەزار پاسداری لەخۆدەگرت، تەنانەت زۆربەی پۆستە دیبلۆماسییەکانی ئێران بۆ نموونە باڵیۆزەکانی ئێران لەعێراقو ئەفغانستانو لوبنانو سوریا سەر بەهێزی قودس بوون، تەنانەت زۆربەی پۆستە گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەو کەسانە بوون کە سەر بەهێزی قودسی سوپای پاسداران بوون.
قاسم سولەیمانی کەسێکی تاسەر ئێسک مەزهەبگەرای دژ سوننە بوو، رقی لەعومەر زیاتر دەبووەوە لەشەیتان، لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی ئێرانی بەئاشکرا داوایکرد هاوکاری شەیتانی گەورە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بکەن بۆ رووخاندنی حکومەتی ئیسلامی سوننە گەرای تاڵیبان لەئەفغانستان، کە لەوکاتە توندڕەوەکانی جیهانی ئیسلامی لەخۆی کۆکردبووەوە بە بن لادنیشەوە.
دوای 11ی سێپتەمبەر، ریان کرۆکەر لە جنێف چاوی بەو دیپلۆماتکارانە کەوت کە لەژێر فەرمانی سولەیمانی کاریان دەکرد، بەمەبەستی هەماهەنگی بۆ رووخاندنی تاڵیبان، ئەم هاوکارییانەش گرنگ بوونە بۆ دیاریکردنی جێگا هەستیارەکان بۆ لێدانیان و دەستگیرکردنی سەرکردەکانی قاعیدە، ئەوە جۆرج بۆش بوو لەسەرەتای 2002 ئێرانی خستە میحوەری شەڕەوەو کۆتایی بەو مانگە هەنگوینیە هێنا، نەک کۆماری ئیسلامی ئێران رەتی دەست لەملانێی شەیتانی گەورەی کردبێت.
ئەو جەنگانەی بەشداریی تێداکرد
قاسم سولەیمانی وەک باسی دەکەن و خوێندنەوە بۆ ئەنجامی فەرماندەیی شەڕەکانی دەکرێت، فەرماندەیەکی سەربازیی سەرکەوتوو نەبووە، ئەو لەکۆمەڵێک جەنگی گەورە لەماوەی هەشت ساڵەی شەڕی عێراق - ئێران بەشداریی کردووە، وەلێ بەهۆی هەڵە سەربازییەکانیەوە هۆکار بووە بۆ بەکوشتدانی دەیان هەزار کەس، کە خۆی لەنزیک (100) هەزار کەس دەدات، شکستی جەنگی کەمەر شکێن، لەشەڕەکانی» فاوی 4، نەسری 5 و کەربەلای 5 « دا، وەک موحسین رەزائی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت: ئەو سێ جەنگە سێ کارەساتی گەورە بوو بۆ سوپای ئێران لەماوەی شەڕی عێراق ئێراندا، هەرسێکیشی سولەیمانی هۆکاری شکستەکانی بووە، نەیارانی چوونە پێشەوەو سەرکەوتنی پلەبەندی سولەیمانی دەگێڕنەوە بۆ نزیکایەتی ئەو لە خامنەئی بە «جانتا هەڵگری مەڵا» ناوی دەبەن نەک ئەو سێڵڤیانەی دوای جەنگەکان دەیگرێت وەک ژەنەراڵی سەرکەوتوو خۆی نمایش دەکات، وا باسی دەکەن هەمیشە لەدوای نیشتنەوەی شەپۆلەکان ئامادەیە، وەلێ لەکاتی شەپۆڵەکان لە بەندەرە ئارامەکان لەنگەری گرتووە دوور لە تۆفان و تسۆنامییەکان.
قاسم سولەیمانی دوای بەشداریکردنی کەمی لەسەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوە شاری کرمان» دیارە وردە کاری چالاکییەکانی لەسەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان بەنهێنی ماوەتەوە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەبەندی رۆڵی هەبووەو پاداشت کراوە»، بەوتەی خۆی سەرەتای شەڕی عێراق-ئێران پاسەوانی فرۆکەخانەی کرمان بووە، دواتر وەک بەرپرسی دەستەیەکی (300) کەسی بەشداری بەرەی سوسنگەردی کردووە لەشەڕی عێراق - ئێران، بەڵام کەسانی دی دەگێڕنەوە بۆ دوو هەفتە نێردرا بۆ بەرەی شەڕی ئێران -عێراق بۆ دابەشکردنی ئاو، دوایی مایەوەو نەگەڕایەوە.
لەشەڕە گەورەکانی «کەربەلاکانی 1 و 4 و 7، نەسری 4 ، فەتح مبین، فەجری 1 و 3 و 4 ، رەمەزان، بەیت ئەلموقەدەس 1 و 7 و رێگای قودس... لەسەرتاسەری بەرەکانی شەڕی عێراق - ئێران بەشداریی کردووە».
قاسم سولەیمانی لەو شەڕانەی کەبووە هۆی جینۆسایدو ماڵوێرانی بۆ خەڵکی کوردستان و وڵاتیان کردە بەشێک لەو کارەساتە، لەپاڵ بەشێک لەهێزە کوردیەکانی باشوور بەشداری کردووە، لە شەڕی فەجری چوار لەساڵی 1984 لەناوچەی پێنجوێن، شلێر تا سورێن، ئەو شەڕە بووە هۆی ئەوەی ناوچەکە وێرانبێت، هاوکات بووە هۆکارێک کە شاری مەریوان بەبۆردومانی فڕۆکە لەلایەن بەعسەوە کۆمەڵکوژی بکرێت، هەروەها لە شەڕی نەسری پێنج لەناوچەی ماوەت بەشداریی کرد لە رێکەوتی 21-6-1987، تیایدا بەهۆی هەڵەی ئەوەوە دەیان هەزار کەس لەسوپای ئێرانی کوژران، بووە هۆکارێک کە بەعس شاری سەردەشت کیمیاباران بکات لە یەکشەممەی رێکەوتی 28ی هەمان مانگدا، کە یەکەم شار بوو لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی کیمیابارانکرا.
ئەمەو بەشداری و سەرکردایەتی ژمارەیەک لەشەڕەکانی قەرارگای رەمەزانی کردووە، لەگرتنی شاری هەڵەبجە و شەڕی بەیت ئەلموقەدەسی 4 لەچیای شەمێران بەشداری کردووە کەتاوانی هەڵەبجەی تێدا ئەنجامدرا، ئیتر تاوانی هەڵەبجە لە (5000) قوربانی شارەکەو دزینی سەروەت و سامانی خەڵک تادەگاتە لێدانی هێزەکانی رۆژهەڵات قوربانییەکانی کوردانی شوانی کۆمەڵەو سوپای رزگاری و حزبی دیموکرات و گرتن و ئیعدامی سەدان کەسی دیکەی رۆژهەڵاتی پێویست بەتەفسیر و شڕۆڤە ناکات، هەموو ئەو شەڕو نەسرو شتە عاجباتیانەشی بەهاوکاری یەکێتی و پارتی و سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجامدا، واتا شیوەنگێڕانی سیخوڕخانەکانی سولەیمانی و هەولێر بۆ قاسمی سولەیمانی.
لەباشوری کوردستانیش لە رێگای پێشمەرگەوە لەزۆر تێڕوانین بۆ شەڕی هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگەی لایەنەکانی یەکێتی و پارتی و حسک و بزووتنەوەی ئیسلامی و لەشکری موسڵمانی کورد لەناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان وەک قەرارگای رەمەزان ئامادەیی هەبووە، کەدواتر بەهۆی ئەو شەڕە هاوبەشانەوە گەلەکەمان تووشی کۆمەڵکوژی گەورە هات لەشاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە، دەبینین دواتر ئێران بەشێک لەو خەڵکە لێقەوماوە بەپەناهەندە وەردەگرێت، ئێستا بەفەزیلەت پێمانی دەفرۆشنەوە، کەخۆی هۆکاری تراژیدیاکە بووە نەک هاوکاریکەر، هۆکاری دەردو مەینەتەکان بووە نەک برینپێچی برینەکان.
سولەیمانی لەهێرشی رێگای قودس لەناوچەی زۆنکاوەکانی حەوێزییەی عێراق بریندار دەبیت لە 29-11 بۆ 7-12-1981، بەڵام شانازی دەکرد بەبەشداریکردنی لەشەڕی فەتح مبین لە 22 بۆ 28ی ئازاری 1982، کە بە بۆنەی جەژنی نەورۆزی ئاگرپەرستانەوە بەئیستڵاحی ئیسلامی سیاسی، سوپای ئیسلام ئەنجامیدا، دوای (30) هەزار کوژراو توانی دوو هەزارو(500) کیلۆمەتر دوجار لەناوچەی خوزستان بگرێتەوە.
لەهیچ یەکێک لەو دوو جەنگە کەتیایدا ئێران سەرکەوتوو بوو، حسێن خرازی سەرکردایەتیانی دەکرد، قاسمی سولەیمانی لەڕیزی فەرماندەکانی نەبووە، کەمایەی شانازین بۆی.
سولەیمانی لەدوا دیداریدا لەگەڵ خامنەئی، سێ رێزلێنانی ئازایەتی بەیەکجار پێ بەخشرا، کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی بەوە بوو، ئەو وەک هێمایەکی ئازایەتی بناسێنێت، تا هژمۆنیای خۆی لەهەرێمەکە بپارێزێت، واتا کۆماری ئیسلامی پێویستی پێ بوو، نەک حەقیقەت وا بووبێت.
قاسم سولەیمانی و قودس
قاسم سولەیمانی فەرماندەی (21) ساڵەی فەیلەقی قودس، بەهۆی نزیکایەتی لەئایەتوڵا خامنەئیەوە ئەو پۆستەی وەرگرت، بڕیار بوو کاری سەرەکی ئازادکردنی قودس بێت، وەلێ ئەو بەرەیەی چۆڵ کردو خەریکی گەرمکردنی شەڕی عەلی و عوسمان و عومەرەکان بوو لەکۆمەڵێک وڵات، تەنانەت یەک تاقە فیشەکیشی لەپێناو ئازادکردنی قودس وەک خاک لەسنورەکەی نەتەقاند، ئەو ریمۆن کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی و حزبولڵای لوبنان و حوسیەکان و هەزارەکان و تەواوی گروپە چەکدارە شیعەکان لەدەرەوەی ئێران لەگیرفانی بوو بەحەماس و جیهادو ئەنسار ئیسلام و کۆمەڵی ئیسلامیشەوە، وەلێ نەیتوانی یەک کار دژی جولەکە لەناو زەمینی خۆیان بکات، بگرە تەقەیەک خۆشیشی بەسەریاندا نەتەقاند، تەنانەت ئەو کارە سەربازییانەی لەماوەی شەڕی ئێران عێراق بەناوی قودس و بەیتولمقەدسیش ئەنجامیدا تیایدا سەرکەوتوو نەبوو، ئەنجامەکەی بەوە گەیشت خومەینی پێش مەرگی بایەلۆجی پیاڵە ژەهرەکەی خواردەوە بووە هۆی مەرگی ئایدۆلۆجی ئازادکردنی قودس.
لێ لەسەرکوتکردنی گەلی کوردو سیستان و بلوجستان راپەڕینی گەلانی ئێران رۆڵی هەبووە، پاڵەپەستۆی خستە سەر خاتەمی دژ بەچاکسازی لەساڵی 1998 کە زیادەڕەوی نەکات، هەروەها ساڵی دواتر راپەڕینی قوتابیان لەحوزەیرانی ساڵی 1999 سەرکوت بکات « لەگەڵ (23) لەکەسایەتییەکان داوای لەخاتەمی کرد راپەڕینەکە بە زوویی سەرکوت بکات، وتەیەک بەناوبانگی هەیە لەو بارەیەوە کەوتوویەتی: ئەمڕۆ سەرکوتیان بکە سبەی درەنگە ناتوانین بیگەڕێنینەوە»، ئەوو قائانی دوان لەو (24) فەرماندانەی سوپای پاسداران بوون کەنامەیان بۆ سەرۆکی ئەوکاتەی ئێران محەمەد خاتەمی نووسی، لەنامەکەدا وتیان: ئەگەر خاتەمی یاخیبوونی خوێندکارەکان تێکنەشکێنێت، ئەوا ئەوان بەهێزی سەربازیی دەیکەن و هەڕەشەی کودەتایان کرد لەدژی.
محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت: سولەیمانی لەساڵانی 1999 و 2009 دابەزیە سەر شەقام بۆ داکۆکیکردن لە شۆڕشی ئیسلامی دژ بەدوژمنانی شۆڕش و هەنگاوی گرنگی نا بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، ئەو لەبارەگای یەکەی ساروڵڵا تایبەت بەپاسداران، کەئەرکی پاراستنی پایتەخت بوو لەکاتی قەیرانەکاندا، لە تەمموزی 1999 پەلاماری گەڕەکی قوتابیانی زانکۆی تارانی دا، لەئەنجامدا سێ قوتابی کوژرا، زیاتر لە (200)ش بریندار بوون و هەزارو (400)ش دەستگیرکران» قەسابخانەکە زۆر لەوە گەورەتر بوو ئەو دەیگێڕێتەوە».
ناڕەزایەتییەکان لەو کاتەدا دژ بەو هەڵمەتی تیرۆرکردنە بوو بەرامبەر بەتیرۆرکردنی ژمارەیەک زۆر لەنووسەرو هونەرمەندو سیاسییە ناسراوەکانی ئێران ئەنجامدران، بەناوی دەستی نادیارەوە، وەلێ رژێم لەپشتییەوە بوو.
ساڵی 2009 ش یەکەی ساروڵڵا دژ بەخۆپیشاندانەکانی بزاڤی سەوزەکان دژ بەئەنجامی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو تاوانی ئەنجامدا، کەناڕەزایەتییەکان چەندین مانگ درێژەی کێشا، (80) کەسیان کوشت» ئەمیش زۆر زیاترە»، بەوتەی جەعفەری، سولەیمانی زۆرجار لەکارەکانی ساروڵڵا دەرەدکەوت لەوکاتەی پێویست بوایە ئامادە دەبوو، خۆی دادەبەزییە سەر شەقامەکان.
لەو ناڕەزایەتیانە بەبەرچاوی خەڵکەوە سەدان و هەزاران کەس خەڵتانی خوێن کران و گوللەبارانکران، دڵڕەقانەترین شێوازی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بوون لەجیهاندا، بەهەموو بەهاری عەرەبی 10%ی هێندە خەڵک نەبوونە قوربانی، بە راپەڕینی وڵاتانی خەلیجیشەوە.
بەگشتی لەکوێوە هەناسەیەک بۆ رزگاربوون لەچنگ کۆماری ئیسلامی هەبووبێت ئەو بۆ سەرکوتکردن ئامادە بووە، تەنانەت بەعەمامە لەسەرە بە رواڵەت نەرمەکانی وەک خاتەمی و روحانیش رازی نەبووە، لەسوریاو عێراق و لوبنان و یەمەن هۆکاری کوشتنی سەدان هەزار کەس بووە، تەنانەت لەباشووری کوردستانیش ئەندازیاری تیرۆرکردنی سەدان تێکۆشەری رۆژهەڵات بووە، جگە لەو فەزا رەشەی ئەو هێزانەی ئەو هاوکاری کردوون دایان سەپاندووە بەسەر خەڵکدا، بۆ ئەمەش دەیان و سەدان ملیار دۆلاری خەرج کردووە، بەگشتی ئەو تارمایی کوشت و بڕو سەرکوت و فاشیەت بوو، پێگە جەماوەریەکەی پێگەی مەزهەبی شیعەگەرایەو تواناکەی توانا ماددیەیە کەئەژماری بێسنوور بوو لەلایەن خامنەئیەوە، دەیان کارگەو کۆمپانا و بەندەر ... لەخزمەت پڕۆژەکانیدا بوون، ئەو هەڵگری پەیامی سەپاندنی رەشترین دەسەڵات بوو لەناوچەکە، هەموو ئەم سەرکوت و پارەو هژمۆنیای سەدان ساڵەی شیعەگەرا هێزیان پێ بەخشی بوو، کەگۆڤاری تایمی ساڵی 2017 ، قاسم سولەیمانی بەیەکێک لە (100) کەسایەتییە کاریگەرەکەی جیهان بناسێنێت، لێ کاریگەر کاریگەرە، مەرج نییە دادپەروەر بێت و شایانی نازناوی جیگوارا بێت، هەموو کاسکێت لەسەر و پۆستاڵ لەپێیەک و دێوانەی چەک هەلگرتنێک جیگوارا نییە.
قاسم سولەیمانی و نەکەوتنی هەولێر
لەبەر چاومە ئەو دوانیوەڕۆیەی تەنها (40) داعش مەخموریان گرت، هێزێکی بچکۆلەی گەریلاو پێشمەرگەو خۆبەخشی مەدەنی لەباخچەی دیار مەخمور مابونەوە، بەچاو داعشەکانی لەخوارەوە دەبینران، کەوتبوونە تاڵانی گەنمی سایلۆکەی مەخمور، وردە وردە ئەو هێزە بچووکە گەورەوە بوو، هەڵاتووەکان مەخمور غیرەتیان بە بەردا هاتەوەو لەودیو مەفرەقی گوێر- دیبەگە گەڕانەوە بۆ باخچە، باخچە مایەوە نەکەوت، دواتر لەوێوە هێرشی بەرپەرچ ئەنجامدرا و مەخمور ئازاد کرایەوە، کورد نەگبەتە باسی ئەو هێزە ناکات کە لەوێ لەو چرکە ساتە هەستیارە چەند کاتژمێرییە چەقی، کە کوردەو یەکێک لەوان ناوی پکک-ەیە، کە دواتر بارزانی چوو سوپاسیانی کرد، یان ئەو هێزەی لەسولەیمانیەوە هات، یان ئەو کۆنە پێشمەرگانەی بوونە فیدایی و قەرەچوغیان گرت و چەقین بەدیار شارەوە، خۆ سەنگەر عەوڵا حاجی نەگبەت یەکەم کەس بوو لێدوانیدا لەبەردەم قایمقامیەتی مەخمور لەپاش ئازادکردنەوەی، لەچرکەساتەکانی یەکەمی گرتنی مەخمور کەبەرپرسانی ئێستای هەولێر زۆریان هەڵاتبوون بە کاکە «ئ ه « شەوە، جیڤاراکەی کوردایەتی، یان ئەو پەرلەمانتارانەی شەوەکەی لەشاشەکانەوە فشەیان لێدەدا، هەقی وایە بە ئەرشیفدا بچنەوەو دەریان بهێننەوە، چ لەکاتی پاراستنی، یان ئازادکردنەوەی مەخمور شتێک، دەعبایەک بەناوی قاسمی سولەیمانی و (70) پاسدار بوونیان نەبووە، کەئێستا فلیمەکەیان گۆڕیوە گوایا لەئازادکردنەوەی مەخمور بەشدارییان کردووە، رێگر بوونە لەکەوتنی هەولێر، دیارە لەترسا کەس نەیوێرا بەفەرمی وەک حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی بداتەوە، پێچەوانەی ئەوە قاسم سولەیمانی فەرماندەی گرتنەوەی شاری کەرکوک و دوزو ناچەکانی دی بوو لە 16ی ئۆکتۆبەردا، واتا نەک شوێنی بۆ کوردان ئازاد نەکردووەو نەپاراستووەو فەزیلەتی نییە بەسەرمانەوە، بگرە پانتاییەک زۆری لێ داگیر کردەوە، تەنانەت فەرمانی ئەو بوو شەوی 16ی ئۆکتۆبەر پێش ئەوەی مەکگۆرک لەپشووی کۆتایی هەفتە دەست بەدانوساندنەکانی بکاتەوە، بۆ رێگری لە بەئاشتیانە چارەسەرکردن، فەرمانی هێرشی خێرای دا، بۆ رێگاگرتن لەچارەسەری سیاسی کێشەکان، بۆیە کوردستان بەهیچ جۆرێک قەرزاری نییە، بگرە تەواو پێچەوانەکەی راستە، ئەوە باسی ئەوە مەکەن پێی بەکورد کوشتنەوە گرتووە، بگرە بەرپرسە لەهەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلەکەمان لەپاش ئەو مێژووە رەشەوە هات بەدوای فتوای جیهادی خومەینی، ئەو لە رابردوو ئێستا مایەی نەهامەتیمان بێت ئەم هەموو ستایش و شیوەنە لەپای چی؟، ئەو دەیزانی باشوری کوردستان پاروە چەورەکەی ساڵی 1979 ی رۆژهەڵات نییە، بەهۆی بوونی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی رۆژئاوا لەعێراق دەنا بێ یەک و دوو هەمووی قوتە دا، نەک خاڵخاڵی و حەسەنیەک، بگرە دەیانی بۆ ئامادە دەکرد.
رۆستەمی زاڵ و ئەبو موسلمی خوراسانی یان عەلی حەسەن مەجیدە
لای شیعەکان یان ئێرانیەکان، جگە لەناوە ئاینییە پیرۆزەکان کە لیستەکەیان زۆرە، چ ئەوانەی کوژراون یان قەول وایە زیندوبنەوە دوای مردن بۆ درێژەدان بەئەرک و پەیامەکانیان بگەڕێنەوە، دوو کەسایەتی وەک پاڵەوانی دانسقە نمایش دەکرێن کە ئەوانیش ئەبو عەباس موسلم خوراسانی « 718-754 ز»، کە ئەمەوییە کافرە بکوژەکانی عەلی و حەسەن و حوسێنی و قاسمیان لەدەسەڵات رووخاند، لەگەڵ رۆستەم و زۆرابی شانامەی فیردەوسی کە ئەبو قاسم فیردەوسی « 935-1020 « نووسیویەتی، هەردووک ئەفسانەی پاڵەوانیەتی ئێرانیەکانن و لای ئەوان لەهێزو پاڵەوانێتیدا نموونەیان لەجیهاندا نییەو نابێت، لەهەردوو بواردا ناوی قاسمیش ئامادەیە، ئێستا هەندێک قاسمی سولەیمانی لە زیندوکردنەوەی خەلافەتی شیعە بەناوی مانگی شیعە دەبەنەوە سەر موسلم خوراسانی، لەپاڵەوانێتی و هێزیشدا دەیبەنەوە سەر رۆستەم و زۆراب، لێ لە راستیدا هیچکام لەو دوانە نەبوو، بەڵکە بۆ خۆی عەلی حەسەن مەجید» 1944-2010»ێکی شیعەگەرای ئێرانی بووە، عەلی حەسەن مەجید چۆن پێشتر نایب عەریفێکی فاشیل لەسوپای عێراق بوو، بەو دەسەڵاتە زۆرەی لەدوای 30-6-1987ەوە پێی درا، بەوەحشیەت و دڕندەیی توانی ژیان لەلادێکانی کوردستان بسڕێتەوە و زیاتر لە (200) کورد بکوژێت و هێزی پێشمەرگە لەباشوری کوردستان دەربکات، وەک لایەنی سەربازیی ئەمە بۆ ناسیۆنالستی عەرەبی سەرکەوتنە، هەنووکەش ناسیۆنالستەکانیان بەشانازییەوە بۆی دەگەڕێنەوە، لێ بۆخۆی دڕندەیی و وەحشیەتێکە، لای کورد عەلی حەسەن مەجید تەنها نایب عەریفێکی فاشیلی وەحشی بوو، بۆ نەتەوەییە عەرەبیەکانیش ناوبراو فەرماندەیەکی مێژووی بەبەهای سەربازیی بووە، بەهەمان شێوە بۆ ئیسلامییە شیعەگەراکان سولەیمانی خەونی دزراوی بۆیان گەڕاندۆتەوە، فەرماندەی بنەڕەتی سەربازیی تا مردن بووە، چل ساڵ تەواو پۆستاڵی پاسداری لەپێ نەکردۆتەوە، ئەوان لەفردەوسدا لەباوەشی حوسێندا دەیبیننەوە، کە بەرزترین خەونی ئەفسانەیی ئەوانە، وەلێ بۆ ئێمە دەبێت هەر پاڵەوانەکەی شەڕی سێ مانگەی رۆژهەڵات و گرتنەوەی کەرکوک ماڵوێرانی شاری دوز بێت، ئازادی و ئەخلاق رێگامان نادات ستایشی قاتلانی خۆمان و مرۆڤایەتی بکەین، بۆ ئازادیخوازانی ئێرانیش هەر لەجەلادێک زیاتر نییە.
ستایش بۆ قاسم سولەیمانی
قاسم سولەیمانی دوای (45) رۆژ راهێنانە سەربازییەکەی، یەکەم گوللەی تاقیکردنەوەی پراکتیکی خۆی بەخەڵکی کوردستان تاقیکردەوە، یەکەم تەقەی بەکوردەوە نا لەسەرکوتکردنی گەلەکەمان لەشاری مهابادو رۆژهەڵاتی کوردستان و گرتنەوەی شارو شارۆچکەکانی و کۆمەڵکوژیکردنی خەڵکەکەی، هاوکات شوێن دەستی بەتەواوی تراژیدیاکانی سەر گەلەکەمانەوە لەدوو پارچەی کوردستان باشورو رۆژهەڵات لەماوەی هەشت ساڵی شەڕی عێراق و ئێران دیارە، هەڵەبجەو سەردەشت دوو شاری کیمیابارانکراو بەرهەمی چالاکی سەربازیی ئەون، سەرباری کیمیابارانی شاری هەڵەبجەو جینۆسایدی ئەنفال.
ئەوێک سەری نێزەی سەرکوتکردنی راپەڕینەکانی خەڵکی ئێرانە، سەرباری وڵاتانی دیکە، ئیتر ئەمە نە جیڤارایەو نە تارماییەو نە رۆستەمی زاڵەو نە خوراسانیشە، بەڵکە تاوانکارێکە و پیاهەڵدان بەسەریدا چ وەک کوردێک کەکورد کوژ بووە تاوانە، چ وەک کەسێک بەشدار لەتاوانی گەورە بەپێوەرە جیهانییەکان کردووە، پیاهەڵدان بەسەریدا کارێکی نائەخلاقییە وێڕای نکۆڵیکردنە لەتاوانەکانی، هاوکات سڕینەوەو جوانکردنی تاوانەکانیشێتی، هەقی سزادانی هەیە، وەک لۆمۆندی فەرەنسی بەجیڤارایان ناساند، تێلەسوری فەنزوێلی بەشۆڕشگێڕی بنەڕەتیاندایە قەڵەم، ئاخ شەرمە کەم دەبینم ئیدعاکەرانی چەپ دەکەونە زەلکاوی کوێربوونی چەپەڵەوە، خۆهەڵواسینی جارێک بن لادن و جارێک سولەیمانی بەناوی جیڤاراوە، ناشیرینکردنی رێگاکەی جیڤارایە بەچەپەڵی کارەکانی ئەوان، وێڕای داتاشینی ئازایەتی درۆینەیە بۆیان، کەسێک هیچ یەکێک لەو دووەی نەبینی لەپێشەوەی هیچ نەبەردییەکدا، هەر خەڵکیان بۆ مەرگ نارد، وێڕای پەیامە نامرۆڤانەکانیان، ئەرێ گەلۆ لەو چەند ساڵەی شەڕی داعشدا، لەکاتی شەڕدا کێ سولەیمانی لەشەڕگەیەکدا بینی؟؟؟؟.
قاسمی سولەیمانی ئەگەر لەتاران دائەبەزییە سەر شەقام بۆ سەرکوتکردنی قوتابیانی سڤیلی گەنجی بێ چەک، کەس لەبەرەی جەنگی داعش نەیبینی، هەر دوای سەرکەوتنەکان بۆ سێڵڤی گرتن ئامادە بوو.
راستە سیاسییەکانی کورد رزگاریان بوو، بەمردنی سولەیمانی هەمووو نهێنیەکانیشیانی لەگەڵ خۆیدا بردە گۆڕەوە، ئەو لەنەخشەدانان بۆ لەناوبردنی نەیارانی نزیکی خۆی سڵی نەکردبێتەوە دەبێت چی لەم وڵاتانە و لەم عێراق و کوردستانە کردبێت، چەند تاوانی نهێنی تێدا ئەنجام دابێت، لەگەڵ خۆیدا چ خەزێنە زانیارییەکی پڕ بەهای بردبێتە گۆڕەوە.
لەکۆتاییدا بەقسەیەکی هادی عامری کە لەیەنایەری 2015 کردی کۆتایی پێدێنم کە وتی قاسم سولەیمانی نەبوایە عەبادی نەدەبووە سەرۆک وەزیران، پێشتریش سولەیمانی مالیکی و تاڵەبانی لەسەر کورسییەکانیان دانابوو، لەپڕۆفایلەکەی وەک سەرکەوتن بۆی نووسراوە، ئەمە وێنایە بۆ هەموو ئەوانەی لەعێراق لەسەر کورسی داندران نەک هەڵبژێردران راستە، هەموو داشی شەترەنجی سولەیمانی بوون، بەچرای سەوزی ئەودا تێپەڕیون، بۆیە بۆ ئەوان شیوەن و قوڕ پێوان هێشتا کەمە بۆ مەرگی ئەم دڕندەیە.