ئێران که‌شتییه‌کى سه‌ربازى ره‌وانه‌ى که‌نداو کرد

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

‌کۆمارى ئیسلامى ئێران که‌شتى (مه‌کران)ى ره‌وانه‌ى که‌نداوى عه‌ره‌بى کردو له‌لایه‌ن سوپاى ئه‌و وڵاته‌شه‌وه‌ که‌شتیه‌که‌ وه‌رگیراوه‌و قورساییه‌که‌ى 121 هه‌زار تۆنه‌و موشه‌کێکى 950 تۆنى له‌سه‌ر جێگیرکراوه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ى کانونى دووه‌مى 2021 له‌مه‌راسیمێکدا به‌ ئاماده‌بونى محه‌مه‌د باقری، سه‌رۆک ئه‌رکانى سوپاى ئێران و لیوا عه‌بدولڕه‌حیم موسه‌وی، فه‌رمانده‌ى سوپا وه‌رگرتنى که‌شتى (مه‌کران) له‌ که‌نداوى عه‌ره‌بى راگه‌یه‌ندرا.

که‌ناڵى روسیا توده‌ى ئه‌مڕۆ بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ ئامانج له‌ناردنى که‌شتى مه‌کران ئه‌وه‌یه‌، که‌ هێزى ده‌ریایى له‌ ناوچه‌ى سنوریه‌کانى ده‌ریاى سور و که‌نداوى عه‌ره‌بى و ده‌ربه‌ندى مه‌نده‌ب بپارێزرێت.

که‌شتى (مه‌کران) پێشتر که‌شتییه‌کى بازرگانى بووه‌و له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگدا کراوه‌ به‌ که‌شتییه‌کى سه‌ربازی، ره‌وانه‌کردنیشى بۆ پشتیوانى که‌شتییه‌ جه‌نگییه‌کانى هێزه‌ ده‌ریاییه‌کانى ئێرانه‌.

سوپاى ئێران، که‌شتیى (مه‌کران) به‌ دورگه‌یه‌کى گه‌وره‌ ناوده‌بات که‌ قورساییه‌که‌ى 121 هه‌زار تۆنه‌و موشه‌کێکى 950 تۆنى له‌سه‌ر جێگیرکراوه‌، روبه‌ره‌که‌ى سێ هه‌زارو دووسه‌د  مه‌تردوجایه‌.

یه‌کێکى دیکه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانى که‌شتییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌یه‌ک کاتدا له‌توانایدایه‌ پێنج فڕۆکه‌ له‌سه‌ر که‌شتییه‌که‌ بنیشێته‌وه‌ و هه‌شتا و دوو هه‌زار تۆن پشتیوانى سه‌ربازى و جه‌نگى هه‌ڵبگرێت.

سوپاى ئێران ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ تواناى کۆنترۆڵکردنى فڕۆکه‌ بێ فڕۆکه‌وانه‌کان و ئاڕاسته‌کردنیان بۆ گه‌شتى دورمه‌ودا هه‌یه‌ له‌رێگه‌ى که‌شتى (مه‌کران)ه‌وه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار