وەزیری نەوتی عێراق باس له‌ رێککه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند  " لیژنه‌ى دارایى پێویسته‌ دوو بژارده‌ تاوتوێبکه‌ن بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى رێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا".

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ میدیای عێراقیدا رایگەیاند  "لێژنەی دارایی دوو بژارە تاوتوێ دەكات، بژارەی یەكەم هەرێمی كوردستان كۆی پڕۆسەكانی بەرهەمهێنان، دەرهێنان و هەناردەی نەوت كە 460 هەزار بەرمیلە رادەستبكات، بژارەی دووەمیش هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ بفرۆشێت یان داهاتی 250 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات". 

سەبارەت بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ پاڵاوگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوت وتی: "دەمێكە كاركردنمان لەگەڵ كۆمپانیای كار كۆتاییهاتوە و ئێستا وەزارەتی نەوت بۆ پاڵاوتنی نەوت تەنیا مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیای قەیوان دەكات".

کۆمپانیای کار، ئۆفیسی سەرەکی لە شاری هەولێرە، کۆمپانیای قەیوانیش، ئۆفیسی سەرەکی لە شاری سلێمانییە.

ئاماژەی بە کێشەی نێوان وەزارەتەکەی و کۆمپانیایەکی کوێتی کرد و وتی: "دادگا و هەواڵگری پەیوەستن بە وەستاندنی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیای ئجیلیتی، بۆ دڵنیابوونیش لە راستی دانانی ناوی كۆمپانیاكە لە لیستی رەش، لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان كۆدەبمەوە، بۆ ئەوەی دەستبەجێ كارەكانی لەگەڵ وەزارەت بوەستێنین."

کۆمپانیای ئجیلیتی (Agility Logistics) بۆ گواستنەوە و کۆگاکردن،  كۆمپانیایەكی گشتی حكومی كوێتییە، بارەگای سەرەکی لە كوێتە، زیاتر لە 550 ئۆفیسی لە 120 وڵات هەیە، لە دوای ساڵی 2003وە لە عێراق کار دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار