قوباد تاڵه‌بانی ستایشى یه‌کگرتووى ئیسلامى ده‌کات

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:"یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان له‌کاتى به‌شداریکردنى له‌ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیشدا به‌رپرسیار بووه".
ئه‌مڕۆ 6ى شوباتى 2021 قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌بۆنه‌ى ساڵیادى دامه‌زراندنى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانه‌وه په‌یامێکى ئاڕاسته‌ى ئه‌و حیزبه کردووه و رایگه‌یاند:"یه‌کگرتوو وه‌ک هێزێکى مه‌ده‌نى چاکه‌خواز، چ ئه‌و کاتانه‌ى به‌شدارى حکومه‌ت بووه و چ له‌و کاتانه‌شى له‌ڕیزى ئۆپۆزسیۆندایه، هه‌ڵگرى گوتار و دیدێکى به‌رپرسیارانه بووه که ئه‌مه‌ش جێگاى پێزانینى هه‌موو لایه‌که".
هه‌روه‌ها قوباد تاڵه‌بانی، راشیگه‌یاند:" هاتنه‌وه‌ى ئه‌م ساڵیاده‌ش له‌کاتێکدایه که له‌هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به‌ته‌بایى و هه‌وڵدان بۆ پاراستن و به‌رگریکردن له‌ده‌ستکه‌وته‌کانیانه هه‌یه، ده‌شخوازین هه‌مووان پێکه‌وه کار بکه‌ن بۆ پاڵپشتیکردنى فره‌یى و جیاوازى له کوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌بایى و لێکتێگه‌یشتن و یه‌کتر قبوڵکردن، له‌پێناو به‌دیهێنانى به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانى گه‌لى کوردستان".
ئه‌مڕۆ 6ى شوبات، یادى 27 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستانه، یه‌کگرتوو خاوه‌نى پێنج کورسییه له‌په‌رله‌مانى کوردستان و دوو کورسییه له‌په‌رله‌مانى عێراق.
