پیلانگێڕی، داگیرکەری و وڵاتپارێزی

3 ساڵ لەمەوپێش



سوارە محەمەد
پیلانگێڕی رێباز و شێوازێکی دەسەڵات و دەوڵەتپەرەستەکانە، کە لەو رێگەوە هەم خۆیان لەسەر پێ رادەگرن و هەم هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و گەلان بەو فرت و فێڵە چەپەڵانە بێکاریگەر دەکەن. لە مانا و بناغە فەلسەفی، بیردۆزی و سیاسیەکەیدا هەر خۆی هەبوونی دەوڵەت پیلانگێڕییەکی مێژووییە لە بەرامبەر گەلان دا. تاوەکو لە ناو کۆمەڵگەدا دەوڵەت نەبوو، هەر چەند شەڕ و پێکدادانی عەشیرەتەکان، خێل و هۆزەکانیش هەبوو بێت، بەڵام دەسەڵاتدارییەکی هەمیشەیی و کۆیلەداری لە گۆڕێدا نەبوو. بۆیە ئۆرگان و دەزگایەکی رێکخستنکراوی گەورە، کە پێویستی بە کۆیلە هەبێت لە گۆڕێدا نەبوو و دەسەڵاتداری کۆیلەدار نەبوو. لەبەر ئەوەش کێشەکانی کۆمەڵگە وەک ئێستا نەبوون. لە سەرتاسەری مێژووی مرۆڤایەتیدا سەدا ٢% لە دەوڵەت و دەسەڵاتی هیرارشیی (دەسەڵات لە سەرەوە بۆ خوارەوە) کۆیلەداریدا بوون و سەدا ٩٨%ی ژیانی مرۆڤایەتی نە لەناو دەوڵەتدا بووە و لە دەسەڵاتی کۆیلەداریشدا بووە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، بناغەى دەوڵەت خۆی بۆ خۆی پیلانگێڕییە، مێژووی پیلانگێڕی و دەوڵەت بە ئەندازەی یەکن. قوربانیی یەکەمی پیلانگێڕەکان ژن – دایک بوون، دوای ئەوەش هەموو کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی کرانە قوربانیی پیلانگێڕەکان.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەندێک پیلانگێڕی هەیە، کە رەوت و رێڕەوی مێژوویان گۆڕیوە. بۆ نمونە پیلانگێڕیی دژ بە نەبی عیسا، یەکێک لەو پیلانگێڕیانەیە. کاتێک عیسا پێغەمبەر لە چوار مێخە (خاچ) دەدرێت، گروپێک مرۆڤ بڕوایان پێدەکرد، بەڵام تێکۆشانی بڕوادارە بەهێزەکانی لە هەلومەرجی دژوار و زۆر قورس دا، کە وەک ئێستاش دەرفەتی راگەیاندن لە بەردەستدا نەبوو، سەرەتادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یونان، ئیتالیا و سەرتاسەری ئەوروپا و هەر چوار لای جیهان دا ئایینی عیساییان بڵاوکردەوە و لە ئەنجامدا ئەو ئایینە لە هەموو ئەو شوێنانەدا قبوڵ کرا. لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا ئیمپراتۆریای رۆمای خوێنخوار، کە دەستی بە خوێنی نەبی عیسا سوور بوو، ناچار بوو لە ساڵی ٣١٢ی زایندا، ئایینی عیسایی وەک ئایینی ئیمپراتۆریەکەی قبوڵ بکات.
لە جیهانی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا پیلانگێڕیی هاوشێوەی ئەوە زۆرن. سوقڕات، برونۆ، مانی، مەنسوری حەلاج، سوهرەوەردی و ژمارەیەکی زۆر بوونە قوربانیی پیلانگێڕان و پیلانگێڕییەکان.
لە سەردەمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستدا، گەورەترین پیلانگێڕی و پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بە بەشداریی هەندێک هێز، کە پێیان دەوترێت "کورد"، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە دژی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا. ئەوەندەى تاوەکو ئێستا ئاشکرا بووە ٣٦ وڵاتی جیهان بە شێوەیەکی چڕ و چالاکانە بەشداری پیلانگێڕییەکە بوون. چەند وڵاتی گەورە و سەرەکیی وەک ئیسرائیل، ئەمریکا، بەریتانیا، یونان، رووسیا و میسر پشتیوانیان لە پیلانگێڕییەکە کردووە و لە ناو جەرگەی پیلانگێڕییەکەدا بوون. دەوڵەتی تورکیای فاشیست، داگیرکەر، پاکتاوکار و چەوسێنەریش لەو پیلانگێڕییەدا رۆڵی پاسەوان، واتە رۆڵی پاسەوانی جەلادی خراوەتە ئەستۆ. لەو کاتەدا هەندێک نووسەر و رۆشنبیر ئەو پیلانگێڕییەی دژ بە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان وەک "تۆڵەکردنەوەى سەڵاحەدینی ئەیوبی" پێناسە کردبوو. رۆژنامە بیانییەکانیش بە مانشێتی، "پیلانگێڕی لە دژی یەکێک لە گەورەترین شۆڕشگێڕەکانی ئەم سەدەیە" پیلانگێڕییەکەیان ریسوا کرد. ئەو دوو لێکدانەوەیە هەر دووکیان راست بوون، چونکە رێبەر ئاپۆ یەکێک لە گەورەترین شۆڕشگێڕەکانی سەدەکەمان بوو و نەوەى سەڵاحەدینی ئەیوبیش بوو.
 ئەمساڵ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ٢٢ ساڵی تیپەڕاندا و چووە ٢٣هەمین ساڵەوە. هێزە پیلانگێڕەکان کاتێک ئەو پیلانگێڕییەیان جێبەجێکرد ٦ مانگیان دانا بوو بۆ کۆتایهاتن بە بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان. یانی بەپێی مەزەندە و لێکدانەوەکانی ئەوان پەکەکە ئەگەر زۆر خۆی بگرێت ٦ مانگ خۆی پێدەگیرێت و کۆتایی پێدێت. بەڵام ئێستا ٤٤ شەش مانگی بەسەر پیلانگێڕییەکەدا تێپەڕیوە و پەکەکە نەک کۆتایی پێنەهاتووە، بەڵکو زۆر بەهێزتر و گەورەتر بووە. پێشبینییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەدیهاتن و ئەو پیلانگێڕییە مێژوییە، رێگای بەرەو پێشبردن و پێشخستنی مێژوو کردەوە. کاتێک پیلانگێڕیی نێونەتەوەی ئەنجامدرا، رێکخستنی گەلی کورد لە باکووری کوردستان بەپێی بیر و رامانی ئۆجالان دامەزرابوو، بەڵام بە ئەندازەی ئێستا بەهێز نەبوو. لە رۆژئاوای کوردستان بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان فەرمی و یاسایی نەبوو. لە باشووری کوردستان سەرباری بەشداریکردنی ژنان و پیاوانی گەنج بۆ ناو ریزەکانی پەکەکە، بەڵام رێکخستنبوون و هەرمانی وەک ئێستا پێشنەکەوتبوو. لە رۆژهەڵاتی کوردستان دۆخی بێ رێکخستنکردن هەبوو، تەنها لە ئاستی پەیوەندیەکی سادە و چەند کامپی بچووکدا هەبوونی بزووتنەوەى ئازادی لەو بەشەی کوردستان هەستی پێدەکرا. 
دوای ٢٢ ساڵ و کاتێک مرۆڤ سەیری پیلانگێڕییەکە و تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕییەکە و ئەنجامەکانی دەکات ئەوەى بۆ دەردەکەوێت، کە ئەو پیلانگێڕییە مێژووییە لەلایەن گەلان و لە کەسایەتیی رێبەر ئۆجالان دا پووچ کراوەتەوە. جارێکیتر گەلانی بندەست، هەژاران و تێکۆشەران، کە کفنی مردنیان بۆ دوورابوو تاقیکرانەوە و لەو تاقیکردنەوەیەدا رووباری مێژووییان بەرەو ئازادی خرۆشاند.
لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا بە ناوی کورد و کوردستان و هەموو مرۆڤایەتییەوە گەورترین دەستکەوت بەدیهات، بڵاوبوونەوەى بیر و رامانی رێبەر ئۆجالان و بە تایبەتی ئەوانەى ئیمراڵی تەشەنەیەکی زۆر گەورەیان سەند. گەورەترین تۆڵە لە پیلانگێڕییەکە، وشکردنی ئەو بەستێن و بوارە بوو، کە ئامانجی پیلانگێڕییەکەى لەسەر بونیاتنرابوو، ئەویش دروستکردنی شەڕی نێوان گەلان و جێبەجێکردنی پلانی پاکتاوکردنی گەلی کورد بوو. رێبەر ئۆجالان بە پێشخستنی پارادیگماکانی لە ئیمراڵی، بۆچوونە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی بەهێزتر کرد. لەسەر بنەمای پارادیگمای کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژی (ژینگەپارێزی)، دیموکراتیک و ئازادیخوازیی ژنان، شۆڕشی زیهنیەت و عەقڵییەتی پێشخست. مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی ئەوە بڵێت، کە لە عەقڵییەتی گەلی کوردا گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی دروستکرد، کە بە شێوەی ئاسایی دەبوایە لە ٢٠٠ ساڵدا رووی بدایە، بەڵام ئەو لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ساڵدا ئەو گۆڕانکارییەى خوڵقاند. گەلی کورد، کە پێشتر هیچ کەسێک بەها و نرخی بۆ دانەدەنا و گەلانی جیهان لێ ئاگادار نەبوون، ئەمڕۆ لەو رێگەیە بە ئاستێک گەیشتووە، کە ئازادی و دیموکراسی فیری جیهان دەکات. ئەمڕۆ بزووتنەوەى ژنانی ئازادی کوردستان پێشەنگایەتیی ژنانی جیهان دەکەن. لە کەسایەتیی رۆژئاوای کوردستاندا هیوای ئازادی و بەها و نرخەکانی مرۆڤایەتی جارێکیتر سەلماندەوە و بە هەموانی پیشاندایەوە.
هێرش بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا بۆ ئەو هۆکارانە دەگەڕێتەوە. بزووتنەوەى ٥٠ ساڵەی ئازادیی کوردستان ئەوەی بە وردی روونکردووەتەوە، کە چۆن پێشەنگایەتیی هەڵوێستێکی شیاو لە دژی داگیرکەری و پاکتاوکاریی فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا دەکات، ئەویش بەرخودانی وڵاتپەروەری و فیداییانەیە.
 باشە، پاراستنی شکۆ، کەرامەت و خاکی باشووری کوردستان، تەنها باری سەر شانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستانە؟ ئێمە وەک گەلی باشوور، وڵاتپارێز، پێشمەرگە، رۆشنبیر، نووسەر، ئاکادیمییەکان، ژنان، گەنجان و هەموو گەل، پێویستە چی بکەین؟ بۆ ئەوە داوا و بانگەوازی شۆڕشگێڕانە هەیە، داوا لە ئێمە دەکەن بەشداری گۆڤەند و ئاهەنگی بەرخودان و ئازادی ببین. تێکۆشانی باشووری کوردستان لە ٢٢ ساڵی رابردوودا  بەپێی هەر سێ پارچەکەى تر بۆ ئازادی و لە بەرامبەر بە پیلانگێڕیدا لاواز بووە و لە دواوەیە. هۆکارەکەشی بۆ بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی ئێستا دەگەڕێتەوە. دوای ٢٢ ساڵ مێژوو دەرفەتی پاک کردنەوەى ئەو خەوش و چەپەڵی و لاوازییەى لە سەر ئەم پارچەیەی وڵاتەکان پێداوین. کەواتە لە دژی فاشیزم، داگیرکەری، نۆکەری، هاوکاری و خیانەت دەبێت ئێمە پشت بە پشت و شانبەشانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان وڵاتەکەى خۆمان بپارێزین. ئەوە باشترین وەڵامە بەرامبەر بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، هەڵوێستی وەڵاتپەروەری ئەوە وەک ئەرک و بەرپرسیاریی دەخاتە ئەستۆمان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار