شاره‌وانى ئۆسلۆ بڕیاریدا به‌ مانه‌وه‌ى تابلۆى شه‌رڤانانى رۆژئاڤا

‌نه‌رویج داوایه‌کى تورکیا له‌باره‌ى کورده‌وه‌ ره‌تده‌کاته‌وه‌

تابلۆى شه‌ڕڤانانى ژن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

شاره‌وانى ئۆسلۆى پایته‌ختى نه‌رویج بڕیاردا به‌ مانه‌وه‌ى تابلۆى شه‌ڕڤانانى یه‌په‌ژه‌، که‌ تورکیا له‌ڕێگاى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و باڵیۆزخانه‌که‌ى له‌و وڵاته‌، هه‌وڵێکى چڕیدا بۆ لابردنی.

تابلۆى ژنه‌ شه‌ڕڤانانى یه‌کینه‌کانى پاراستنى ژن-یه‌په‌ژه‌ له‌لایه‌ن ژنه‌ هونه‌رمه‌ندى کورد (گه‌لاوێژ وه‌لیدخانی)یه‌وه‌ نه‌خشێندراوه‌ و له‌سه‌ر تابلۆکه‌ش وته‌یه‌کى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌رى په‌که‌که‌ نوسکراوه‌ که‌"تا ژن ئازاد نه‌بێت، کۆمه‌ڵگه‌ ئازاد نابێت".

ناوه‌ڕاستى مانگى کانوونى دووه‌مى 2021 تابلۆکه‌ له‌سه‌ر دیوارێکى شارى ئۆسلۆى پایته‌ختى وڵاتى نه‌رویج دانرا. هه‌رزوو تورکیا که‌وته‌ دژایه‌تییکردنى تابلۆکه‌ و له‌ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و باڵیۆزخانه‌ى ئه‌و وڵاته‌ له‌ نه‌رویج، داواى لابردنى تابلۆکه‌ کرا.
ئیڤۆر ئیڤێنرود، سه‌رۆکى کاروبارى کلتووریى شارى ئۆسلۆ له‌ تویتێکدا وه‌ڵامى ناڕه‌زایه‌تییه‌کانى تورکیاى دایه‌وه‌ رایگه‌یاند:" ئێمه‌ له‌ نه‌رویج باوه‌ڕمان به‌ ئازادیى ڕاده‌ربڕین و دیموکراسى هه‌یه‌، که‌سه‌ سیاسییه‌کان ناتوانن وێنه‌ بگۆڕنیان ده‌ستکاریى بکه‌ن، سه‌یرمان بکه‌ن و فێرببن".

ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى ئۆسلۆ له‌ کۆبوونه‌وه‌ى ئاسایى خۆیدا به‌تێکڕاى ده‌نگى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نه‌که‌ بڕیاریدا به‌ مانه‌وه‌ى تابلۆکه‌ له‌ شوێنى خۆیدا.

بیه‌رک ‌هالسته‌ین، نوێنه‌رى پارتى چه‌پ و جێگرى به‌پرسى کۆمیته‌ى په‌روه‌رده‌ و کلتوور، له‌کۆبوونه‌وه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانیى ئۆسلۆ وتارێکى پێشکه‌شکرد  و رایگه‌یاند:" مادام ئێستا تورکیا خۆى له‌م بابه‌ته‌دا وه‌رده‌دات، پێویسته‌ بڵێین نه‌رویج وڵاتێکه‌ که‌ ئازادیى ڕاده‌ربڕینى تێدا په‌یڕه‌و ده‌کرێت، ئێمه‌ لێره‌وه‌وه‌ داوا له‌ ئه‌ردۆغان ده‌که‌ین مافى مرۆڤ له‌ تورکیا پێشێل نه‌کات".

هاوکات کامسى گونارئاکتام، جێگرى سه‌رۆکى شاره‌وانى ئۆسۆ وێڕاى ئیدانه‌کردنى فشاره‌کانى تورکیا دژ به‌و تابلۆیه‌، پشتیوانیى بۆ گه‌لى کوردیش دووپاتکرده‌وه‌ و جه‌ختى له‌سه‌ر پاراستنى به‌هاکانى مافى مرۆڤ و پێشکه‌وتنه‌ دیموکراسییه‌کان کرده‌وه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار