سبەینێ هاوکاری ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتوەکانى چەمچەماڵ دەستپێدەکات

دوێنێ



عەتا محەممەد دەڵێت، لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی سبەینێ چوارشەممەوە دەستدەکرێت بە هاوکاریکردنی 694 ئۆتۆمبێل کە لە لافاوەکەی ساڵی رابردوو زیانیان بەرکەوتبوو.

دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و خەمڵاندنی زیانەکان، کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ وادەی دابەشکردنی قەرەبووی دارایی بۆ خاوەن ئۆتۆمبێل و کاسبکارانی شارەکە ڕاگەیاند. بەگوێرەی بڕیارەکە، سبەی پرۆسەکە بە قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەستپێدەکات و هەفتەی داهاتووش نۆرەی شوێنە بازرگانییەکان دەبێت.

 عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ لە لێدوانێکدا  ئاشکرای کرد کە پرۆسەکە بە قۆناغ بەڕێوەدەچێت. بڕیارە سبەی هاوکاریی دارایی بەسەر خاوەنی 694 ئۆتۆمبێلدا دابەش بکرێت کە لە لافاوەکەی ئەم دواییەی شارەکەدا زیانیان بەرکەوتووە و دۆسیەکانیان تەواو کراوە.

 سەبارەت بە زیانی کاسبکاران، عەتا محەممەد ڕوونی کردەوە کە دۆسیەی 262 دوکان و شوێنی بازرگانی بەتەواوی یەکلایی کراونەتەوە و بڕی شایستەی داراییان بۆ دیاری کراوە. بڕیارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکانیان بکرێت.

هاوکات هەر لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو سکاڵایانە دەدرێت کە لەلایەن خاوەن خانووە زیانلێکەوتووەکانەوە تۆمارکرابوون و گلەییان لە کەمیی بڕی هاوکارییەکان هەبوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری ئاماژەی بەوە دا کە لەو پارەیەی بۆ هاوکاریی لافاوەکە کۆکراوەتەوە، بڕێک پارەی تێدا دەمێنێتەوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە وەک کۆمیسیۆن پێشنیازیان بۆ جێگری سەرۆکوەزیران کردووە کە ئەو بڕە پارە زیادەیە بکرێتە پرۆژەی خزمەتگوزاری و لە بەرژەوەندیی خەڵکی چەمچەماڵ خەرج بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار