پێنجشەممە وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە
دوێنێ
بڕیارە رۆژی پێنج شەممە وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆببنەوە، سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند كۆبوونەوەكە تایبەتە بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان، بێگومان گرێدەدرێتەوە بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق.
رۆژی 16ی مانگی رابردوو دواین كۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بوو كە لە مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، گفتوگۆكانی نێوانیان گەیشتە بنبەست لەبەر ئەوەی وەفدی پارتی بە وەفدی یەكێتیان وتبوو " ئەوەی پێش هەڵبژاردن گفتوگۆی لەسەركراوە شتێك بوو ئێستا دوای هەڵبژاردنەو شتێكی ترە" بۆیە وەفدی یەكێتی كۆتاییان بە گفتوگۆكان هێنابوو.
كۆبوونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی هاوكاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق كە پارتی دوو كاندیدی فەرمی و یەكێتی یەك كاندیدی فەرمی هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە یەكێتی داوا دەكات پارتی پشتیوانی لە كاندیدەكەی پارتی بكات و پارتیش داوا دەكات یەكێتی رازی بێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئەوكات رێككەوتن لە نێوانیان بكرێت و فایلی سەرۆككۆمار و كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەیەك فایل بكرێت و هەردوولا لەسەر هەموو پۆست و بابەتەكان رێكبكەون.
