مۆڵه‌ت ده‌درێت به‌سه‌نته‌رێکى ئۆتیزم که‌چاره‌سه‌رى نییه‌

سه‌نته‌رێکى پزیشکى بانگه‌شه‌ى چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تیى ئۆتیزم ده‌کات‌و ته‌ندروستیش ره‌تیده‌کاته‌وه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



 

شاناز حهسهن

 

بهڕێوهبهرى سهنتهرێکى راهێنان جهخت دهکاتهوه  لهماوهى سێ مانگدا چارهسەرى بنبڕى دوو منداڵى ئۆتیزمیان کردووهو بهڕێوهبهرى گشتى تهندروستى سلێمانیش دهڵێت:» ئۆتیزم چارهسهرى بنبڕى نیه«.

ماوهى زیاتر لهسێ مانگه سهنتهرێک بهناوى «چارهسهرى ئۆتیزم» (ACARD)لهسلێمانى کراوهتهوهو لهلایهن وهزارهتى کارو کاروبارى کۆمهڵایهتى و وهزارهتى تهندروستى مۆڵهتى پێدراوه سهرهڕاى ئهوهى دهڵێن چارهسهرى کۆتایى هیچ کهسێکى ئۆتیزم ناکرێت.

ئۆتیزم بریتیه لهشێوان و تێکچوونى ههڵسوکهوت و بیرکردنهوهى و پهیوهندى کردنى منداڵ لهگهڵ کهسانى دهوروبهرو رێژهى تووشبوونهکهش لهمنداڵێکهوه بۆ یهکێکى دیکه دهگۆڕێت، ههندێکیان نیشانهکانیان لاوازه، ئهم جۆرهیان دهتوانن بهشێوهیهکى سهربهخۆ ژیان بهسهرببهن و ههندێکى دیکهشیان  نیشانهکان زیاتره، ئهم جۆرهیان پێویستیان بهکهسانى دیکه ههیه بۆ ئهوهى بتوانێت درێژه بهژیان بدات.

سهنتهرێک بانگهشهى چارهسهرى ئۆتیزم دهکات

لهههرێمى کوردستاندا زیاتر لهدوو ههزار منداڵى ئۆتیزم بوونى ههیه، بەوتهى بهڕێوهبهرى سهنتهرهکه چارهسهریان بۆ (10) مناڵ کردووه.

چانى ئهمجهد، بهڕێوهبهرى سهنتهرى ACARD بۆ (چارهسهرى ئۆتیزم) لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت: »ئهم سهنتهره بۆ خزمهتى منداڵانى ئۆتیزم کراوهتهوه بۆ ئهوهى سهفهرى دهرهوهى وڵات نهکهن و تێچوویهکى زۆر خهرج نهکهن و لهنزیکترین شوێن چارهسهر وهربگرن، چونکه راهێنانهکان ماوهیهکى زۆرى پێویسته تا منداڵهکه چارهسهر دهکرێت».

ههروهها بهڕێوهبهرى سهنتهرهکه ئاماژهى بۆ ئهوهشکرد چارهسهرهکهیان بۆ منداڵانى ئۆتیزم فیزیاییهو کیمیایی نیه، وتیشى:» تهنیا لهڕێگهى ئامێرو راهێنانهوهیه که رۆژانه بهمنداڵهکه دهکرێت و چارهسهر وهردهگرێت».

چانى ئهمجهد باسى لهسهنتهرهکهى خۆیان کرد کهستافهکهیان ههمووى کورده و لهئهمریکا راهێنانیان پێکراوه «سهنتهرهکه رۆژانه یهک منداڵ وهردهگرن، تا بتوانن ههموو کاتهکهى پێببهخشن و راهێنانهکان سودى ههبێت بۆیان و لهماوهیهکى زوودا چارهسهر بکرێت».

بەڕێوهبهرى سهنتهرهکه جهختى لهوهکردهوه تائێستا زیاتر له (10) منداڵ لهم سهنتهره چارهسهرى وهرگرتووهو دوان لهوانه بهتهواوى چاک بوونهتهوه و چارهسهرى کۆتاییان وهرگرتووه.

لهبارهى نرخى چارهسهرکردن لهم سهنتهره، چانى ئهمجهد ئهوهى روونکردهوه کهنرخهکان دیاریکراون نین و بهپێى پلهى ئۆتیزمهکهو حاڵهتى منداڵهکه دهگۆڕێت.

بهپێى بهدواداچوونهکانى هاوڵاتى، سهنتهرى ACARD بۆ (چارهسهرى ئۆتیزم) پارهیهکى زۆر لهخێزانهکانى مناڵانى ئۆتیزم وهردهگرێت که لهههزارو (500) دۆلار بۆ ههر چوار ههزار دۆلار دهڕوات.

سهباح ههورامى:  پێویسته دایکان و باوکان به ریکلام و بانگهشهى سهنتهرێک باوهڕ نهکهن

سهباح ههورامى، بهڕێوهبهرى گشتى تهندروستى سلێمانى، لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت»ئهو سهنتهرانه لهوهزارهتى کاروبارى کۆمهڵایهتى مۆڵهتى کارکردنیان پێدراوه«.

ههروهها بهڕێوهبهرى گشتى تهندروستى سلێمانى، ئهوهى دووپاتکردهوه که «ئۆتیزم هیچ چارهسهرێکى بنهڕهتى نیه، تهنیا پێویسته دایک و باوکان و هاووڵاتیان خۆیان هۆشیاربن و به ریکلامى سهنتهر و بانگهشهیهک باوهڕ نهکهن».

هاوکات، ئاسۆ حهوێزى، وتهبێژى وهزارهتى تهندروستى حکومهتى ههرێم، لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت» ئۆتیزم پلهبهندى ههیه، ئهگهرى زۆره، پله زۆر کهمهکهى لهوانهیه چارهسهر بکرێت، بهڵام چارهسهرى ههموو منداڵێکى ئۆتیزم ناکرێت».

ناوبراو جهختى لهوهشکردهوه که ناتوانن بڵێین ههموو تووشبوویهکى ئۆتیزم چارهسهر دهکرێت، بهڵام رهنگه بتوانێت نیشانهو کاریگهرییهکانى لهسهر منداڵهکه کهمبکاتهوه.

وتهبێژى وهزارهتى تهندروستى باسى لهوهشکرد ئهو سهنتهره مۆڵهتى لاى وهزارهتى تهندروستى ههیه.

پزیشکانى پسپۆڕ: ئۆتیزم چارهسهرى بنبڕى نییه

پزیشکێکى پسپۆڕى مێشک و دهمار ئاماژه بهوه دهدات که ئۆتیزم نهخۆشى نیهو  کێشهیهکى رهفتارییه و چارهسهرى بنبڕى نیه.

دیار نهجیب، پسپۆڕى دهمارو مێشک لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت: »منداڵى ئۆتیزم لهدواى سێ ساڵیدا دهردهکهوێت، منداڵهکه ناتوانێت ههڵسوکهوتى ئاسایى بکات، بهپێى تهمهن و ژیانى رۆژانهى خۆى، بهپێى تهمهنهکهى فێر نابێت، بۆیه هۆکارێکى دواکهوتنى قسهکردن و زیرهکى منداڵ بهئۆتیزم دادهنرێت».

ئهم پزیشکه ئهوهشى روونکردهوه زۆربهى کات ئۆتیزم لهدواى لهدایکبوونى منداڵهکهوه دروستدهبێت» کێشهیهکه لهکاتى لهدایکبوونیدا».

دیار نهجیب پێشیوابوو چارهسهرى ئۆتیزم نیه، چونکه نهخۆشیى نیه تا بهحهپ و دهرمان چارهسهر بکرێت و کێشهیهکى رهفتاریه، بۆیه بهسهنتهرهکان و دووباره تێکهڵاوکردنى لهگهڵ خهڵک چارهسهر دهبێت، وتیشى:»ناتوانرێت بوترێت چارهسهرى بنبڕى ئۆتیزم ههیه، چونکه ئهو منداڵه لهگهشهو زیرهکییهکانى دواکهوتووهو ناتوانێت چارهسهر بکرێت تهنیا دووباره راهێنانهوهیه«.

ئهو پزیشکهى مێشک و دهمار ئهوهشى خستەڕوو لهئێستادا زۆربهى زۆرى ئهو حاڵهتانهى به ئۆتیزم دیاریدهکرێن، ئۆتیزم نین، بهڵکو تهنها ههندێک نیشانهى دواکهوتنى تهمهن و زیرهکی تێدایه بۆیه بهئۆتیزم ناودهبرێن.

پسپۆرێکى دهروونى: لهجیهاندا هیچ ئامێرێک رێگهپێدراو نیه بۆ چارهسهرى ئۆتیزم

محهمهد قادر، پسپۆڕى نهخۆشییه دهروونیهکان، لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وتى: »ناتوانرێت بوترێت لهسهدا سهد ئۆتیزم چارهسهرى ههیه، بهڵام کۆمهڵێک تهکنیک بهکاردههێنرێت بۆ ئهوهى ئهو کهسه لهژیانى رۆژانهى بهردهوام بێت بهشێوهیهکى سهرکهوتوو، ئهگهر کهسهکه رێژهکهى زۆر کهم بێت لهوانهیه بتوانرێت بهڕێگهى راهێنان و کارکردنهوه کهسێکى ئهکتیڤ و سهرکهوتووى لێدهربچێت لهکۆمهڵگهدا».

ئهم پسپۆڕه دهروونییه هێماى بۆ ئهوهکرد لهڕووى زانستییهوه ئهوه زانراوه هیچ دهرمانێک چارهسهرى ئۆتیزم ناکات، بهڵکو تهنیا کۆمهڵێک نیشانهى لادهبات، ئهگینا هیچ ئامێرێک لهلایهن دامهزراوه زانستییهکانهوه رێگهپێنهدراوهو وهک پزیشکانى دهروونى هیچ کام لهو ئامێرانه بهڕێگهى زانستى نابینن بۆ چارهسهرى ئۆتیزم.

محهمهد قادر ئهوهشى دووپاتکردهوه لهجیهاندا ئامێرى جۆراوجۆر ههیهو بهکاردههێنرێت، بهڵام هیچیان بنهماى زانستیى نیهو وتیشى:»هیچ ئامێرێک بۆ بنهبڕى نهخۆشى ئۆتیزم بوونى نیه، تهنیا بۆ دهستکهوتنى قازانجى ماددیی و ئیستیغلالکردنى ئهو باره دهروونییهى دایک و باوکانه«.

محهمهد قادر، ئهوهشى روونکردهوه کهتهنیا لهڕێگهى پزیشکانى دهروونى و پهروهردهیى هێڵى یهکهمن بۆ چارهسهرى ئۆتیزم، کهئهوهش بهپێى حاڵهت دهگۆڕێت و توندو زۆر توندو ئاسانى ههیه«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار