٨ی ئادار پیرۆز بێت

3 ساڵ لەمەوپێش



 

سوارە محەمەد

لەسەرەتادا بەڕێزەوە سڵاو لەسیمبول و هێماکانی خۆشەویستی، رەنج و شکۆو کەرامەت، واتە دایکان دەکەم، دەستی دایکی شەهیدە قارەمانەکانی کوردستان ماچ دەکەم، ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش لەکەسایەتیی ژنان و دایکانی کوردستاندا لەهەموو ژنان پیرۆز دەکەم.

مرۆڤ بە رەنجی خۆی مرۆڤە، ئێمە هەموو کات پێداگری لەسەر ئەوە دەکەین، کەمرۆڤ بەکۆمەڵگەکەى، بەکۆمەڵگەبوونەکەى بووەتە مرۆڤ، هەر هیچ نەبێت بەئەندازەی ئەو راستییە، راستییەکی تریش هەیە، ئەویش ئەوەیە، کەکۆمەڵگە بەرهەمی ژن – دایکە، یانی ئەگەر ئێمە بووین بەمرۆڤ، لەپێش هەموو کەس و هەر شتێکەوە، ئێمە بۆ مرۆڤبوونی خۆمان قەرزداری ژن – دایکین.

لەمێژووی مرۆڤایەتیدا پسپۆڕان بۆ مرۆڤبوون و کۆمەڵگەبوون شەش خاڵیان دەستنیشانکردووە تاوەکو ئێمە ببین بەمرۆڤ و ئەو شەش خاڵە پێویست و سەرەکین و بریتین لە: ژیریی ئانالیتیک (توانایی بۆ تێگەیشتن و بڕیاردان و شیکارکردن و چارەسەرکردن)، زمان، رۆشنبیری، ئەخلاق، کشتوکاڵ و ژن، ئەو خاڵانە نە لەیەکتر دابڕاوو جیان و نە بەسەر یەکەوەن، بەڵکو هەموویان پێکەوەن و یەکتر پێشدەخەن، بەڵام ئەگەر مرۆڤ هەندێک قوڵ لێی وردبێتەوە، مرۆڤ ئەوەی بۆ دەردەکەوێت، کە لەبنەڕەتدا هەموو ئەو پێشکەوتنانە پەیوەندییان بەژنەوە هەیە، هەڵبەت بەپێشکەوتنی ئەوانەش ژن پێشدەکەوێت، پەیوەندییەکی سیمبیۆتیک (هاوگوزەرانی و هاوژیانی) ئەو راستییانە بەهێزو پتەو دەکات.

تاوەکو لەمێژوودا هیرارشی (ریزبەندی بەپێی پلەى دەسەڵات لەسەرەوە بۆ خوارەوە)، دەسەڵاتخوازی، کۆیلایەتی و چینایەتی وەک دەرەنجامی دەوڵەتەکان لەپێشدا نەبوون مرۆڤ بەهای ئەو راستییانەى باش دەزانی، دەوڵەتپەرەستی، کە لەمێژوودا لەکۆمەڵگەی سۆمەرەوە دەستیپێکردووە تاوەکو رادەیەک لەهەندێک لە رێنماییەکاندا پەیڕەویی لەو راستییانە دەکرد.

 بۆ نموونە کاتێک ئێمە بەشێوەیەکی فەلسەفی، بیردۆزیانە، سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی پەیدابوون و سەرهەڵدانی سۆمەر وەک کۆمەڵگەیەکی دەوڵەتپەرەست و دەسەڵاتدار بەنموونەى دابڕان لەسروشت و راستییەکان پێناسە دەکەین، هەندێک بابەت روون دەبنەوە بۆ نموونە لەزمانی سۆمەریدا «ئامارگی» بەمانای «ئازادی؛ گەڕانەوەى دایک و سروشتە»، یانی سۆمەرەکانیش هێشتا لەسەرەتادا لەدۆڕاندن و لەدەستدانی ئەو دیاردەو راستییە تێگەیشتبوون؛ دایک، سروشت و لەئەنجامیشدا ئازادی!، بۆیە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، کەتێکۆشانی ئازادی، لەسەردەمی سۆمەرەوە دەستیپێکردووە. لەبەرئەوەی کێشەو کەموکوڕییەکانی کۆمەڵگە لەئاستی سیستماتیک و پارادیگماتیک (چوارچێوەی هزری و فەرهەنگیی کۆمەڵگە)دا نەبوون.

ئەو کەموکوڕییانە لەکۆمەڵگەدا هەبوون، کە لەسروشتی ژیاندا روودەدەن و بۆ چارەسەرکردنیان بەعەقڵی کۆمەڵگە (پۆلیتیکا)، بەپێوەر (ئەخەلاق) و ئەزموونی ساڵەهای ساڵ لەهەوڵدان چارەسەر دەکران و پێشدەکەوتن، بەڵام کاتێک کێشەکان بوونە کێشەى کۆمەڵگە، ئیدی ئەو کێشانە لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتدارانەوە دروست دەکران، لەو کاتەدا کارەسات لەکۆمەڵگە رووی دەدا، ئیدی کێشەکانی بواری بیردۆزی (وەک تێگەیشتن و داوای کۆیلەدارکردن)، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ژیانی، کە ئافرێنرابوون، روویاندەدا.

ئەوە پێنج هەزارو (٥٠٠) ساڵە ئێمە هەوڵدەدەین ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، دەسەڵاتدارانیش هەموو کات پێداگری و خۆڕاگرییان کردووە تاوەکو ئەو کێشانە چارەسەر نەبن، خوێنمژی و بەرخۆری و رەنجخۆرییان قوڵتر کردووەتەوە، دەبێت ئێمە باش لەوە تێبگەین، کە لەبنەڕەتدا سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانە بۆ هێرش و پەلاماردان و ئەو ناهەقییانە دەگەڕێتەوە، کەبەرامبەر بە ژن کراون. تاوەکو ژن سەرکوتنەکرابوو کۆمەڵگە و سروشتیش تاڵان نەدەکران؛ کۆیلەداری و پاکتاوکردن و سڕینەوەى کۆمەڵگەیی و سیاسی و جەستەیی و ...هتد روویان نەدەدا.

 ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە بەئاسانی باس لەو راستییانە دەکەین ئەوە بەمانای ئەوەیە کەسانێک هەبوون بەرچاوو مێشکیان روونکردوینەتەوە، لەجیهاندا کلارا زێتکین، رۆزا لۆکسەمبورگ، ئۆلیمپ دیگوژ و لەکوردستانیش لەیلا قاسم، ساکینە جانسزو هەزاران ژنی تێکۆشەری تر لەپێناو بەها، ماف، شکۆو ئازادیی خۆیان و گەلەکەیاندا تێکۆشاون و لەبەر ئەوەشە ئەمڕۆ ژن وەک «مرۆڤ» سەیر دەکرێن.

ئەمڕۆ سیستمی پیاوو عەقڵییەتی باوکسالاری ئەگەر کەمیش بێت مافی ژیان و قسەکردن بەژنان دەدات، ئەوە بەهۆی خێرو بەزەییی کەسەوە نییە، چونکە ژنان لەو پێناوەدا گیانیان بەختکردووەو خوێنیان داوەو هێشتا ئەو تێکۆشانە سوتێنەرە بەڕێوەدەبەن.

 ئێمە بەشێوەیەکی سەربەرزانە دەتوانین بەئاسانی بڵێین، کەئەمڕۆ کوردستان ناوەندو پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیی ژنە! ژنانی کورد هەر وەک هەزاران ساڵ لەوەپێش چۆن پێشەنگایەتییان بۆ کۆمەڵگەو مرۆڤایەتی کرد، ئەمڕۆش ئاڵای ئازادی و شکۆیان لەلوتکەکانی کوردستان تاوەکو ناوەندی ئەوروپا، هندستان، ئەفغانستان، ئەمریکاو .... هتد بەبەرزی و شکاوەیی راگرتووە.

لە ١٩٠٩ و ١٩٢١دا ژنانی سۆسیالیستی جیهان بۆ یادکردنەوەى کۆمەڵکوژکردنی (١٢٠) ژن لەنیویۆرکی ئەمریکاو هەروەها بۆ داکۆکی لەماف و رەنجی ژنان «رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش»یان پێشخست و پیرۆزیان کرد، چونکە لە ٨ی ئاداری ١٨٥٧دا لەکارگەیەکی رستن و چنین لەنیویۆرکی ئەمریکادا ژنان داوای مافەکانی خۆیان دەکردو بۆ ئەوەش لەمانگرتندا بوون، بەڵام ئاگریان تێبەردراو (١٢٠) ژنی مافخوازیان کۆمەڵکوژکردو سوتاندنیان.

 دوای هەوڵ و بەرەنگاریی ژنانی سۆسیالیست هۆشمەندی و هۆشیاری و هەڵوێستی بەهێزی بزووتنەوەى ژنان پێشکەوت، سیستمی دەوڵەتپارێزیش وەکو هەموو کاتێک لەدوای دواوە بوو و سەرباری ئەوەى دواکەوتبوو، بەڵام خۆی بە «خاوەنی ژنان» دەناساند. لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٧دا نەتەوەیەکگرتووەکان ٨ی ئاداری وەک «رۆژی جیهانیی ژنان» قبوڵ و پیرۆز کرد، جارێکیتر ئێمە بووینە شاهیدی ئەوە، کە تێکۆشان، شەرت و مەرجەکان زاڵمەکان ناچار بەگۆڕانکاری دەکەن.

ئەمڕۆ هۆشمەندی، رێکخستنبوون و تێکۆشانی ژنان بەڕادەیەک پێشکەوتووە، کەئیدی هیچ کەسێک ناتوانێت ئەوان بەپیرۆزکردنی «رۆژێک» فریو بدات، ئەو تێگەشتنەى ژن بە «بێ عەقڵ»، «لاواز»، «دارایی شکاو» و .... هتد دەناسێت، هێشتا بەرهەمی زوڵمی سەردەست، زۆردارو دەسەڵاتدارانە، بەڵام لەسایەی تێکۆشان و بەرخودانی مێژوویی ژنانەوە ئەو تێگەیشتن و چەمکانە پووچ کراونەتەوە.

هەڵوێستی ژنانی ئازاد، هەموو کەس رادەکێشتە سەر هێڵ و رێگای راست و هەموو کەس ناچار بە رێزگرتن دەکات، پێویستە ئێمەش وەک کوڕان و پیاوان و هەموو کۆمەڵگە بەپێی داواو راستیی ژنان لەژنان و تێکۆشانە شکۆمەندەکەیان نزیک ببینەوەو رێزیان لێبگرین. ئەگەر ئێمە وا بکەین، رەنگە گوناحەکانی باووباپیرانمان، زوڵمی دەوڵەت و دەسەڵات، کە بەناوی هەموومانەوە بەرامبەر بەژنان ئەنجامیانداوە، هەندێک سوک بکەین و ئێمەش لەگەڵ ژناندا ببینە مرۆڤی حقوقی و مافمەند، بەهۆشیاری و هۆشمەندیی ژنان ئێمەش دەرفەتی ئازادبوون بەدەست بهێنین.

وەک ئەوەى ژنانی کورد ئەمڕۆ لەجیهاندا پێشەنگایەتی بۆ تێکۆشانی ئازادیی ژنان دەکەن، کۆمەڵگەى کوردیش بەتەواوەتی دەتوانێت بۆ هەموو کۆمەڵگەى جیهانی و مرۆڤایەتی ببێتە نمونەو شانبەشانی ژنان بەرەو ئازادی رێبکەین، بۆیە ئاستی ئازادیی ژن ئاستی ئازادیی کۆمەڵگە نیشاندەدات. منداڵان، گەنجان و پیاوە شیر حەڵاڵەکان؛ ئەرکی ئێمە ئەوەیە، کەئێمەش بەشداری تێکۆشانی ئازادی ببین و وەک ژن لەگەڵ ژندا خۆمان و کۆمەڵگەی خۆمان ئازاد بکەین!.

بەڕێزەوە سڵاو لەهەموو ژنانی زەحمەتکێش و تێکۆشەر دەکەم و لەتێکۆشانەکەیاندا سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، لەبەرئەوەی ئێمە لەئازادی نزیک دەکەنەوە، سوپاسیان دەکەم.

رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش پیرۆز بێت!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار