رەشەبای بەردەم چەترە سیاسییەکەی سەرۆکی هەرێم
هیوا سەید سەلیم
4 ساڵ لەمەوپێش
هیوا سەید سەلیم
بەهۆی ناکۆکی سیاسی نێوانیان، دوای دابڕان و دوورکەوتنەوە لەیەکتری، سەرەنجام هێزو لایەنە کوردستانییەکان رۆژی ٧ی نیسان بەدەستپێشخەری سەرۆکی هەرێم و لەبارەگای سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ یەکتری کۆبوونەوە.
شایانی باسە وێڕای ناکۆکییە سیاسییەکان، زۆرجاریش ناکۆکی ئەجێندای کۆبوونەوەو ئالیەت و جۆرو ژمارەی بەشداری لایەنەکان و شوێنی کۆبوونەوەکە، هۆکاربوونە بۆ رێگری لەبەستتنی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە.
دواجار باس لەوە کرا کەدەکرێت سەرۆکایەتی هەرێم بکرێتە چەترێک بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا کە کۆبوونەوەکە لەئاستی سەرۆک و جێگری سکرتێری ئەو حزبانە بێت کە لەحکومەت و پەرلەمان بەشدارن، واتا ئەو پێشنیارە بەستەڵەکی بەردەم گرێدانی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی شکاند.
کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا، بەڵام زانیاری لێکەوتەکانی دوای کۆبوونەوەکە بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەنێوانی پارتی و یەکێتییەوە هەیە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە کۆبوونەوەکە نەک ئەرێنی نەبوو، بگرە دیدو تێڕوانینە جیاوازەکان لەسەر زۆر تەوەرەی ناو کۆبوونەوەکە خەریکە دەبنە رەشەبایەک کەمەترسی لەسەر خودی چەترەکەش دروستدەکات.
نموونەش ئەو گرژییەیە کە بەهۆی بڕیاری دابەشکردنی زەوی لەنێوانی قوباد تاڵەبانی، وەک جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری شارەوانی درووستبووە، کەهاوکات بووە لەگەڵ کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم و حزبە کوردستانییەکان.
ناکۆکییەکان لەسەر ئالیەتی بەشداریکردن
ساڵانێکە هەریەک لە (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو) لەگەڵ ئەوەدابوون کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بە بەشداری پێنج حزبەکە ئەنجامبدرێت، لەسەردەمی کابینەکانی رابردووش هەر لەسەر ئەو ئالییەتە کاریان دەکرد، واتا (پارتی و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو، هەروەها کۆمەڵ).
بەڵام رووداوەکانی ١٢ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٥ کە لەڕێگەی زۆرینەی پەرلەمانییەوە هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی درا، ئەو هەوڵەی کە داخستنی پەرلەمانی بۆ ماوەی دوو ساڵ لێکەوتەوە. بۆیە دوای ئەو رووداوانە ئیدای پارتی نەک هەر بە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان نەوەستا، بگرە بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سایاسییەکانیش ئامادەنەبوو بچێتە ژێرباری میکانیزمی پێنج حزبەکە. چونکە ترسی هەبوو زۆرینەیەک لەدژی هەڵوێستەکانی درووست بێت. بۆیە ماوەیەک کۆبوونەوەی حزبەکان پەکی خرا تا ئەوکاتەی کە کۆبوونەوەی فراوانی سەرجەم حزبە کوردستانییەکان ئەنجامدەدرا بۆ بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم.
شایانی باسە لەدوایین کۆبوونەوەش کە لە ٧ی نیسانی ئەمساڵ ئەنجام درا، پێدەچێت لەسەر بەشداری لایەنەکان لەنێوانی پارتی و یەکێتی جۆرێک سازان کرابێت، چونکە ئەگەر دیققەت بدەینە بەشداربووانی دوا کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان، تێدەگەین کە هیچیەک لەمیکانیزمەکانی رابردوو بۆ کۆبوونەوەکە کاریان پێنەکراوە، چونکە دوایین کۆبوونەوە نە بەئالییەتی پێنچ قۆڵییەکە بوو، نە ئەوەش بوو کە پارتی بەتەواوەتی دەیویست لەکۆبوونەوەی فراوان بەشێک لەحزبەکانی ناو پەرلەمان وەک پێکهاتەکان بەنوێنەرێک بەشدارییان کرد، واتا هەموو تورکمانەکان یەک نوێنەرو کلدۆئاشورییەکان یەک نوێنەرو هەندێکیش هەر بانگهێشت نەکرابوون، نموونەی نەوەی نوێ.
سەبارەت بەئاستی بەشداریی لایەنەکان لەکۆبوونەوەکە، جێگری سەرۆکی هەرێم لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی وتی: «بڕیاربوو سەرۆک یان سکرتێری حزبەکان لەگەڵ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی نوێنەرایەتی حزبەکانیان بکەن».
سەبارەت بەبەشداری پارتی دیموکراتی کوردستان کەجاران هاوکات لەگەڵ پۆستی سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی پۆستی سەرۆکی پارتیش بوو، کێشەیەکیان لەو جۆرە کۆبوونەوانە نەبوو، چونکە ئەوسا ئاسایی بوو کە فازل میرانی وەک سکرتێری پارتی نوێنەرایەتی حزبەکەی بکات، بەڵام ئێستا کە بارزانی لەپۆستی سەرۆکی هەرێم نەماوە، ئامادەنەبوونی لەو کۆبوونەوانە لای چاودێران و میدیا جێگای پرسیارە.
پێدەچێت پارتی ئەو ئیشکالیەتە لەکۆنگرەی داهاتوویان چارەسەر بکات، هەوڵبدەن بارەگای بارزانی بکەنە ئەلتەرناتیڤی سەرۆکایەتی هەرێم، بەوەی چەترکە لەسەرۆکایەتی هەرێمەوە بگوازنەوە بۆ بارەگای بارزانی. قسەکردن لەسەر پێویستی لێڤەگەڕی ( مەرجەع) سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی پارتی ئامادەسازییە بۆ ئەو هەنگاوەی کە دوای کۆنگرەی (١٤)ەهەمین ئەو حزبە دەیگرێتەبەر کە وابڕیارە ئەمساڵ ئەنجامی بدات.
هەڵوێستە جیاوازەکانی ناو کۆبوونەوەکە
دوابەدوای کۆبوونەوەکە سەرۆکایەتی هەرێم بەجیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، کە ئەمەیان ئاماژەیە بەوەی لایەنەکان تەنانەت لەسەر راگەیەندراوێکی هاوبەشیش رێکنەکەوتوون. وەک لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم هاتووە: «وێرای بەئەرێنی هەڵسەنگاندنی پەسندکردنی یاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دۆخى ئێستاى ههرێمى كوردستان و دهستهبهركردنى مافه دهستوورييهكان، پاراستنى دهسكهوتهكان و ههنگاونان بۆ ئايندهيهكى باشتر، واقعبينى و ههستكردن بهبهرپرساريهتيى ههمووان، پێكهوهكاركردن، هاوبهشى، تهبايى و يهكڕيزیى دهخوازێت و بهگرنگييهوه جهختى لهپرۆسهى چاكسازى و كاركردن بۆ باشتركردنى گوزهرانى هاووڵاتيان و پێويستيى پاراستنى ئازادييهكان و ئازاديى رادهربڕين و دانانى چوارچێوهو ميكانيزمێك بۆ بهردهواميى ئهم كۆبوونهوانه كردهوه».
بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوانەی کەدەست میدیاکان کەوتوون، کەشوهەوای ناو کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێم و حزبە سیاسییەکان پێچەوانەی ناوەڕۆکی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم بووە، هەر بۆیەشە لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەناوی لایەنە سیاسییەکان نەکراوە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە باڤڵ تاڵەبانی، نوێنەرایەتی دەکرد نیگەرانی حزبەکەی سەبارەت بەبەشدارییان لەکابینەی حکومەت باس کردووە، تادەگاتە ئاستی ئەوەی هەڕەشەی کشانەوە لەکابینەی نۆیەم بکات.
شایانی باسە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکەیان، یەکێتی لەشێوازی مامەڵەی پارتی نیگەرانە، پێدەچێت هاوسەرۆکەکەی یەکێتی لەڕێگای ئایپاتی بەردەمی کە لەکۆبوونەوەکە داینابوو هەڵوێستی هاوسەرۆکەکەی دیکەی گەیاندبێتە سەرۆکی هەرێم، بەپێی راپۆرتێک کە لەماڵپەڕی دروو میدیا بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیارکراوە کەپارتی و یەکێتی کۆتایی بەکێشەکانیان بێنن، لەو بارەیەوە وتوویەتی: « پێویستە كۆتایی بەگرژییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بهێنرێت، چونكە ئەگەر پارتیو یەكێتی رێكبكەون، كێشەكان چارەسەر دەبن» .
جیاوازییەکی دیکەی خودی پارتی سەبارەت بەناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە روونی هەستی پێدەکرا، ئەویش بریتی بوو لەهەڵوێستی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، کە سەبارەت بە رێکەوتنی بودجە پێش کۆبوونەوەکە وتبووی: « چاوەڕوانی بەغدا دەکەین کە بودجەی مانگی (٣،٢،١)مان بۆ رەوانە بکات، ئەگینا بۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە کێ پابەندی رێککەوتنامەکە نەبووە» کە ئەو جۆرە راگەیاندنانە ئاماژەیەکە بۆ رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا، کە کۆبوونەوکە جیاواز لەو زمانە هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ یاسای بودجە کردووە.
ئەنجومەنی سیاسی و دیدگای جیا لەسەری
موحەمەدی حاجی مەحمود، کە دوای کۆبوونەوەکە وا وەسفی کۆبوونەوەکەی کرد: «کۆبوونەوەکە شتێکی باش بووە، ماوەیەکی زۆرە لێکدابڕاوین، سەیری یەکمان کرد، مەرحەبای یەکمان کرد».
پێشنیاری بۆ کۆبوونەوەکە کردووە کە هەرێم پێویستی بەئەنجومەنێکی سیاسییە تا هەموو لایەک کۆبکاتەوە.
شایانی باسە گرفتەکانی بەردەم پێکهینانی ئەنجومەنی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان، بریتیە لەو خاڵانەی کە لەسەرەتا ئاماژەمان پیداون لە (شێوازو ژمارەی بەشداریی لایەنەکان، ئەو کەسەی کەسەرپەرشتی ئەنجومەنەکە دەکات)، پێدەچێت لەو قۆناغە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان پێیان باش بێت مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە سیاسییە بێت، بەدەلیلی ئەوەی زۆرجار لەنێو بەرپرسانی (یەکێتی و گۆڕان) و ئەوانی دیکەش رەخنەی ئەوە ئاڕاستەی مەسعود بارزانی کراوە، کەدوای مەرگی هەریەک لە (جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا) ئەو دەیتوانی برا گەورەیەکی باش بێت، ئەمەیان ئاماژەیەکە کە ئەوان لە رابردوو برا گەورەیی ئەویان قەبووڵ بوو.
پرسیارەکە لێرەدایە ئایا ئەو چەترە سیاسییەی کەئێستا لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان کاری پێدەکرێت دەتوانێت لەبەردەم رەشەبای ناکۆکییە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە حزبییەکان خۆی رابگرێت؟
ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کەوێرای پشتیوانی دەرەکی و لەباربوونی فاکتەرە بابەتیەکە بۆ ئەزموونی سیاسی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەشیان چەندین جار لەزاری بەرپرسانی ئەمەریکاو ئەوروپا بەگوێی بەرپرسانی کورددا دراوە، دوایین جاریش پێشوازی سەرۆک ماکرۆن بوو لە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم لەکۆشکی ئەلیزا، بەڵام خەریکە کورد ئەم جارەش وەک دەیان جاری دیکە دەرس و پەند لە رابردووی وەرناگرێت و بارودۆخی گونجاوی دۆخە بابەتییەکە دەکاتە قوربانی کێشە زاتییەکانی لەململانێ حزبییەکان، بۆیە وابڕوات رەشەباکە نەک چەترەکە بگرە خودی ئەزموونەکەش دەخاتە بەردەم مەترسییەکی جدییەوە.