رەخنە چییە؟

سەردار عەزیز

3 ساڵ لەمەوپێش



 

سەردار عەزیز

ئەم پرسیارەی سەرەوەم لەهاوڕێیانی فەیسبوکم پرسی، بەسوپاسێکی زۆرەوە زیاتر لەسەد هاوڕێ ئەزیەتی ئەوەیان کێشابوو کە وەڵامبدەنەوە. ئەم جۆرە لەڕاپرسییە، شێوازێکە بۆ بەدەستهێنانی داتا یان زانیاری. بەڵام کۆمەڵێک کێشەی هەیە. یەکەم لەناوەندێکی کراوەدا بەڕێوەدەچێت، بەو مانایە وەڵامەکان بۆ هەموان ئاشکرایە.

ئەمەش بێگومان ئەگەری ئەوەی هەیە کەکاریگەری لەسەر جۆری وەڵامی کەسەکان دابنێت. دووەم، چونکە رووبەڕوو نییە، رەنگە لەڕێگای وەڵامێکی کورتەوە نەزانرێت بەڕوونی مەبەستی وەڵامەکە لەو کاتەدا چیە. بەڵام سەرباری ئەوە دەکرێت وەک جۆرێک لە بەدەستهێنانی زانیاری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. نووسین لەدونیای ئێمەدا هەتا ئەمڕۆ بەشێوەیەکی زۆر لەژێر کاریگەری چەمکە نازانستییەکاندایە، وەک بلیمەتی، ئیلهام، توانای تایبەت، وەحی. ئەگەر ئەم چەمکانە بۆ شیعرو هەندێک ژانەری تری ئەدەبی گونجاوبن، ئەوا بۆ زۆر بواری تر نەگونجاون. ئەگەر وەڵامەکان پۆلێن بکەین ئەوا یەک جۆر لەوەڵام زاڵە بەسەر وەڵامەکاندا ئەوەیش راستکردنەوەیە.

ئەم دیدی راستکردنەوە بە شێوازی جیاواز دەربڕاوە. بۆ نموونە لابردنی خەوش. پڕکردنەوەی کەموکورتی، راستکردنەوەی هەڵە. ئەم راستکردنەوەیە دیارە دەبێت لەپێناوی ئامانجێکدا بێت. ئەم مەبەستە دەبێت باشترکردن بێت. بەو پێیە رەخنە دەبێت لەلایەن کەسێکەوە بێت یان شارەزابێت یان دیدێكی جیاوازی هەبێت. بەم شێوەیە رەخنە تەواوکردنی ناتەواوێکە. بینین ئەوەیە کە نەبینراوە یان ناخوازرێت ببینرێت. دیارە رەخنە بەشێوازی تریش دەبینرێت. بۆ نموونە جۆرێکە لەقسەی زل.

رەخنە یانی تەنها قسە، نەک کردار. کرداریش شەرتە. دیارە ئەم دیدە جینالۆجییەکی تایبەتی هەیە، کە لێرەدا بوار نییە بۆ هەڵدانەوەی. هەروەها لای بەشداربووان رەخنە بەگشتی دابەشدەکرێت بەسەر دوو جۆردا، جۆرێک کەڕەخنەیەو ئەو جۆرەکەی تریش دەربڕینی هەست و سۆزو باری دەرونییە، وەک ئیرەیی، هەست بە کەمییکردن، فشار، بۆیە هەندێک وەهای دەبینن کەدەبێت گیانی وەرزشی لەهەردولا هەبێت. کۆی ئەم وەڵامانە زەمینەیەکی تایبەتی دەسازێنێت هەتا بتوانین چەند هەنگاوێک بنێین بۆ وەڵامدانەوەی چیەتی رەخنە.

دیارە چیەتی رەخنە بۆ خۆی پرسیارێکی ئاسایی نیە، وەک جودت باتلەر دەڵێت. بەجۆرێک لەجۆرەکان رەخنەیە لەڕەخنە. ئەگەر هەوڵێک بۆ پۆلێنسازی وەڵامەکانی بکەین. یەکەم، کاتێک زۆرێک رەخنە وەها دەبینن کەبریتیە لەڕاستکردنەوە، ئەوا رەهەندێکی تایبەتمان بۆ دادەڕێژن. دیارە دەتوانین وەڵامەکان رێکبخەین و جۆرێک لەڕێژەگەرایی لەپۆلێنکاری بەرهەم بهێنین، بەڵام ئەم دیدە لای من هێندە بایەخی نییە. دیارە ئەمە میتۆدۆلۆجییەکی زاڵی دونیای زانستە سیاسییەکانی ئەمریکایە. بەجۆرێک کە بڕوا وەهایە هەموو شتێک دەتوانرێت بپێویرێت. بەڵام بەلای منەوە پێوانسازی لێرەدا گرنگ نییە هێندەی چەمکسازی گرنگە. دیدی راستکردنەوە دەتوانین بەدیدی یان رەهەندی دەقیی رەخنە ناوببەین. مەبەستمان لەڕەهەندی دەقیی چیە؟ مەبەستمان لەڕەهەندی دەقیی ئەوەیە کەدەق هەیە راستەو دەق هەیە هەڵەیە یان هەڵەی تیادایە.

ئەو دەقانەی کەهەڵەیان تیادایە دەبێت لەلایەن ئەوانەوە راستبکرێنەوە کە ئاگاداری راستین. بەدیدی من، ئەم دیدە دەقییە دیدێکی ئاینییە یان رەگی لەپیادەکردنی ئایندا هەیە. لەئایندا دەقێکی تەواو راست هەیە، کەدەبێت بنەماو پێوەر بۆ دەقەکانی تر. هەبوونی دەقێکی راست وەها دەکات کەدەقی راست بوونی هەبێت و کاتێک دەقی راست بوونی هەیە ئەوا دەکرێت دەقی ناڕاستیش هەبێت، دەکرێت راست بکرێنەوە. لەڕاستیدا رەنگە ئەمە بڵاوترین جۆری رەخنە بێت. بەڵام لەزۆر ئاستدا ناچێتە خانەی رەخنەوە. رەخنە بریتی نییە لەڕاستکردنەوەی هەڵە. یان گەڕان بۆ هەڵە لەدەقەکاندا. چونکە هەم چەمکی هەڵەو هەم چەمکی راستی رێژەییە، چونکە راستییەکان لای کەسەکان لەسەر بنەمای دیدو ئاگایی و ئایدۆلۆژیاو باوەڕیان بەرهەمدێت.

دیارە من لەو قوتابخانەیە نیم کە بڵێم راستی نییە، هەموو ئەوەی هەیە راڤەکردنە. رەهەندی دووەمی رەخنە لەوەڵامەکاندا رەهەندی کەسییە. کەسێک رەخنە لەکەسێکی تر دەگرێت. بەگشتی وەک یەکێک وەڵامەکان ئاماژەی پێدەدات رەخنە کەس پێی خۆش نیە. بەمجۆرە رەخنە کارێکی دڵخۆشکەر نییەو کەس پێی خۆش نییە رەخنەی لێبگیرێت. دەکرێت ئەم دیدە لەکەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکی تر بگۆڕێت. وەک لەپۆلێنکاری سەرەوەدا بینیمان رەخنەی دەقیی یان رەهەندی دەقی رەخنەش دیسانەوە پەیوەستە بەژینگەو کەلتورەوە. رەهەندی کەسی رەخنە چەند جۆرێکی هەیە. رەخنەی سایکۆلۆجی هەیە. بەو مانایە پاڵنەرێکی سایکۆلۆجی وەهای لەکەسی رەخنەگر کردووە کەڕەخنە بگرێت. رەنگە ئەمە باوترین جۆری بەناو رەخنەبێت.

خوێندنەوەی ئەم بەناو رەخنانە هەرزوو بۆ خوێنەر ئاشکرا دەبێت کە ئایا نەخۆشی کەسی رەخنەگر چیە. لەهەمانکاتدا رەخنەی دەسەڵاتیش بوونی هەیە، کاتێک کەسێک لەگەڵ کەسێکدا لەگەڵ جۆرێک لەدەسەڵات ململانێی هەیە ئەوا ململانێکەیان وەها دەبینرێت کەڕەخنە بێت، یان ئەگەر کەسێک توانای هەبێت ئەوا سوپایەکی تایبەت لەڕەخنەگری تایبەتی دەبێت. لێرەدا رەخنە خزمەتکردن یان کوشتنی کەسێکە لە پێناو بەرژەوەندی کەسێکی تر. ئەم رەهەندە کەسییە ئێجگار ژەهراوییە بۆ کۆمەڵگا. ئەمە لەڕاستیدا رەخنە نییە. چونکە هەردوولا خیتابی تایبەت بەرهەمدەهێنن کەدەبێت جێگای رەخنە بێت. خیتاب لێرەدا یانی جۆرێک لە دەق، وتار، گوتار، یان دەربڕین کە لەپرۆسەیەکی ئاڵۆزی شاردنەوەو ئاشکراکردندا دەیەوێت خۆی نمایش بکات.

لەدونیای کوردیدا کەسەکان یان پێغەمبەرن یان شەیتان. پەیوەندی پێغەمبەری ئەو جۆرە پەیوەندیەیە کە کەسەکان وەها دەبینن دەبێت نەک هەر دەقەکانیان بەڵکو شێوازی ژیان و ژیاریان گرنگە و دەبێت لاسایی بکرێنەوە. ئەم دیدەیە کەکەس و دەق پێکەوە دەبەستێت. کاتێک کەسێک هەڵەیەک دەکات ئەوا راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر دەقەکەی. پەیوەندی شەیتانی روونە لەسەر نەفرەت و دژایەتی و نەیارێتی بونیادنراوە

ئەم جۆرە بەناو رەخنەیە هەتا ئاستی کوشتنی کەسایەتی یان بە مەزنکردنی کەسێک دەڕوات، کە هەردوکیان دوو رووی یەک دراون. ئەم دوو رەهەندە زاڵەی بەناو ڕەخنە وەهایان لەدونیای بەرهەمهێنانی دەق کردووە کەدونیایەکی پڕ لەتوندوتیژی بێت. دیارە لێرەدا جیاوازی دەکەین لەنێوان دەربڕینی ناڕەزایی و بەرگرییکردن و دژایەتی زوڵم و خەبات و تێکۆشان لەگەڵ رەخنەدا. لەئاستی ڕەهەندی دەقیدا خوێنەر دەتوانێت چەندین ئاستی پەیوەندی رەخنەیی و ناڕەخنەیی دروست بکات. خوێندنەوە جۆرێک لەدروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ دەقدا. خوێندنەوە بۆ خۆی جۆرو مێژووی تایبەتی هەیە. سەرەتا لای سپینۆزا دەستپێدەکات. دەکرێت دەقێک وەک گۆڕەپانی جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت وەک دۆلۆز داوای دەکات. فێربوونی رووبەڕووبوونەوەی، ململانێ و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی. هەروەها دەکرێت پەیوەندییەکی ئامرازی هەبێت. فۆکۆ باس لە سندوقی ئامرازەکانی دەکات. مامەڵەکردن لەگەڵ دەقداو ئازادبوون لەوەرگرتن و بەکارهێنانی بۆ ئامانجی خۆت.

فۆکۆ بەئەمە دەڵێت تول-بۆکس. هەرچەندە ئەوانەی لە ئەوەوە نزیکن لەڕووی بایوگرافییەوە تول-بۆکس بەجۆرێکی تر دەبینن. لە رەهەندی کەسییەوە، لەدونیای کوردیدا کەسەکان یان پێغەمبەرن یان شەیتان. پەیوەندی پێغەمبەری ئەو جۆرە پەیوەندیەیە کە کەسەکان وەها دەبینن دەبێت نەک هەر دەقەکانیان بەڵکو شێوازی ژیان و ژیاریان گرنگە و دەبێت لاسایی بکرێنەوە. ئەم دیدەیە کەکەس و دەق پێکەوە دەبەستێت. کاتێک کەسێک هەڵەیەک دەکات ئەوا راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر دەقەکەی. پەیوەندی شەیتانی روونە لەسەر نەفرەت و دژایەتی و نەیارێتی بونیادنراوە، شەیتانی زیاتر شەیتاناندنە. ئەگەر دەرفەت هەبێت دێینە سەر ئەو دەقانەی کە قسە لەسەر چییەتی رەخنە دەکەن. پەیوەندی رەخنە بەڕۆشنگەرییەوە. چۆنێتی بەرگریی لەخودبوون لەدونیایەکدا یان سەردەمێکدا، کە دەسەڵات دەیەوێت بەجۆرێک حوکمت بکات لەپێناو خۆیدا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار