گازی سروشتی، گرنگتر لەنەوت

سەركۆ یونس

4 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ یونس

لەپاش نزیکەی (١٠) ساڵ، لە وەبەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی کوردستان، هەندێك پێیان وایە، هەنگاوێکی سەرکەوتوو بووە، زۆرینەش پێیان وایە، ئەم هەنگاوەی حکومەت سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە. دەرئەنجامی ئەم کارە، ئابوری هەرێم تووشی چەندین ئاستەنگ و هەورازو نشێوو بووە، دەرهاویشتە خراپەکانی ئەم پرۆسەیە بەسەر کۆمەڵگاوە رەنگیداوەتەوە، هەربۆیە پێویستە بیر لەجێگرەوەی تر بکرێتەوە، کەئەویش گازی سروشتییە.

خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان، بێبەش نییە لەسامانی گازی سروشتی، چەند کێڵگەیەکی گازی سروشتیمان هەیە، کەهەم رێژەی بوونی گازەکە زۆرو گەورەیە، هەم لەجۆری باشە.

بەپێی بڵاوکراوەکان، لە (3%)ی گازی سروشتی جیهان لەهەرێمدایە، پلەی (8) لەیەدەگی گازی سروشتی جیهانی وەرگرتووە، بۆ رووبەرێکی بچووکی وەک هەرێم، ئەم رێژەیە بەبەراورد بەجیهان زۆر گەورەیە، پێویستە حکومەت ستراتیژیانە، لەم سامانە گرنگە بڕوانێت و پلانی تۆکمەی زانستی و واقعی و دوور مەودای هەبێت.

یەدەگی گازی سروشتی لەکوردستان (27) ترلیۆن پێ سێجایە، قەبارەیەکی گەورەیە، ئەم یەدەگە دابەشبووە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمداو سنوری پارێزگای سلێمانی، رێژەی (80%) ئەم سامانە ستراتیژییەی لەخۆگرتووە، لەکێڵگەکانی کۆمۆر و چەمچەماڵ و میرانە و تاووگێ و خۆرمەڵە و تەقتەق و سەرقەڵا و چەندینی تر پێکدێت.

زۆر گرنگە، حکومەتی هەرێم، بەووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم سەرچاوە ستراتیژییەدا بکات، کەبەردەوام خواستی زیاتری دەچێتە سەرو داواکاری وڵاتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی لەسەرە.

دەستبەکاربوونی وەزیری نوێی سامانە سروشتییەکان، هەنگاوێکی گرنگە، بۆ بەرەوپێشچوونی ئیشوکاری وەزارەت و ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ، بەمەرجی شەفافیەت.

زۆر گرنگە، وەبەرهێنان بکرێت لەم سامانە ستراتیژییەدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی و هەمیشە مەترسی بەبازاڕکردنی لەسەرە، بەگشتی و بۆ نەوتی کوردستان بەتایبەتی کە بەکەمتر لەنرخی نەوتی جیهانی دەفرۆشرێت..

حکومەتی هەرێم، دەتوانێت بەپلانی درێژخایەن و ستراتیژی، وەبەرهێنان لەگازی سروشتیدا بکات، بۆئەوەی ببێتە جێگرەوەی نەوت و ببێتە سەرچاوەیەکی تری داهات و بودجەی هەرێم.

زۆر گرنگە، حکومەتی هەرێم، دەرگای وەبەرهێنان بەڕووی کۆمپانیا فرە رەگەزو جیهانییەکان بکاتەوە، بەتایبەت کۆمپانیاکانی هەر پێنج وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێکی گەورەی سیاسی و پاڵپشتی سەرەکی بێت بۆ ئارامی هەرێمی کوردستان و گەرەنتی داهاتووی سیاسی و ئابوری هەرێم.

لەپێناوی ئەوەی، وەبەرهێنان لەگازی سروشتیدا، وەک نەوتی لێ نەیەت، پێویستە حکومەتی هەرێم و لایەنە سەرەکییە سیاسییەکانی هەرێم، سەرجەمیان ئاگاداری بن لەووردەکاری و شێوازی گرێبەست و وەبەرهێنانی ئەم سەرمایە گرنگە.

سەرەتا، زۆر گرنگە ئاگاداری ئەوە بین، وڵاتانی خاوەن گازی سروشتی جیهانی، نەکەین بەدوژمنی خۆمان، بەتایبەت ئێران و روسیا، پێویست بەهەڵای راگەیاندن ناکات، پرۆسەکە بەبچووکی بهێڵرێتەوەو بەشێوەیەک بڵاوبکرێتەوە کە بۆ پێویستی ناوخۆ ئەنجامدراوە، تائەو کاتەی کەژینگەی سیاسی و ئابوری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێککەوتن و هەناردەکردن، هەندێ راپۆرتی شیکاری نێودەوڵەتی، باس لەوە دەکەن، کەهەرێم دەتوانێت بەگازی سروشتی، پێگەی ئابوری و سیاسی، خۆی بەهێزتر بکات..

لەڕاستیدا شەڕی داهاتوو، شەڕی گازی سروشتییە، پێویستە کوردیش خۆی بۆ ئەو قۆناغە ساز بکات، بەتایبەت هەوڵی جددی بدرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسە یاساییەکان بەگشتی و یاسای نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراقەوە، کەپێمان وایە ئەمە یەکێک دەبێت لەو کێشانەی لەئایندەدا بەرۆکمان دەگرێت، زۆر گرنگە حکومەتی هەرێم، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغدا گرنگی بەم پرسە بدات، بۆ ئەوەی تووشی هەمان کێشەی کەرتی نەوت نەبینەوە، کەتائێستاش بەهەڵپەستێراوی لەنێوان هەولێرو بەغدادا ماوەتەوە.

گازی سروشتی هەرێم، ئەو فریادرەسەیە، کەدەتوانێت ئاشتی و سەقامگیری سیاسی، نێوان هەولێرو بەغدا جێگیر بکات.

دەتوانرێت، ئەم سامانە ستراتیژە، وەک چەکێکی سیاسی و ئابوری بەرامبەر بەغدا، بەکاربهێنرێت، لەڕێگەیەوە داهات و بودجەی زیاتر مسۆگەرو دابین بکات، بەتایبەت پاش ئەوەی ئەمەریکا، دوایین ئاگادارکردنەوەی پێشکەش بەبەغـــدا کردووە، بۆ وازهێنان لەکڕین و بەکارهێنانی گازی سروشتی ئێرانی، لەم نێوەندەدا، گازی سروشتی کوردستان دەبێتە جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ بەغدا و پێویستییەکانی ناوخۆی وڵات بەگشتی و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەتایبەتی پڕدەکاتەوە.

لەلایەکی ترەوە نزیکەی سێ دەیەیە، حکومەتی هەرێم، بەدەست قەیرانی کارەباوە دەناڵێنێت و بەئێستاشەوە هێشتا هەرێم خاوەنی بڕی پێویستی کارەبای ناوخۆیی نییە، زیاتر پشت بەکەرتی تایبەت دەبەستێت، هەربۆیە گرنگە لەهەنگاوی یەکەمدا تەنها گازی پێویست بۆ وێستەگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکرێت و پێویستی ناوخۆیی پڕ بکاتەوە.

لەهەنگاوی دووەمدا، هەوڵی دابینکردنی گازی سروشتی، بۆ بەکارهێنانی پێویستیەکانی ناوماڵ، بەسیستەمی سەردەمیانە بدرێت، هەوڵبدرێت هەموو ماڵێکی کوردستان، بۆری گازی سروشتی، بگاتە ماڵەکانیان و چیتر نەوتی سپی و کارەبا بەکارنەهێنرێت بۆ خۆگەرمکردنەوەو پێویستیەکانی تر.

پاشان، بەووریاییەوە کڕیاری گازی سروشتی، لەبازاڕەکانی جیهاندا، پەیدا بکات، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا، کەهەمیشە بەدوای جێگرەوەی گازی روسیا، دەگەڕێن.

هەروەها تورکیا، بەهەمان شێوە بیر لەجێگرەوەی گازی ئێران و روسیا دەکاتەوە، بۆیە گرنگە تورکیا، وەک بەکارهێنەرو کڕیار، لەهەمانکاتدا خاکەکەی وەک رێڕەوی گواستنەوەی گازی سروشتی کوردستان بۆ ئەوروپاو جیهان، بەکاربهێنرێت.

بڕیارە تورکیا بۆری گازی سروشتی کوردستان، لەڕێگەی پرۆژەی (تاناپ) ەوە ببەستێتەوە بە بۆری ئازربانجان-جۆرجیا بۆ بولگاریا و ئەوروپا،

ئەگەر پرۆژەکە سەرکەوتوو بێت، ئەوا هەرێم دەتوانێت رۆژانە (30) ملیۆن مەتر سێجا، هەناردەی دەرەوە دەکات.

گازی سروشتی، دەتوانێت ببێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ دابینکردنی ئارامی و ئاسایشی زیاتری هەرێم.

 

*ئابووریناس

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار