حکومەت بودجەی تایبەت بۆ وشكەساڵی تەرخان دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

 حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەت بە کاریگەرییەکانی كە‌مبارانی و وشكە‌ساڵی تەرخانکرا وراشیگەیاند "لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش گفتوگۆ دەکرێت".

ئەمڕۆ دوشەممە بەسەرپەرشتی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران و ئامادەبونی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو و پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و نوێنەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی و پلاندانان، کۆبونەوەیە‌كی تایبەت بەشێوازەکانی ڕوبەڕوبونەوەی  وشکەساڵی لەهەرێمی کوردستان بەڕێوە‌چو.

لەراگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتوە، بەوردی باس لەکاریگەرییەکانی كە‌مبارانی و وشكە‌ساڵی لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کراوە و پلانی حكومە‌ت و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان بۆ روبە‌روبونە‌وە‌ی ئە‌و دیاردە‌یە خرایەڕو‌.

باس لەوەشکراوە، بەمەبەستی کەمکردنەوەى زیانە ئابورییەکانی وشکەساڵی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان، بودجەیەکی تایبەت تەرخانکرا و بڕیاردرا کە ئەولەویەت بدرێت بەزامنکردنی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاوڵاتییان هەروەها گرنگی بدرێت بە پرۆژەکانی کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی.

لەدواى تاوتوێکردنی هەمەلایەنەی شێوازەکانی روبەروبونەوەى ئەم دیاردەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، پێویستی دانانی پلانی گونجاو و تەرخانکردنی بودجەی پێویست دوپاتکرایەوە بۆ دروستکردنی بەنداوی بچوک لەپێناو گلدانەوەى ئاوی باراناو و دواتر سودلێوەرگرتنەوەى لەبوارى کشتوکاڵیدا.

لەراگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاردراوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەم پرسە باس بکرێت بۆ ئەوەی هاوکاربن لەچارەسەرکردنی هەر گرفتێکدا کەروبەروى هەرێم ببێتەوە بەهۆى کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە. 

ئەوەش خراوەتەڕو، جەخت لەوەکرایەوە کەدەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێى کەناڵە دیبلۆماتییەکانییەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەماهەنگی بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی شێوازەکانی بەردانەوەى ئاوی بەنداوەکان بەجۆرێک کە بە‌رژە‌وە‌ندی هەرێمی کوردستان  لە‌بە‌رچاو بگیریت و ئەو بارگرانییە کەمبکاتەوە کەبەهۆى وشکەساڵییەوە روبەروى ناوچەکە دەبێتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار