سه‌رۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی هۆکاری گرانی نرخی بەنزین ئاشکرادەکات
"پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی زیاد بكات بۆ وه‌رگرتنی به‌نزین به‌نرخی 450 دینار"

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سه‌رۆكی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگەیاند ڕسومات له‌سه‌ر هاورده‌كردنی به‌نزین 10 هێنده زیادیكردوه، نرخی دۆلار و هاوكارینه‌كردنی حكومه‌تیش، بۆ به‌نزینخانه‌كان هۆكاری گرانبونی به‌نزینه.
سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، "بازرگانانی هاورده‌كردنی سوته‌مه‌نی پێیان ڕاگه‌یاندون، نرخی سوته‌مه‌نی له‌سه‌ر ئاستی جیهان زیادیكردوه، دابه‌زینی دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر دۆلار و زیادبونی ڕسومات هۆكارێكی دیكه‌ی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخه‌یه‌تی".
وتیشی، " پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی زیاد بكات بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و بڕه به‌نزینه‌ی چۆن بۆ پارێزگاكانی خواروی عێراق دابینده‌كرێت به‌هه‌مانشێوه‌ش هه‌رێمی كوردستان بێبه‌ش نه‌بێت لێی كه هه‌ر لیترێك به‌نرخی 450 دینار دیاریكراوه".
سه‌رۆكی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، " پێشتر پێدانی مۆڵه‌تی هاورده‌كردنی به‌نزین له‌لای پارێزگاری سلێمانیه‌وه ده‌درایه بازرگانان بۆ هاورده‌كردنی سوته‌مه‌نی به‌ڵام ئێستا ئه‌و ده‌سه‌ڵات چوه‌ته‌وه لای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سامانه سروشتیه‌كان كه بۆ هه‌ر تۆنێك 15-25 دۆلار وه‌رده‌گرێت، رسوماتی باجی ده‌رامه‌تیش له 18 هه‌زار دیناره‌وه بۆ 180 هه‌زار دینار زیادكراوه، ئه‌مانه‌ش هه‌موی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین دروستكردوه".
له‌ئێستادا له به‌نزینخانه‌كانی هه‌رێمی كورستان بۆ هه‌ر لیترێك به‌نزینی جۆره‌كانی محه‌سه‌ن و نۆرماڵ، 75-100 دینار زیادی كردوه، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی هاوڵاتیانی لێكه‌وتوه‌ته‌وه.
