عەلی حەمەساڵح: قەبارەی گەندەڵی و قۆخکاری لە زەویدا گەیشتوەتە 15 ملیار دۆلار

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
عەلی حەمەساڵح رایگەیاند "قەبارەکەی گەندەڵی و قۆخکاری لە زەویدا گەیشتوەتە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار، خەڵک هەبوە زەویەکیان پێداوە و داویەتی بە 30 ملیۆن دۆلار
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،" "قەبارەکەی گەندەڵی و قۆخکاری لە زەویدا گەیشتوەتە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار، خەڵک هەبوە زەویەکیان پێداوە و داویەتی بە 30 ملیۆن دۆلار، ئەو زەویەی شاری خەونەکان مەتر مەتر فرۆشراوە و نزیکەی 800 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتوە، بەبێ ئەوەی هیچ پڕۆژەیەکی لەسەر ئەنجامبدەن".
باسی لەوەشكرد لەدوای تێپەڕبونی 10 مانگ بەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بەشی هەرەزۆری ماددە گرنگەکانی ئەو یاسایە کارێکی ئەوتۆی تیادا نەکراوە، کە دەیان هەزار کەس لە لیوا، عەمید و عەقید و وەزیر، بریکاری وەزیری و بەڕێوەبەری گشتی کە بەنایاسایی خانەنشین کراون، تا ئێستا موچەی یەک کەس نەبڕدراوە، کە بەپێی زانیاریەکانی ئەوان 63000 (شەست و سێ هەزار) کەس بە نایاسایی بە پلەی سەربازی خانەنشین کراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، خانەنشینی پلە باڵاو پلە تایبەتەکان بە نایاسایی کراون، ماوەی حەوت مانگە فایلەکان جیاکراونەتەوە و 1169 کەس بە وەزیر و بریکاری وەزیری و تاوەکو خواتر خانەنشین کراون، ناوەکانیش جیاکراوەتەوە بەڵام تا ئێستا موچەکانیان رانەگیراوە تاوەکو راستاندنی بۆ بکەن، ئەوانەشی خانەنشینی مەدەنین تائێستا کاری تیادا نەکراوە و لە نێوان هەولێر و سلێمانی ناکۆکی هەیە بۆیە نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
عەلی حەمەساڵح باسی لەوەشکردوە، لەکۆی فایلی شەهیدان کە نزیکەی 96000 (نەوەد و شەش) هەزار شەهید هەیە 2438 (دو هەزار و چوارسەدو سی و هەشت) شەهید راستاندن بۆ فایلەکانیان کراوە، "سەدان کەس کراون بە کەمئەندامی سەنگەر بەبێ ئەوەی لە سەنگەردا بوبن و مانگانە 2000000 (دو ملیۆن دینار)یان هەیە و تا ئێستا دەستکاری نەکراوە.
ئەوەشی خستەڕو، "من سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانم لە پەرلەمانی کوردستان داوای بینینی وەزیری سامانە سروشتیەکانم کردوە بەڵام تا ئێستام نەمبینیوە، بەڵام وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ناداتەوە و نایەت، بەداخەوە حکومەت ئەوە پەرلەمانی دەوێت کە خۆی کاری پێیەتی".
