وتەبێژی حکومەتی هەرێم:سێ رۆژی جەژن قەدەغەی هاتووچۆیە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "سێ رۆژی جەژن قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەریی دەبێت لە هەرێمی کوردستان".
وتیشی، " پرۆسەی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهەمان میکانیزم و بڕیاری پێشوو بەردەوام دەبێت، بەڵام لە هەوڵ و خەمی ئەوەداین بڕیار لە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا".
وتەبێژی حکومەتی هەرێم زیاتر دەربارەی بەردەوامی پرۆسەی خوێندن قسەی کرد و راشیگەیاند، "کە دەبێت گوێ بۆ راپۆرتی تەندروستی بگرین و دۆخەکەش بەو ئاراستەیە دەڕوات کە لە دوای جەژنەوە ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە".
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان، دەرگای ناوەندەکانی خوێندن داخراون و قوتابخانەکان بە شێوەی ئۆنلاین دەخوێنن، کە شارەزایان پێیان وایە پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین سەرکەوتوو نەبووە.
لەمساڵدا خوێندکاران نزیکەی مانگێک لە ناوەندەکانی خوێندندا دەوامیان کردووە و پسپۆرانی پەروەردە و زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەو دۆخە و دوور کەوتنەوەی خوێندکاران لە خوێندن و پەروەردە بە هەڕەشە بۆ داهاتووی نەوەکان و کۆمەڵگا دەبینن.
