سبەینێ نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح یەکڕیزیی لایەنەکانی ھەرێم تاوتوێ دەکەن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراق هەوڵێکی نوێ بۆ یەکخستنی وتاری لایەنەکانی هەرێمی کردستان لە عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا رایگەیاند، "لە کۆبونەوەیەکدا سبەی پێنجشەممە، دوا پێشھاتەکان، دۆخی عێراق و یەکڕیزیی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەین".
ئێوارەی ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح ، سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن شاندێکی باڵا کە پێکهاتبو لە نێچیرڤان بارزانی، جەعفەر شێخ مستەفا، مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و کەریم شنگالی، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.
بەرهەم ساڵح لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێم کۆدەبێتەوە و نەخشەرێگای بەهێزبونی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەکات، هاوکات باس لە خۆئامادەکاریەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق دەکرێت.
بەرهەم ساڵح لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر هەوڵێکی نوێ بۆ یەکخستنی وتاری لایەنەکانی هەرێمی کردستان لە عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەکات، بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی ئاڵنگاریەکانی ناوچەکە، بەتایبەت دوای هێرشە موشەکییەکانی سەر هەولێر لەماوەی رابردودا.
سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر لەکاتێکدایە دوێنێ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێری پایتەخت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆبوەوە، رۆژێک پێشتریش لە بەغدا، زەریف چوە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار و لەگەڵ سەرۆک بەرهەم و پاشان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆبوەوە.
