باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا: ئامانجمە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدا بەهێزبكەم

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

باڵیۆزی نوێی تورکیا لە بەغدا دەستبەکاربوونی خۆی بە ئەرکە نوێیەکەی راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، ئامانجیەتی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغدا بەهێز بکات. 

عەلی رەزا گونەی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، دەستبەکاربوونی خۆی لە ئەرکە نوێیەکی راگەیاند و ستایشی رۆڵی فاتیح یڵدز، باڵیۆزی پێشووی وڵاتەکەی لە بەغدا کرد و لە تویتەکەیدا نووسیویەتی "ئامانجی سەرەکیم لەم ئەرکە نوێیەدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق دەبێت لە هەموو روویەکەوە". 

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، عەلی رەزا گونەی نامەی متمانەبوون پێشکەشی بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بکات، بۆ ئەوەی بەفەرمی دەست بە ئەرکە نوێیەکەی وەک باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا بکات.  

رۆژی 3ی نیسانی 2021 بەبڕیاری رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، عەلی رەزا گونەی وەک باڵیۆزی نوێی تورکیا لە بەغدا دەستنیشانکرا. رۆژی 25ی نیسان گەیشتە بەغدا و چەند رۆژێکە لە بەغدا دەستبەکاربووە و شوێنی فاتیح یڵدز-ی گرتووەتەوە. 

تورکیا جگە لە باڵیۆزخانەی بەغدا، سێ کۆنسوڵخانەی لە هەولێر و موسڵ و بەسرە هەیە. لەپلانیدایە دوو کۆنسوڵخانەی دیکەش لە کەرکووک و نەجەف بکاتەوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار