لە کەرکووک کەسێک بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوەوە پێش خۆتەقاندنەوە كوژرا

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کەسێک بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوە ویستوویەتی بچێتە نێو بارەگای ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکووک و خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام پێش خۆتەقاندنەوە تەقەی لێكراوە و كوژراوە.
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-04-2021 لە گەڕەکی قۆریەی سەنتەری شاری کەرکووک روویداوە، خۆکوژەکە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی پێوەبووە و ویستوویەتی بچێتە نێو باڵەخانەی ئاسایشی نیشتمانی و خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام پاسەوانەکانی بەر دەرگە تەقەیان لێکردووە.
راگەیاندنی ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە تەقینەوەکە ئاماژەی بەوەداوە "هێزە ئەمنییەکان لە کەرکووک تیرۆریستێکیان کوشت کە پشتێنەی بۆمبی بەستبوو و هەوڵیداوە بچێتە نێو بارەگای ئاسایشی نیشتمانییەوە، بەڵام رێگریی لێکراوە و کوژراوە".
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان دوو کارمەندی ئاسایشی نیشتمانی بە سووکی بریندارکراون.
هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئەو کەسە دیارنییە و نازانرێت کێیە.
