لەهەولێر بۆ یەکەمجار نەشتەرگەرییەکى دەگمەنى دڵ ئەنجام درا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

لە نەخۆشخانەیەکى شارى هەولێر نەشتەرگەرییەکى دەگمەنى شاخوێنبەرى دڵ ئەنجام درا کە بۆ یەکەمجارە ئەو نەشتەرگەرییە لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

هێمن عەبدولڕەحمان پزیشکى پسپۆڕی نەشتەرگەریى دڵ و مورولەکانى خوێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی نیسانی٢٠٢١ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: "ئێمە وەک تیمێکى نەشتەرگەرى کە ژمارەیەک پزیشکى پسپۆرمان لەگەڵدایە، لە شارى هەولێر نەشتەرگەرییەکى دەگمەنمان ئەنجام دا کە نەشتەرگەرى بوو بۆ پیاوێکى تەمەن ٧٥ ساڵ کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان و عێراق و چوارەم جارە لەسەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدرێت".

باسی لەوەش کرد: "ئەو نەشتەرگەرییە بە بەرزترین تەکنیکى پزیشکى ئەنجام دراوە، لەگەڵ ئەوەى کە نەشتەرگەرییەکەی زۆر ترسناک بوو، ماوەى پێنج کاتژمێری خایاند و لە دواى ٢٤ کاتژمێریش دواى نەشتەرگەرییەکە، کەسەکە ڕەوانەى ماڵەوە کرایەوە".

 هێمن عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەش دا: "لەمەودوا لە نەخۆشخانەکانى هەرێمی کوردستان ئەو تەکنیکە بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەى هەم بۆ هاووڵاتییانى کوردستان هەمیش بۆ هاووڵاتییانى عیراق و دەوروبەرى سوودى لێ وەربگرین، چونکە پێشتر بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگییانە دەبوا هاووڵاتییانمان ڕوو لە وڵاتانى جیهان بکەن، بەڵام لەمەدوا لە هەرێمى کوردستان ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدەن".

هەر لەمبارەوە د. شەوکەت ساڵح پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانى دڵ بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "ئەو نەشتەرگەرییەى ئەنجام دراوە، بریتی بووە لە نەشتەرگەریى تەسککردنەوەى بۆڕی شاخوێنبەر و قەستەرەش لە یەک کاتدا".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار