12 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە و دەبەپە بەهۆی پۆستکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خرانە زیندانەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان 12 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە و دەبەپە بەهۆی پۆستکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خرانە زیندانەوە.
پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو 12 کەسە کە لە 26ی نیسانەوە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دەستبەسەرکرابوون، رۆژی پێنجشەممە 29ی نیسانی 2021 لە دادگای سوڵحی سزاکانی ئامەد بەڕێوەچوو.
دەستەی دادکا بەهۆی ئەو پۆستانەی ئەو کەسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویانکردووەتەوە و لەسەر وتەی گەواهیدەری شاراوە، سزای زیندانیکردنی بەسەریاندا سەپاندووە.
ئەو 12 کەسە پێکدێن لە رەمەزان کاراکایا، حەمید ئۆنور، موراد ئۆندەش و سدق تۆسون، بەڕێوەبەر لە رێکخستنەکانی هەدەپەی ئامەد؛ قادر ئاککایا، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە شارۆچکەی پەیاس؛ محەممەد باکر، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان لە ئامەد؛ رەفعەت رۆنی، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کولتووری میزۆپۆتامیا؛ محەممەد زەکی باغجاک، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی یەنیشەهیر؛ نورەدین باکان ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی رەزان؛ سۆنگول داغ کاپانجی ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی پەیاس؛ زولفیکار ئۆداباشێ، هاوسەرۆکی پێشووی رێکخستنەکانی هەدەپەی شارۆچکەی سووری ئامەد و ناشیت بات. ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنەکانی هەدەپە لە ئامەد.
