هۆشیار عه‌بدوڵا: بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆمان کاندید ناکەینەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هۆشیار عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی هیوا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌ باره‌ی ده‌نگۆی دووباره‌ خۆ كاندیدكردنه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، خۆی كاندید ناكاته‌وه‌.

هۆشیار عه‌بدوڵا، له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: "هەواڵێک بڵاوبوه‌تەوە گوایە وەک سەربەخۆ خۆمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق کاندید کردوه‌تەوە، به‌ڵام ئەم هەواڵە راست نیە، ساڵێک زیاتر لەمەبەر رامانگەیاند کە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆمان کاندید ناکەینەوە".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ئێمە بەرپرسیارانە مامەلە لەگەڵ بەڵێن و هەڵوێستەکانمان دەکەین، نەیارەکانمان بەردەوام گومانی ئەوەیان خستوه‌تە سەر هەڵویست و بۆچونەکانمان کە  موزایەدەیە و بۆ هەڵبژاردنە، ئێستا ئیدی دەبێ روون بێت کە دوور لە هەموو ئامانجێکی کەسی و تایبەت داکۆکیکاری مافەکانی خەڵک بووین و لەپەرلەمان بین یان لە دەرەوەی پەرلەمان بەهەمان نەفەس بەردەوام دەبین".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی هاوپه‌یمانی هیوا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: "ئێمە لە نێوان بەرەی دەسەڵات و رێکەوتنی ئاشکرا و ژێربەژێر لەسەر ساختەکاری و دابەشکاری کورسی بەرەی درێژەدانمان بەو ئامانجانە هەڵگرتوە کە لە ساڵی 2009 ەوە بۆیەک لەحزە پشتمان تێنەکردون و بە پشتیوانی خوا و خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو رێگایە کە وەستانەوەیە بە رووی دەسەڵات و رووکردنە شەقام و خەڵکە بەردەوام دەبین".

دواجار ده‌شڵێت: "لە ئایندەدا قسە و هەڵوێستی روون و راشکاومان سەبارەت بە کۆی هەڵبژاردنەکە و هاپەیمانێتیە ئاشکرا و ژێربەژیرەکانی دەبێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 29ی نیسانی 2021، هه‌واڵی دووباره‌ خۆكاندید كردنه‌وه‌ی هۆشیار عه‌بدوڵا له‌سه‌ر لیستی سه‌ربه‌خۆ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بڵاوكرایه‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار