مەسرور بارزانی: هەماهەنگی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە زۆر گرنگە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچە گەڕاندەوە و رایگەیاند، "جەخت لە گرنگی جێبەجێکردنی هەماهەنگی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە".

ئەمڕۆ شەممە 01-05-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، "وەک چەندینجار دووپاتمان کردووەتەوە، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەکی راستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم".

لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دروستبووە بە "مەترسییەكی زۆر گەورە" لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق باسدەکات، لەو پێناوەشدا داوای دروستکردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات و ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەو پێناوەدا دەردەبڕێت.

لە لەكاتژمێر12:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1-5-2021 لە سنووری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە دروستبوو. بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندارن.

دوو بریندارەکە براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر کە گولـلە بەر قاچ و شانیان کەوتووە. فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 

بە داخێکی زۆرەوە شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە سنووری پردێ ، چەند پێشمەرگەیەك شەهید و برینداربوون. پرسە و سەرەخۆشی خۆم بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەكان ڕادەگەیەنم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم . هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم . 

وەک چەندین جار دووپاتمان کردووەتەوە ، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق ، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، کە سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنوورانەدا هەیە . بۆیە جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە. 

هەروەها بەردەوامبوونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە عێراق بۆ ڕووبەڕبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین بۆ شکستپێهێنانی یەکجارەکی داعش و نەمانی هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی. 

مەسرور بارزانی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/5/1

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار